هەوكردنی پەنكریاس
گلاندی پەنكریاس ئەنزیمەكانی هەرس و هۆرمۆنی ئینسولین دەردەدات، خواردنەوەی ئەلكهول و بەردی زراو باوترین هۆكارن بۆ هەوكردنی پەنكریاس Pancreatitis كە لەوانەیە تیژ یان درێژخایەن بێت. هۆكارە دەگمەنەكانی هەوكردنی پەنكریاس: زەبر یان نەشتەرگەری بۆ پەنكریاس، هەوكردنی ڤایرۆسی بەتایبەتی گوێڕەپە، لەگەڵ زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. نیشانەكانی هەوكردنی تیژی پەنكریاس: سكئێشەیەكی توند، تا، كۆبوونەوەی گاز لە ڕیخۆڵەدا، هێڵنج، ڕشانەوە، هەروەها ئارەقەكردن. نیشانەكانی هەوكردنی درێژخایەنی پەنكریاس: سكئێشەیەكی توندی بەردەوام، لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی كێشی لەش (هەفتانە 1-2 كگم). هەوكردنی درێژخایەنی پەنكریاس لەوانەیە كە گرفت لە بەرهەمهێنانی ئینسولین دروست بكات و ببێتە هۆی نەخۆشیی شەكرە، هەروەها ئەگەری شێرپەنجەی پەنكریاسیش زیاد دەكات. چارەسەركردن: دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكان، دەرمانی دژەئازار، پێدانی شلە لە ڕێگەی خوێنهێنەر، دووركەوتنەوە لە ئەلكهول، هەروەها كەمكردنەوەی چەوری لە خۆراك و بەكارهێنانی دەنكی ئەنزیمی یان دەرزیی ئینسولین لە حاڵەتی هەوكردنی درێژخایەنی پەنكریاسدا.