چەند نیشانەیەكی نائاسایی خەمۆكی
خەمۆكی Depression بریتییە لە دابەزینی مەزاج كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر هزر و بیركردنەوە لەگەڵ گۆڕان لە هەست و ڕەفتاردا. زۆربەمان بە نیشانە باوەكانی خەمۆكی ئاشناین، بۆنموونە هەستكردن بە دڵتوندی، ڕەشبینی، نائومێدی، ناڕەحەتیی دەروونی، هەروەها نەمانی حەز و ئارەزوو بۆ زۆربەی چالاكییەكان یان وەرنەگرتنی چێژ لە شتە خۆشەكان، بەڵام جگە لەم نیشانانە خەمۆكی زۆر جار نیشانەی دیكەی دەبێت، كە لەوانەیە پێیان ئاشنا نەبین وەكو: زیاد بازاڕكردن كە لەژێر كۆنتڕۆڵدا نییە، بیرچوون لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ Cortisol، زیاد بەكارهێنانی ئینتەرنێت، زیاد خواردن و زیادبوونی كێشی لەش، ئازاری پشت، زیادەڕۆیی لە هەست و هەڵوێستەكاندا، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، پەیوەستبوون بە قوماركردن، جگەرەكێشان و نەبوونی توانا بۆ وازهێنان، فەرامۆشكردن یان گرنگی نەدان بە پێویستییە كەسییەكان، بەتایبەتی تەندروستی و خۆپاراستن.