پەستانی بەرزی خوێن چی بەسەر دڵدا دێنێت؟
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بارگرانیی زۆر دەخاتە سەر دڵ بۆ پاڵنانی خوێن بە هەموو بەشەكانی لەشدا، كە ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت ئەوا بە تێپەڕبوونی كات خوێنبەرەكان تێك دەدات، ئەمەش ئەگەری نەخۆشیی دڵ بەرزدەكاتەوە. ئەو جۆرانەی نەخۆشیی دڵ كە لە ئاكامی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی كۆنتڕۆڵ نەكراو ڕوو دەدەن، بریتین لە: لەرەی گوێچكەڵەكانی دڵ AF كە بریتییە لە خێرابوون و ناڕێكبوونی ڕیتمی لێدانەكانی دڵ، پەككەوتنی دڵ، نەخۆشیی زمانەكانی دڵ، هەروەها گرفتە تیژەكانی شاخوێنبەر كە ژیان دەخەنە مەترسییەوە. لە سەرەتای ڕوودانی هەر جۆرێكی نەخۆشیی دڵ لە ئەنجامی پەستانی بەرزی خوێندا، لەوانەیە كە هیچ نیشانەیەك لە لەشدا دەرنەكەون، بەڵام كەپەستانی بەرزی خوێن بێ كۆنتڕۆڵكردن بەردەوام دەبێت، ئەوكاتە نیشانەكان دەردەكەون بە شێوەی: هەستكردن بە ماندووبوون، ئازاری سینگ، هەستكردن بە فشار لە سینگدا، بەدهەرسی، سەرسووڕان، هەناسەتەنگی، دڵەكوتێ Palpitations، ئازار لە قاچەكاندا، ناڕەحەتی یان پەستی، ئارەقەكردن، هێڵنج، كۆكە، هەروەها ئاوسانی دەست یان پێیەكان.