دایكی شەهیدان دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن
بڕیارە ڕۆژی 20ـی 10 لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە بە پشتیوانیی جەماوەر و دەنگدەرانی لە خزمەتكردن و باشتركردنی ژیانی خەڵك و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوە ژیان بەردەوام دەبێت، هەر بۆیە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدان دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن. لەم ڕاپۆرتەشدا دایكانی سەربەرزی شەهیدان بەمجۆرە پەیامی خۆیان دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
گەردە محەمەدئەمین خەسرۆ، دایكی شەهید و ئەنفال كراو:
بە شانازییەوە دەنگمان بۆ
لیستی ١٩٠ی پارتی دیموكراتی كوردستانە
بە درێژایی مێژوو میللەتی كورد قوربانی زۆری بەخشیوە، بۆیە لە ئێستادا ئەركمانە بەشدار بین لە بونیاتنانی ئاییندەی ئەم میللەتە، ئێمە هەر لە سەرەتای دروستبوونی شۆڕشەوە بەشداربووینە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان براكانم هاوسەرەكەم، كوڕەكانم و ئامۆزاكانم گشتیان پێشمەرگە بوون، هەر لەو ڕێگایەدا چوار برام شەهید بوون، كوڕم شەهید بوو، كچەكانم ئەنفال بوون تائێستا ڕووفاتەكانیان لە بیابانەكانی سەماوە و نوگرەسەلمانە، تەنیا كوڕێكم ماوە ئێستا پێشمەرگەیە و كچێكم (پەرژین جەعفەر حاجی رۆستەم) كاندیدە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆیە بە متمانەیەكی زۆرەوە بە حزبەكەمان حزبی شەهیدان بە شانازییەوە دەنگمان بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە ئەم حزبە خزمەتی كەسوكاری شەهیدان دەكات و بەوەفایە بۆ خوێنی شەهیدان.
مەمیخان شێخۆ دایكی شەهید:
تەنیا پارتی پارێزەری ناسنامەی كوردە
بۆیە دەنگی پێ دەدەین
من بە شانازییەوە دەنگ بە لیستی پارتی دەدەم، لەو پێناوەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكم، وەكو دایكە شەهید و هاوسەری شەهید و خوشكی شەهید هیچ كاتێك لەم ڕێبازە لانادەین كە خوێنمان بۆی ڕشتووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان پارێزەری ناسنامەی كوردایەتی و ڕەسەنایەتییە، خەمخۆری ڕاستەقینەی گەلە، ئێمە لە پێناو سەرخستنی شۆڕش چەندان ساڵ ئاوارە و دەربەدەر بووین، لە سەردەمی شاخدا شانبەشانی برا پێشمەرگەكانمان لە شاخ بووین و وەكو ئافرەتێك بە شانازییەوە ناندەری پێشمەرگە بووین.
وەكو دایكە شەهیدێك ئاواتم ئەوەیە پێش ئەوەی بمرم بە خزمەت سەرۆك بگەم و لە نزیكەوە بیبینم و پێی ڕابگەینم كە خۆم و خێزان و ماڵ و منداڵم تا دوا هەناسە ئامادەی بەرگریكرنی خاك و نیشتمان و ڕێبازی پارتی دیموكراتی كوردستانین.
كەو عەبدوڵڵا، دایكی شەهید:
لە هەموو بارودۆخێكدا هەمیشە
دەنگەكانمان بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە
بە دڵنیاییەوە لە هەموو بارودۆخێكدا هەمیشە دەنگەكانمان بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە، من وەكو بارزانییەك كە پەروەردەی ڕێبازی بارزانیم، جارێكی دیكە پەیمانم دووپاتدەكەمەوە كە بە خوێن و سەر و ماڵ پارێزگاری لە خاكی كوردستان بكەم، جگە لە پارتی هیچ حزب و لایەن و دەسەڵاتێك بە شایستەی دەنگدان نابینم تاوەكو خزمەت بە گەل و خاكمان بكات و داواكاری میللەت جێبەجێ بكات، چونكە سەرۆك بارزانی تاكە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلە و لە سایەی پارتی كوردستان لە دەستێكی ئەمین و پارێزراودایە.
پارتی ئەو حزبەی كە هەرگیز خوێنی شەهیدانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری فەرامۆش ناكات و حیساب بۆ قوربانیدانی گەلەكەی دەكات، لەبەر ئەوە لە ڕۆژی دەنگدان ئامادە دەبین و دەنگمان بۆ پارتی دەبێت.
موعتەبەر لەتیف، دایكی شەهید:
دەنگدان بە پارتی ئەركێكی نیشتمانییە
بویە دەنگ بە پارتی و بارزانی دەدەم چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێبەرایەتی سەرۆك بارزانی هەموو كات لەگەڵ ئێشوئازارەكانی گەلەكەی دا بووە و، بەرگری لە كەرامەت و شەرەف و ناسنامەی نەتەوایەتی گەلی كوردستانی كردووە.
دەتوانم بڵێم گەر پارتی و بارزانی وەك قەڵغانی كوردایەتی لە هەمبەر پیلان و پەلامارەكانی دوژمنە سەرسەختەكانی كوردستان نەوەستابانەوە بە درێژایی قوناغەكان ئەمڕوش ئێمە وەك گەلی كوردستان خاوەنی ئەم ئەزموونە فیدڕاڵیەی هەرێمی كوردستان نەدەبووین.
هیچ كات پارتی سازشی نەكردووە لەسەر مافەڕەواكانی گەلی كورد و خاكی پیرۆزی كوردستان، بویە دەنگدان بە پارتێكی وەها ڕەسەن و ڕێبەرێكی وەك سەرۆك بارزانی خەمخۆر و دڵسوز، ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانییە.
مریەم عەوڵا، دایكی شەهید:
پارتی تاكە خەمخۆری میللەتە بۆیە دەنگ بە لیستەكەی دەدەین
لەبەر ئەوە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم چونكە خوێنم بۆی داوە و لە پێناو ڕزگاری كوردستان كوڕەكەم شەهید بوو، لەلایەكی دیكەوە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا هیچ حزب و لایەنێك نابینم لە پارتی و ڕێبازی بارزانی شایانتر بێت بۆ دەنگ پێدان، پارتی تاكە خەمخۆری میلەتە و پارێزەری دەستكەوتەكانە، ئەو دەستكەوتانەی بە خوێنی كوڕی من و هەزاران شەهیدی دیكە بە دەست هاتوون.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە شەڕی سەربەخۆیی و دەستوور و ماددەی 140 ی كردووە، هەمیشە شەڕی موو چە و شەڕی گەڕاتەوەی ماف و شایستە و كەرامەتی هاووڵاتی بە ئەركی خۆی زانیوە و دەزانێت.