په‌یام و بانگه‌شه‌

په‌یام و بانگه‌شه‌

ئه‌وڕۆ دواین ڕۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ حیزب، هاوپه‌یمانی و به‌ربژێرانی سه‌ربه‌خۆ هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی به‌رنامه‌ی داهاتوو تێگه‌یشتنی خۆی بۆ دۆخی هاووڵاتیانی كوردستان بانگه‌شه‌یانكرد، به‌شێكیان توانیان به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌پلانیان دایه‌ بۆ خه‌ڵكی ڕوونبكه‌نه‌وه‌، به‌شێكی تریان بێبه‌رنامه‌بوون بۆ داهاتووی كوردستان بایه‌خیان به‌خزمه‌تی گشتی نه‌داوه‌ بۆیه‌ نه‌یانتوانی به‌درووستی بۆ خه‌ڵكی ئاشكرابكه‌ن چیان ده‌وێت.
ده‌توانین ماوه‌ی بانگه‌شه‌ به‌و جۆره‌ پۆڵێن بكه‌ین، یه‌كه‌م: ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌یه‌وێت خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ بكات، پێویستی به‌كه‌شێكی هێمنه‌ تاوه‌كو بتوانێت پلانی داهاتووی بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ره‌وپێشوه‌چوونی بۆ خه‌ڵك ڕوونبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ پلانی دایه‌ به‌دوای ئارامی ده‌گه‌ڕێت بۆئه‌وه‌ی به‌ئاسانی هاووڵاتیان تێبگه‌یێنێت به‌چ ڕێگه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت قۆناخی ژیانی گشتی بگۆڕیت.
ئه‌وانه‌ هاوارناكه‌ن، ژاوه‌ژاو درووست ناكه‌ن، بێده‌نگ كارده‌كه‌ن بۆسه‌رخستنی به‌رنامه‌كانیان دونیابینی خۆیان ئاشكراده‌كه‌ن هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن ورد و درشتی كاره‌كانیان ڕوونبكه‌نه‌وه‌، دان به‌كه‌موكوڕیه‌كانیان ده‌نێن هه‌وڵی باشكردنی ده‌ده‌ن، و باشیه‌كان باس ده‌كه‌ن. به‌دوای هاتوهاوارنین ناشیانه‌وێت خه‌ڵك ماندی بكه‌ن به‌ تێكدانی كه‌شی كۆمه‌ڵگه‌، نایانه‌وێـت هاووڵاتیان له‌ دڵه‌ڕاوكێ بژین دروشمی نابه‌جێ به‌كار ناهێنن بۆ شكاندنی ئه‌وانی تر به‌ڵكو بانگی پێكه‌وه‌یی به‌گوێی هه‌موان ده‌ده‌ن.
به‌شی دووه‌م: بێبه‌رنامه‌ن، ناتوانن خزمه‌تی گشتی بكه‌نه‌ كاری له‌پێشینه‌، له‌خه‌می كۆمه‌ڵگه‌ تێناگه‌ن، هیچ په‌یامێكیان نییه‌ بۆ ده‌نگده‌ر كه‌شی ئارام سودیان پێ ناگه‌یێنێت بۆیه‌ هه‌رده‌م به‌دوای درووستكردنی كه‌شیێكی پڕ له‌ژاوه‌ژاون بۆئه‌وه‌ی به‌هاتوهاوار كه‌لله‌ی خه‌ڵك گه‌رم بكه‌ن، پێیان وایه‌ ده‌نگده‌ر حه‌زی له‌ ژاوه‌ژاوه‌، نه‌خێر خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ناوێت ته‌نیا حیزب و لایه‌نی بێبه‌رنامه‌ به‌دوای هاواركردنه‌ بۆئه‌وه‌ی وا له‌خه‌ڵك بگه‌یێنن به‌هێزن. له‌لایه‌كی تر ویستیان ئه‌وه‌یه‌ ڕێگری بكه‌ن ‌په‌یامی ڕاست به‌جوانی نه‌گاته‌ گوێی هاووڵاتیان. به‌پێچه‌وانه‌ ئه‌وانه‌ی هاوارده‌كه‌ن و ده‌قیژێنن له‌ به‌هێزی نییه‌ به‌ڵكو ناڕحه‌تیه‌كی په‌نگخواردوویان هه‌ڵگرتووه‌ ده‌رونیان نائارامه‌ به‌ده‌نگی به‌رز یان قیژاندن ناڕحه‌تی ناخیان ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ پاشان ئارام ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ بترازێ هیچی تر نییه‌. ده‌توانین بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌ڕله‌مانی كوردستان دروشم و بانگه‌شه‌ی یه‌كێتیی به‌ خرابترین جۆری بانگه‌شه‌ له‌ كۆی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنی خوله‌كانی په‌ڕله‌مان پێناسه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی فشاری ده‌رونیان و ترسیان له‌ پڕۆسه‌ی دیموكراسی و بڕیاری خه‌ڵك، چونكه‌ ده‌زانن كاتێك خه‌ڵك ده‌ڕوات بۆ وێستگه‌كانی ده‌نگدان چاكه‌ و خراپه‌ دێته‌ به‌رچاوی ئه‌وكاته‌ تووشی سزای ده‌نگده‌ران ده‌بنه‌وه‌.

 

Top