خەلیل عەبدولغەفار ئابووریناس: لەم سەرژمێرییەدا ڕێژە و پشكی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراقدا دەردەكەوێت

خەلیل عەبدولغەفار ئابووریناس:  لەم سەرژمێرییەدا ڕێژە و پشكی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراقدا دەردەكەوێت

 

 

سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان داتا و ئاماری ورد دەخاتە بەردەستمان بۆ پرۆسەی ئابووری و كۆمەڵایەتی. سەرژمێری كە ئەنجام دەدرێت، بۆ دانانی پلانی دواڕۆژ گرنگە، بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخی ئێستا چۆنە و پلانمان بۆ دواڕۆژ چۆن دەبێت. وەرگرتنی ئەو زانیارییانە بۆ ڕاست و دروستیی پلانەكانمان پێویستە. من لێرەدا وەكو ئابووریناسێك زیاتر قسە لەسەر گرنگی و ڕۆڵی سەرژمێرییەكە دەكەم، لە ڕوانگەی ئابووری و دەستكەوتنی زانیارییەكانی تایبەت بە تاكەكەسی و تەمەن و ڕێژەی بێكاری و هەژاری و كەرتەكانی دیكەی پەروەردە و تەندروستی، لەمەش گرنگتر ئەو زانیارییە وردانەیە كە بە هۆی داتا و زانیاریی ناو سەرژمێرییەكە دەتوانرێت، شیكاریی وردی بۆ بكرێت و بە دەستمان بكەوێت و لە ڕوانگەی سیاسی و ئابووریشەوە ڕۆڵی ورد و گرنگی لەسەر بڕیارەكان هەبێت. لەوانە بۆ نموونە، تا چەند پێویستمان بە بەرهەمی نێوخۆیی هەیە، تاوەكو پێداویستیی نێوخۆ پڕبكەینەوە، لەمەش گرنگتر ڕێژە و پشكی دروستی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق دەردەكەوێت و پەسەند دەكرێت و كۆتایی بە كێشەیەكی هەڵپەسێردراو دێت، كە چەندین ساڵە پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتی عێراقدا كەم دێتە دانان.

گرفتەكە لەوەدایە كاتێك بڕیارێكی ئابووری دەردەكرێت، زیاتر خەسڵەتی سیاسەتی پێوەیە و كاریگەریی توندی لەسەر بڕیارە ئابوورییەكە هەیە. كاتێك بڕیاری ئابووری دەردەكرێت، تا چەند دێتە جێبەجێكردن، زیاتر بۆ بڕیاری سیاسییانە دەگەڕێتەوە. هەرچۆنێك بێت لەم سەرژمێرییەدا پێویستە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی دروستی ژمارەی دانیشتووانی دەست بكەوێت، تاوەكو بەرگریی لە خۆی بكات و، ئاماژە بەو داتا و ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووان بكات، بەوەی ئێمە ئەم ژمارە ڕاستەقینەمان هەیە و پێویستە ڕێژەی ژمارەی دانیشتووان ببێتە بنەمایەك بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان. خۆ ئەگەر لایەنی سیاسی لە عێراق ئینكاری ئەم بابەتە بكەن، ئەوا تۆ لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە توانیوتە بە سەرژمێرییەكەی خۆیان ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووان و زانیارییەكانی دیكەت لە بەردەستدا بێت، بۆ جەسپاندنی لەناو پڕۆژە یاسای بوودجەدا، كە چیتر بەهانە و دەستتێوەردانی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەتی لەم پرۆسەیە تێكەڵ نەكرێت.

 

Top