سوبحی مەندەلاوی  نووسەر و رۆشنبیر:   لە كۆتایی ساڵی 2022 سەرۆك مسعود بارزانی پێداگریی كرد، لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا ببێتە یەكێك لە خاڵەكانی پڕۆگرامی وەزاریی حكومەتی داهاتووی عێراق

سوبحی مەندەلاوی   نووسەر و رۆشنبیر:     لە كۆتایی ساڵی 2022 سەرۆك مسعود بارزانی پێداگریی كرد، لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا ببێتە یەكێك لە خاڵەكانی پڕۆگرامی وەزاریی حكومەتی داهاتووی عێراق

 

 

سوبحی مەندەلاوی، یەكێكە لە ناوە دیارەكانی نێو میدیای كوردی و عەرەبی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەڵوێستی ڕاشكاوانەی لەسەر پرسە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان هەیە و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا (پرسی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ڕەهەندە یاساییەكان و ئاكامەكانی)، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی هەر لە ساڵی 2003 و یەكێك بووە لە داواكارییەكانی لایەنی كورد و جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە دەبێت ئەم پرۆسەیە دوا نەخرێت و ئەنجام بدرێت، بەم جۆرەش بیر و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

كۆبوونەوەی پۆلێك دەستەبژێر بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسێكی گرنگی وەك «پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا، كارێكی زۆر گرنگە دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە ناوەرۆكی ئەم گفتوگۆیە بكرێتە ڕاپۆرت و بنێردرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەر بگیرێت.

بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، من هەوڵ دەدەم قسە لەسەر لایەنە سیاسییەكەی بكەم و، لە سەرەتاوە دەڵێم، هەر لە دوای ساڵی 2003 داواكاریی سەرەكیی لایەنە كوردستانییەكان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، ئەوە بووە كە دەبێت پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت، لەبەر ئەوەی بەهۆی نەبوونی ئامارێكی دروستی دانیشتووانەوە لە عێراقدا زوڵمێكی یەكجار زۆر لە نەتەوەی كورد بەگشتی و لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كراوە، بۆیە پێداگریمان كردووە، سەرژمێریی گشتی بكرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لەو زوڵمانەی لە كورد دەكرێن نەمێنن و چارەسەر بكرێن، بەڵام بەداخەوە لایەنەكانی دیكە بەتایبەت هێز و لایەنەكانی شیعە كە ئێستا لە دەسەڵاتدان بەئەنقەست ڕێگرییان كرد لەوەی بە هۆكاری سیاسی و هۆكاری دیكە سەرژمێریی گشتی بكرێت و دوایان خست و لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا، كە بێگومان هۆكارە سیاسییەكە لە سەرووی هەموویانەوەیە، لەبەر دوو هۆكار، ئەویش پرسی «نەتەوە و مەزهەب»ـە، سەبارەت بە لابردنی بڕگەی نەتەوە، ئەوا بێگومان مەبەست لێی نەتەوەی كوردە، بەتایبەتی كوردی ناوچە كوردستانییە دابڕینراوەكان هەر لە «شنگالەوە تا دەگاتە خانەقین و مەندەلی و زورباتییە و بەدرە و جەسان»، ترسیان لەوە هەیە بە ڕێگەی سەرژمێری ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی كوردی ئەو ناوچەیە دەربكەوێت، بۆیە نایەنەوێت دەستوور و یاسا جێبەجێ بكەن.

بەڵام لایەنی كوردی هەتا ئێستا پێداگریی كردووە كە دەبێت سەرژمێریی گشتی ئەنجام بدرێت، لە دوایین دانوستاندنەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی لە كۆتایی ساڵی 2022 سەرۆك مسعود بارزانی پێداگریی كرد، لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا ببێتە یەكێك لە خاڵەكانی پڕۆگرامی وەزاریی حكومەتی داهاتووی عێراق.

بێگومان دەستخۆشی لەو هەنگاوانە دەكەین كە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی بۆ ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییە هەڵیگرتووە و ئامادەسازیی بۆ كردووە، ئامانجی ئەم ڕاپرسییەیان لەسەر بنەمای پەرەپێدانی ئەكادیمی دیاری كردووە، بەڵام ئەوەش ناشارینەوە كە لە پشت پەردەی ئەم پرۆسەیەش پاڵنەری سیاسی هەیە، ئەویش شاردنەوەی بابەتی نەتەوەیی و بابەتی مەزهەبیە، سەبارەت بە پرسی مەزهەب لایەنە سیاسییەكانی شیعە ترسیان هەیە كە ئەو ڕێژەیەی كە ئێستا لە پرۆسەی سیاسیدا وەك زۆرینەی شیعە كاری لەسەر دەكرێت، لەم سەرژمێرییە گشتییەدا گۆڕانكاریی بەسەردا بێت. دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، ئەمریكا ڕێژەی 65%ی دانیشتووانی عێراقی بۆ شیعە دیاری كرد، كورد لە سنووری 18% و عەرەبی سوننەش بە ڕێژەی 12-15%، ئەوەی دەمایەوە دانرا بۆ پێكهاتەكانی دیكە وەك «توركمان و كریستیان و پێكهاتەكانی دیكە»، كەواتە بە لابردنی بڕگەی «مەزهەب» لە فۆرمی سەرژمێریی گشتیدا، ڕێگە تەخت دەكات بۆ ئەوەی زۆرینەی شیعە بە ڕێژەی 65% بكاتە ئەمری واقیع و، ئەم پرسە بۆ باڵادەستییان لە پرۆسەی سیاسییدا بەكار دەهێنن و تەنانەت بۆ ئەو گەندەڵییانەشی هەندێك لایەن دەیكەن و بە هۆی چەسپاندنی ئەم ڕێژەیەوە تێی دەپەڕێنن.

بێگومان دوای چەندین ساڵ لە كاركردن بەو ڕێژەیەی ئەمریكییەكان بۆ پێكهاتەكانی عێراق دیارییان كردووە، زوڵمێكی هێجگار زۆر لە پێكهاتەكانی دیكە كراوە، بەتایبەتی كورد و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، كە لە سەرەتادا پشكی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 17% لە كۆی دانیشتووانی عێراق دیاری كرابوو، بەڵام ئەم پشكە كەم كرایەوە بۆ 12.7% كە نانزارێت بە پشتبەستن بە چ پێوەر و دیكۆمێنتێك ئەم ڕێژەیە كەمكراوەتەوە، لەمەش خراپتر لە بودجەی عێراقدا، بوددجەی سەروەریی و حاكیمەی لێ جیا دەكرێتەوە، ئەوجا پشكی 12.67% بۆ هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت و بەمەش ڕێژەكە كەم دەبێتەوە بۆ 7-8% ی كۆی بودجەی عێراق، سەڕەرای هەموو ئەمانەش وەك دەبین بەردەوام بیانوو بەو ڕێژەیەش دەگیرێت و ئاستەنگی بۆ دروست دەكرێت و نانێدرێت.

خاڵێكی گرنگ كە پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بكەین، پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتییە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، زۆر بەداخەوە هەتا ئێستاش پرۆسەی بەعەرەبكردنی ئەو ناوچانە بەردەوامە بەتایبەتیش لە كەركووك و خانەقین و مەندەلی، من خۆم خەڵكی شاری مەندەلیم، پێش دەستپێكردنی سیاسەتی بەعەرەبكردنی ئەو ناوچانە ڕێژەی كورد لە مەندەلی 70% زیاتر بووە، بەڵام ئێستا كورد لەو شارەدا ڕێژەی 5-10% پێك دەهێنێت، ئەمە بێجگە لەوەی خەڵكێكی زۆری ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و ئێستا لە هەرێمی كوردستان و شوێنەكانی دیكە دەژین، بۆیە كورد تێبینیی زۆر جدیی لەسەر ئەم سەرژمێرییە هەیە و بە ئاشكرا ڕای دەگەیەنێت و نەیشاردووەتەوە.

بەڵام وێڕای ئەو تێبینییانەی ئاماژەم پێ كرد، ئەم سەرژمێرییە گشتییە هەندێك لایەنی ئەرێنیی تێدایە، بەتایبەتی كە باس لەوە دەكرێت پرۆسەكە ئامانجی پەرەپێدانە، بەمەش لانیكەم دوای ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییە دەردەكەوێت دانیشتووانی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان چەندە، بەمەش پشكێكی دادپەروەرانە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت، هەروەها ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی عێراقیش دەردەكەوێت و، لەوانەیە كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بێگومان هەرێمی كوردستان بەشداری لەم ڕاپرسییە دەكات و دەبێت ئەو تێبینییانەی لەسەر ئەم پرۆسەیە هەیەتی لەبەرچاو بگیرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

 

Top