د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : گفتوگۆی پرسە نیشتمانییەكان لەناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا
لە ڕۆژی 14ی ئەیلوولی ڕابردوو، بازنەی گفتوگۆ بیست و یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا بۆ ئەوەی بە ئامادەبوونی پۆلێك لە پسپۆڕ و تایبەتمەند و دەستەبژێری عێراقی و كوردستانی گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە لەسەر "پرسی سەرژمێری گشتی لە عێراق و ڕەهەندە سیاسیی و ئاكامەكانی" بەڕێوەببات، ئەو كات كە كۆبوونەوەكە بەرواری 25ی ئەیلوولی دەستنیشانكرد، بڕیار بوو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئەیلوول دەست پێبكات، بەڵام بیست و یەكەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ هاوكات لەگەڵ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.
لەم گفتوگۆیەدا چەند پسپۆڕێك و تایبەتمەند لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە لە بەغداوە بۆ ئەم گفتوگۆیە هاتبوون بۆ هەولێر، لە دەستپێكی گفتوگۆكە عەبدولزەهرە ئەلهینداوی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی بە سەرسامیەوە پێی گوتین "ئەم ژینگەیەی ئێستا كە لە بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیبینم هەمان ساتەوەختی ئاهەنگی ڕاگەیاندنی دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام هەر لە بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی ئەم پارتەوە، ئێمە لێرە كۆبووینەوە گفتوگۆی جددی لەسەر پرسیێكی چارەنووسسازی تایبەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین، سەرسامم، بەوەی ئەمە یەكەمجارە لە عێراقدا ئەوە دەبینم كە ڕووداو و ژاوەژاوی سیاسی پرسە نیشتمانییەكان دانەپۆشێت".
لەسەر ئاستی بەشداربووانی دیكە كە هەموویان كەسایەتی پسپۆڕی دیاری ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بوون، بەشی هەرە زۆریان دەبوو لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بەشداربن، بەڵام هاتبوون بۆ ئەم گفتوگۆیە و ئەم پرسەیان بەلاوە گرنگتر بوو، بۆیە ئەمەش میوانە عەرەبەكانی سەرسام كردبوو و ، ڕاشكاوانە پێیان گوتین "لەسەر ئاستی دەوڵەت و نیشتمانسازی لۆژیكی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان لەسەرووی لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوەیە".
هۆكاری سەرەكی بۆ دەستنیشانکردنی " پرسی سەرژمێری گشتی لە عێراق و ڕەهەندە سیاسیی و ئاكامەكانی" بۆ ئەوەی ببێتە تەوەرێكی سەرەکی گفتوگۆی ئەمجارە ، لەبەرچاوگرتن و بەهەند وەرگرتنی ئەم خاڵانە بوون:
1- كێشەی سەرەكی تەواوی شۆڕشەكانی كوردستان هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا دەگاتە ئێستا، كێشەی داگیركردنی خاكە و، یەكێك لەو میكانیزمانەی هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە پێشنیازكراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو خاكە داگیركراوانە، ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بووە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
2- لە ڕێككەوتننامەی ئاداری 1970 وەك بەندێكی ناو ئەو ڕێکكەوتنە، پێداگیری كرابوو لەسەر ئەوەی یان بە ئاكامی سەرژمێری گشتی ساڵی 1957 كێشەی ئەو ناوچانە لە "شنگال تا دەگاتە مەندەلی" چارەسەر بكرێت، یان سەرژمێرییەكی تازەی دادپەروەرانە بكرێت و بكرێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە و سەلماندنی ناسنامەی كوردستانیبوونیان.
3- لە دەستوری ساڵی 2005 كە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكان كرایە ماددەیەكی دەستوری كە ئەویش ماددەی 140 بوو، لەم ماددە دەستوورییەدا ، بە سێ قۆناخ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی دابەشكرد ئەو سێ قۆناخەش بریتی بوون لە " ئاساییكردنەوەی باردۆخی ئەو ناوچانە، ئەنجامدانی سەرژمێری بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە، ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەكلایكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە "، بەڵام بەداخەوە ئەم ماددە دەستورییە بە ئەنقەست جێبەجێكردنی پشتگوێ خرا، بەڵام بە پێداگیری سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دانوستاندنەكانی ڕێككەوتنی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكوومەتەکەی محەمەد شیاع سۆدانی كرایە خاڵێك لە پرۆگرامی حكومەت و ، سەر لە نوێ لێژنەی بۆ دانرایەوە و كارەكانی ماددەی 140 كاراكرانەوە ، بۆیە ئەم پرسە" سەرژمێری گشتی دانیشتوان" پێش هەموولایەك خەمی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
لەگەڵ ئەوەی نوێنەری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەم گفتوگۆیە زۆر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئامانج لە سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ئەمساڵ " 2024"، تەنیا ئامانجی پەرەپێدانە، بەڵام تەوەری سەرەكی گفتوگۆكە و ئەوانەشی كە قسەیان بۆ ڕاپۆرتە مەیدانیەكەی بازنەی گفتوگۆ كردبوو، ئەو مەترسییانە بوون كە ئەگەری هەیە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان هەر " لە شنگال تادەگاتە خانەقین و مەندەلی" بە هۆكاری سیاسیی سەرهەڵبدەن، یان بەجۆرێكی دیكە ئاكامی ئەم سەرژمێرییە بكرێتە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و بەكارهێنانی دژی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە.
لەم گفتوگۆیەدا جۆرێك لە گەشبینی بە هاریكاری و هەماهەنگی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوونی هەبوو، بەوەی دەتوانرێت بە سەركەتوویی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراقیش و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك کێشەی تەكنیكیش وەك بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی بەشی ژمێریاری لە دەستەی ئاماری هەرێم پێیان ڕاگەیاندین هەتا ئێستا چارەسەر نەكراون و، هەتا ئێستا سەنتەری داتای هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی سەنتەری داتای فیدراڵی دانەمەزراوە، هەروەها پڕۆسەی " گەمارۆدان و ژمارەكردن" كە قۆناغی پێش كۆتایی پڕۆسەی سەرژمێرییەكەیە و ماوەی مانگێك زیاترە لە پارێزگاکانی عێراق دەستی پێكردوە، بەڵام هێشتا لە هەرێم دەستی پێنەكراوە، بۆیە ئەگەر پەلە لە چارەسەركردنی ئەم كێشانە نەكرێت لەوانەیە نەتوانرێت لەبەرواری دیاریكراودا پڕۆسەکە بەسەركەتوویی ئەنجام بدرێت.
ماوەتەوە بڵێم بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسی سەرژمێری دانیشتوان بەگشتی و سەرژمێری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان وەك میكانیزمی سەرەكی كێشەی خاك و سەروەریی كوردستان سەیر دەكات و بە بەشێك لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دادەنێت، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو ستراتیژە دایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەساڵی "1946"ەوە كێشەی خاكی كردۆتە كێشەی سەرەكی و لەم پێناوەدا خەباتی كردووە و قوربانی بۆ داوە، ئەم ڕێبازە بەهەمان نەفەس و ئیرادەوە درێژەی دەبێت و ئەم بازنەی گفتوگۆیەش كە دەبێتە بابەتێكی گرنگ لەناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و، تەواوكاری ئەو دروشمەیە كە بەرزمان كردۆتەوە" ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری.