سندوس حوسێن هەڵەبجەیی: كار دەكەم بۆ پشتگیریكردنی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان، لە ڕێگەی پێشكەشكردنی پێشنیار و پڕۆژەیاسا بۆ گەشەپێدانی تواناكانیان و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر
ڕۆژی 20ـی مانگی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارەش وەك هەمیشە ژمارەیەك بەربژێری بە توانا و بە ئەزموونی دەستنیشانكردووە، هاوكات لە ناو بەربژێرەكاندا ژمارەیەك لە خانمانی بە هەڵوێست و بەتوانا لە كێبڕكێدان.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سندوس حوسێن هەڵەبجەیی كاندیدی ژمارە 2 لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان / بازنەی هەڵەبجە، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە بەرنامەی كارەكانی دەخاتەڕوو.
مێژوو پێمان دەڵێت، كە هەمیشە چاوی ناحەز و دوژمنان لەسەر خاك و خەڵكی كوردستانە و ویستوویانە و دەیانەوێت، گەلی كورد سەركوت و ژێردەستە بكەن، بۆ ئەوەش هەموو ڕێگایەكی ناعەقڵانی و نا شەرعی و نا مرۆڤایەتییان بەكار هێناوە، هەر لە ڕاگواستن و گرتن و كوشتن بگرە، تا دەگاتە ئەنفال و كیمیاباران!
لەم سۆنگەیەوە هەمیشە باوەڕ و یەقینم وابووە، كە ئێمەی گەلی كورد تەنیا بە پێكەوەیی و ئیرادەیەكی بەهێزەوە، دەتوانین ڕووبەڕووی پیلانی دوژمنەكانمان ببینەوە و نەك هەر قەوارە و خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان بپارێزین، بەڵكوو زیاتریش گەشەی پێ بدەین و بیكەینە قیبلەی ئومێد و پەناگەیەكی ئارام بۆ خەڵكی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش.
بۆیە بەندە هەمیشە هەوڵ و ئامانج و كارەكانم بەو ئاراستەیەدا بردووە، كە دەبێت ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و بیڕوڕا جیاوازەكانەوە، پێكەوە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و تەحەدییەكان ببینەوە. دەبێت حزبەكان و نوێنەرانیان لە حكومەت و پەرلەمان بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵك و نیشتمان بكەن، ئەمە بە ئەرك و فەرزێكی ئایینی و نیشتمانی و ئەخلاقی سەرشانی خۆم دەزانم و بە تەواوی هێز و باوەڕ و توانامەوە كاری بۆ دەكەم.
ئەمە نەك هەر باوەڕ و ئامانجی منە، بەڵكو ئامانج و كاری هەموو پارتییەكە لە هەر شوێن و كات و بارودۆخێكدا بێت. هەر بۆیەش، دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بریتییە لە:
«ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری»
بەندەش لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵ دەدەم گەر شەرەفی متمانە و خزمەتكاری خەڵكم پێ بڕا، ئەوا ئەرك و ئامانجم لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لە پەرلەمانی كوردستان بریتی دەبێت لە:
١- گوێگرتن لە خەمی خەڵك و گەیاندنی دەنگ و داواكاری خەڵك بە جومگەكانی حوكمڕانی و كاركردن بۆ ڕێكخستن و ئاسانكاری ژیان وگوزەرانی خەڵك لە چوارچێوەی یاسا.
٢- خزمەتكردنی خەڵك و ناوچەكانیان، بێ گوێدانە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و حزبییەكان، ئەمەش لە ڕێگەی پێشكەشكردنی پڕۆژە و پێشنیار و بەدواداچوونەكانمانەوە بۆ پڕۆژەكانی حكومەت دەبێت.
٣- لەڕێگەی بەدواداچوون و چاودێریكردنی كارەكانیانەوە، هەوڵ دەدەم ڕێگری لە هەر سەرپێچییەكی یاسایی و كەمتەرخەمییەكی بەرپرسانی حكومەت بكەم. لە پێناو جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی.
٤- بە ڕشدی كار بۆ سزادانی گەندەڵكاران و ڕێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەكەم.
٥- كار دەكەم بۆ خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، و باشتركردنی ژیان و گوزەرانیان، ئەویش لە ڕێگەی پشتگیری كردن و بە یاسایی كردنی داواكارییەكانیان.
٦- پشتگیریكردن و كاری زیاتر بۆ ئافرەتان و لاوان و قوتابیان، لە ڕێگەی پێشكەشكردنی پێشنیار و پڕۆژەیاسا بۆ گەشەپێدانی تواناكانیان و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر.
٧- هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی ئەو ناوچانەی كە بەهۆی تاوانەكانی ڕژێمی بەعسەوە ڕووبەڕووی وێرانكاری و ڕاگواستن و كیمیاباران و ئەنفال بوونەتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی یاسا و بە هێنانە ژێرباری حكومەتی عێراق و تەرخانكردنی بەشە بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
شایانی باسكردنە كۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجە بریتییە لە 62 هەزار و 584 دەنگدەر، بەشێوەیەك 59 هەزار و پێنج كەسیان لە دەنگدانی گشتی و سێ هەزار و 579 كەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.