كوردستان له‌ نه‌خشه‌ی ڕه‌شدا

كوردستان له‌ نه‌خشه‌ی ڕه‌شدا


ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی گرووپی سیاسی و چه‌كداری بێ ناسنامه‌ حوكمی به‌سه‌رداده‌كه‌ن؛ به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تان وه‌ك سه‌روه‌ری هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی گرینگه‌ كورد له‌و بێ سه‌روبه‌رییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ره‌و چ ئاقارێك هه‌نگاو ده‌نێت، به‌نیازه‌ چی بكات؟ پلان چییه‌ بۆ ئه‌گه‌ری دووباره‌ دابه‌شبوونی سنووری نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ تێیدا ده‌ژین.

هه‌ر ١٠٠ساڵێك گۆڕانی گه‌وره‌ی سیاسی، ئابووری و سنووری ڕووده‌دات له‌ دونیا به‌گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت، دوای"لۆزان" ئێستا سه‌ره‌تای سه‌ت ساڵی نوێیه‌، ده‌ستپێكی گۆڕانه‌ له‌ سنووری نێوان وڵاتان، پوكانه‌وه‌ و درووستبوونی وڵاتی نوێ، و لاوازی، به‌هێزی و ئاڵوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندی زلهێزان.
ئێستا سه‌رده‌می زلهێزی به‌ریتانیای مه‌زن سنوورداره‌، له‌ ناوه‌ڕاستی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان چرای ئه‌مریكا گه‌شایه‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، واته‌ كۆتایی سه‌ته‌ی سه‌رده‌سته‌یی ئه‌مریكاش خه‌ریكه‌ كزده‌بێت، سه‌رده‌می گه‌شانه‌وه‌ی ئیسڕائیل ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌رچه‌ند له‌ ناوه‌ڕۆك هه‌موویان بۆ یه‌ك ئامانج كارده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌ پێی كات گۆڕاوه‌، بگره‌ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ به‌ریتانیا و ئه‌مریكا جیاده‌كاته‌وه‌ سیاسه‌تی ڕوونه‌، دۆست و دژی جیاكردۆته‌وه‌ سیاسه‌تی تاك ئاراسته‌ پێڕه‌و ده‌كات نه‌ك فره‌ جه‌مسه‌ر.
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ جێی سه‌رنجه‌ نه‌خشه‌ی ده‌ستی سه‌روه‌زیرانی ئیسڕائیل، به‌ڕه‌نگی ڕه‌ش ئاماژه‌ی به‌چه‌ند وڵاتێك كرد وه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر جووه‌كان، كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌و نه‌خشه‌ ڕه‌شكرابوو، نیگه‌ڕانییه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان دووباره‌ بكه‌وینه‌ ناو ئاگری شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتان.
ڕوونه‌ ئیسڕائیل به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ پێكهاتوون له‌ گرووپی چه‌كداره‌ شیعه‌كانی عێڕاق، حیزبووڵای لوبنان، حكوومه‌تی سووریا، یارانی خوا(حووسییه‌كان)ی یه‌مه‌ن، حه‌ماس و بزوتنه‌وه‌ی جیهاد له‌ فه‌ڵه‌ستین به‌ مه‌ترسی و دژی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ده‌ناسێنێت و كارده‌كات بۆ لاوازكردنیان، به‌كووشتنی قاسم سلێمانی، ئیسماعیل هه‌نییه‌ و حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵا, په‌یامێكی ئاشكرا به‌ ئێران دراوه‌ درووستكردنی گرووپی چه‌كدار له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتایی پێ بهێنێت، ئیتر نه‌بێته‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر ئیسڕائیل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ئێستا ئێران خۆی ده‌بوێرێت له‌به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسڕائیل و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌گه‌ر هێرش بكرێته‌ سه‌ر ناوچه‌ ئه‌تۆمیه‌كانیشی ڕه‌نگه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی نه‌بێت، چونكه‌ ده‌زانێت هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌ شكه‌ست بۆی ده‌شكێته‌وه‌ به‌دووری نازانم كاردانه‌وه‌یه‌كی لاوازی هه‌بێت به‌ڵام نایه‌وێت به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌كانی زیانی گه‌وره‌ به‌ ئیسڕائیل بگه‌یێنن.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ بیڵێم كوردستان مێژووی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، به‌یه‌كگری هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات دووربێت له‌ ئاڵۆزیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناكۆكییه‌كان بگۆڕیت بۆ ده‌ستكه‌وت و له‌ئه‌گه‌ری كێشه‌ی وڵاتان سۆز به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ سیاسسه‌كان و تێكۆشانه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان زاڵ نه‌بێت.

 

Top