خەلیل مەحموود  قایمقامی شارۆچكەی سێمێل بۆ گوڵان :   لە كابینەی نۆیەمدا لە شارۆچكەی سێمێل و سنوورەكەی نزیكەی 250 پڕۆژە بە تێچووی 240 ملیار دینار جێبەجێ كراون

خەلیل مەحموود   قایمقامی شارۆچكەی سێمێل بۆ گوڵان :     لە كابینەی نۆیەمدا لە شارۆچكەی سێمێل و سنوورەكەی نزیكەی 250 پڕۆژە بە تێچووی 240 ملیار دینار  جێبەجێ كراون

 

 

شارۆچكەی سێمێل سنوورێكی بەرفراوانی هەیە، كە لە ئێستادا دوو شارەدێ لە سنوورەكەیدا هەیە و لە ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندیی دراوە كە سێ شارەدێی دیكە وەكو «فایدە و شاریا و سێریكێ» بخرێنە سەر سێمێل كە (137) گوند لەخۆ دەگرێت و ژمارەی دانیشتووانەكەی (224) هەزار كەسە و 130 هەزار ئاوارەش لە سنوورەكەیدا نیشتەجێن، لە ڕووی پێكهاتەشەوە لەڕووی نەتەوەییەوە عەرەبی ڕەسەن لەو سنوورە هەن و لە ڕووی ئایینییشەوە چەندین ئایین و ئاینزا وەكو «ئێزدی و ئیسلام و مەسیحی» بەیەكەوە دەژین، لەسەر ئەم پرسە و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شارۆچكەی سێمێل، گۆڤاری گوڵان دیارێكی لەگەڵ خەلیل مەحموود قایمقامی شارۆچكەی سێمێل ئەنجام دا.

 

* ئایا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی كابینەكەیدا سەردانی شارۆچكەی سێمێلی كردووە؟ ئەگەر سەردانی كردووە، چ كار و پڕۆژەیەك جێبەجێ كراوە و چ بەڵنێكیشی پێداون؟

- لە ساڵی 2021 كە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی فڕۆكەخانەی دهۆكی كرد، ئێمە و خەڵكی سنووری سێمێل داواكاریمان گەیاندە جەنابیان، كە سەردانی ئەو شارۆچكەیە بكات، تاوەكو هەموو كەموكووڕییەكانی خزمەتگوزاری و ئەو پڕۆژانەی كە پێویستن بیگەیەنینە جەنابیان، بە خۆشحاڵییەوە دڵی هەموو لایەكمانی خۆش كرد و سەردانی كردین، لە سەردانەكەیدا كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكانی خزمەتگوزاریمان بە گرفتی ئاوارەكانیشەوە گەیاندە لای جەنابیان، لەلای خۆیەوە بەڵێنی پێداین كە بەپێی ئەولەوییەت و پێویستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو سنوورە چارەسەر دەكات. هەر بۆیە ئەو سەردانەی جەنابیان بۆ ناوچە و سنوورەكە بووە هۆكاری ئەوەی كە ئێستا سێمێل ئاوەدانی و گەشەیەكی زۆری پێوە دیار بێت و زۆربەی كێشە و گرفتەكانیش چارەسەر كراون، بە شێوەیەكی گشتی لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا 250 پڕۆژە لە سێكتەرە جیاجیاكاندا بە گوژمەی نزیكەی 240 ملیار دینار جێبەجێ كراون.

* لە سەنتەری شارۆچكەی سێمێل كێشەی ئاوتان هەیە؟ ئەو پڕۆژانە چین كە لەو كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەو بوارەدا جێبەجێ كراون؟

- لە سەرەتای كابینەی نۆیەم لە ساڵی 2020 بە لێدانی بیر و درووستكردنی كۆگای گلدانەوەی ئاو و ڕاكێشانی تۆڕی ئاوچوار پڕۆژە بە گوژمەی 147 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون. لە ساڵی 2021 بە هەمان شێوە چوار پڕۆژە لە سێتكەری ئاوی خواردنەوە بە گوژمەی 170 ملیۆن دینار ئەنجام درا و لە ساڵی 2022 هەشت پڕۆژە لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە بە گوژمەی یەك ملیار و 390 ملیۆن دینار و لە ساڵی 2023 دیسان نۆ پڕۆژەی دیكە بە گوژمەی یەك ملیار و 765 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون. هەروەها لە ساڵی 2024 لە شارۆچكەی سێمێل چەند پڕۆژەی دیكە لە كەرتی ئاو ئەنجام دراون بە گوژمەی 957 ملیۆن دینار، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوەی ستراتیژیمان داناوە بە گوژمەی چوار ملیار و 676 ملیۆن دینارە، ئەو پڕۆژە بەرفراوانە لە قۆناغی یەكەمدا ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەی خانكێ دابین دەكات و لە قۆناغی دووەمدا پڕۆژەكە بەرفراوانتر دەبێت، كە ئاوی خواردنەوە بە سەنتەری شارۆچكەی سێمێل دەدات كە لە ئاوی بەنداوی مووسڵ سوود وەردەگرێت، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە شارۆچكەی سێمێل هیچ كێشەی ئاوی خواردنەوەی نامێنێت و زۆربەی بیرە ئیرتوازییەكان كە لە ئێستا كار دەكەن، دادەخرێن و ئیشمان پێیان نامێنێت، هەروەها پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی فایدە تەواو بووە و لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە كە 33 ملیار دیناری تێدا خەرج كراوە .

* ئایا لە كابینەی نۆیەمدا تا چەند گرنگی بە ڕێگەوبان و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانی ناو گەڕەك و تۆڕی ڕێگەی گوندەكان لە ناوچەكە دراوە؟

- ژمارەیەكی زۆر پڕۆژە جێبەجێ كراون، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی كە لە ساڵانی پێشوو لە 2013 و 2014 ڕاوەستابوون، لەم كابینەیەدا كاركردن تێیاندا دەستی پێكردەوە و زۆربەشیان تەواو بوون، چەندین پڕۆژە بە نزكەی 18 پڕۆژەیە كە چوار پڕۆژەیان زۆر گرنگن و بە گوژمەی 46 ملیار و 761 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، شەش پڕۆژەی دیكەشمان هەیە كە هی ساڵانی پێش كابینەی نۆیەمە و لەم كابینەیەدا جێبەجێ كراون. بۆ نموونە لەو پڕۆژانە ڕێگەی نێوان شارۆچكەی سێمێل و زاخۆ كە ئێستا لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە، هەروەها 17 پڕۆژەی دیكەی ڕێگەوبانمان هەیە، وەك ڕێگەی شاریا بۆ زاوا كە درێژییەكەی شەش كیلۆمەترە و گوژمەی دوو ملیار و 360 ملیۆن دیناری تێدا خەرج كراوە. پڕۆژەیەكی دیكە ڕێگەی ئاڵوكە - بەدریكێ، كە نۆژەنكردنەوەی ڕێگەیەكە بە گوژمەی حەوت ملیار و 330 ملیۆن دینار و پڕۆژەی ڕێگەی زلكا - تەناهی كە دوو سایدە و درێژییەكەی لە دوو كیلۆمەتر زیاترە، ئەویش بوودجەی بۆ تەرخان كراوە كە زیاتر لەهەشت ملیار دینارە .

* لە كەرتی پەروەردەدا كێشەتان هەیە و ئەو پڕۆژانەش چین كە كێشە و گرفتی خوێندنی پێ چارەسەر كراوە؟

- لە ساڵی 2020 لە سێتكەری پەروەردە 12 پڕۆژە هەبوون كە پێنج قوتابخانە بەرفراوان كراون، واتە (زیادكردنی پۆلی خوێندن) و حەوت قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە لە شارۆچكەی سێمێل، كە ئەو پڕۆژانە بە گشتی گوژمەی 265 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج كراوە، 16پڕۆژەمان لە ساڵی 2021 هەبوو لە بەرفراوانكردنی قوتابخانە و نۆژەنكردنەوەی چەند قوتابخانەیەك، ئەو پارەیەی بۆ ئەو پڕۆژانەش تەرخان كراوە، نزیكەی 125 ملیۆن دینارە و لە ساڵی 2022 ئێمە 24 پڕۆژەمان هەبووە كە 190 ملیۆن دیناری بۆ دابین كراوە. لە ساڵی 2023 لە كەرتی پەروەردە 44 پڕۆژە بە گوژمەی دوو ملیار و850 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، هەروەها 19 پڕۆژە لە ساڵی 2024 هەیە كە دوو لەو پڕۆژانە كە یەكێكیان دروستكردنی قوتابخانەیەكی 18پۆلییە و دووەم پڕۆژەش دروستكردنی باخچەیەكی ساوایانە، لە پڕۆژەكاندا نۆژەنكردنەوەی 13 قوتابخانەكانە و چوار پڕۆژەشیان زیادكردن و بەرفراوانكردنی بینایەی قوتابخانەیە بە پۆلی خوێندن، ئەمساڵیش 19 پڕۆژە هەیە كە هەشت ملیار و270 ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە، هەموو گوندەكانی سنوورەكەش قوتابخانەیان هەیە. بە شێوەیەكی گشتی لە كابینەی نۆیەم لە كەرتی پەروەردەدا 115 پڕۆژەمان هەبووە كە بوودجەكەیان بە تێكڕای دەكاتە 11 ملیار و ملیۆن دینار، بە هۆی ئەو پڕۆژانەشەوە كەمترین كێشەی پۆل و سێكتەری پەروەردە لە شارۆچكە و سنوورەكەدا هەیە .

* لە سێكتەری تەندروستی لە چ ئاستێكدان و ئایا نەخۆشخانەی قەرەویلەییتان هەیە؟

- لە سەنتەری شارۆچكەكە و ناحییەكانی و هەموو سنوورەكە 21 بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانەمان هەیە، پڕۆژەیەكی نەخۆشخانەی فریاكەوتن بۆ شارۆچكەی سێمێل هەیە كە لە ساڵی 2013 بڕیار بوو دروست بكرێت، كە گوژمەكەی 108 ملیار دیناری بۆ تەرخان كرابوو. لە قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردندا قەیرانی دارایی بەسەردا هات و پڕۆژەكە ڕاوەستا، لە ئێستادا دەرخستەی تازەی بۆ كراوە و بۆی هەیە گوژمەكەی بگاتە 150 ملیار دینار، نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایكبوونمان هەیە، نەخۆشخانەیەكی ددان لە سەنتەری شارۆچكەكە هەیە، دەمانەوێت ئاوەدانی بكەینەوە، كە تەنیا لە نۆژەنكردنەوەی بیناكەیدا 347 ملیۆن دیناری تێدا خەرج كراوە و لە ئێستادا خەریكین كار بۆ دابینكردنی كەرستە و كەلوپەلی پزیشكی بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین بكەین. سەرەڕای ئەمانە پێویستمان بە نەخۆشخانەی قەروێڵەیی هەیە، هەر چەندە زۆر نزیكین لە شاری دهۆكەوە، بەڵام هەر پێویستە، چونكە ناوچەكە سنوورێكی بەرفراوانە و ژمارەی دانیشتووانەكەشی زۆرە، ئەمە سەرەڕای بوونی ئاوارەكانیش .

* لە سێكتەری كارەبادا چی بۆ سەنتەری شارۆچكەكە و سنوورەكەتان كراوە؟

- لەو كەرتەدا كێشەمان زۆر نییە و لە ساڵی 2020دا نۆ پڕۆژە لە بواری كارەبا لە دانانی محاویلە و ڕاكێشانی تۆڕی نوێ و چەندین كاری دیكە بە گوژمەی 997 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون و لە ساڵی 2021یش 12 پڕۆژەمان هەبووە كە یەك ملیار و 259 ملیۆن دیناری بۆ دابین كرابوو، هەروەها لە ساڵی 2022 لە كەرتی كارەبا 17 پڕۆژەمان هەبوو كە گوژمەی خەرجكراو بۆ ئەو 17 پڕۆژەیە دوو ملیار و 730 ملیۆن دینار بووە. 18 پڕۆژەی جۆراوجۆری كارەبا لە ساڵی 2023دا بە گوژمەی 879 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، هەم دیسان لە ساڵی 2024دا لە كەرتی كارەبا (17)پڕۆژەی وەكو ڕاكێشانی تۆڕی كارەبا و دانانی محاویلە و چەندین كاری دیكە ئەنجام دراون، كە بڕی یەك ملیار و 493 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج كراوە. بە شێوەیەكی گشتی لە كابینەی نۆیەمدا بە گوژمەی حەوت ملیار و 143 ملیۆن دینار لە كەرتی كارەبا 74 پڕۆژەی جۆراوجۆر و پێویست بۆ سنوورەكەمان ئەنجام دراون.

* وەكو دەزانین ناوچەكەتان بەرفراوانە و لە كەرتی كشتوكاڵدا بەناوبانگە، لەوبارەیەوە چیتان بۆ كراوە؟

- لەو كەرتەدا كاری ئێمە بە تەنیا نییە، بەڵكو ئێمە هاوكاریی جووتیارانی سنوورەكە دەكەین لە پێداویستیی چاندن و پەینی كیمیایی و بنەتۆدا، سایلۆیەكمان هەیە كە بەرهەمی جووتیاران وەردەگرێت، لەو كەرتەدا وەبەرهێنەران كار و پڕۆژەی باش و زۆریان هەیە، هەر لە بەخێوكردنی مەڕوماڵات و مانگای شیر و حەوزی ماسی و كارگەی دانەوێڵە، هەروەها ئاسانكاری و ڕێگەپێدان بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران كراوە كە بەپێی پێویستی ڕێنماییەكان بیری ئاو بۆ ئاودێری لێ بدەن، سایلۆیەكی دیكەش لە دۆمیز كراوتەوە كە جەنابی سەرۆكی حكومەت كردیەوە، ئێستا پڕۆژەیەكی سایلۆ لە فایدە هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەكی گشتی كەرتی كشتوكاڵ لەم سنوورەدا لە گەشەكردندایە و ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان زۆر جەخت لەو كەرتە دەكاتەوە و بە هەموو جۆرێك ئاسانكاری و پاڵپشتی جووتیاران و بەرهێنەرانی ئەو كەرتە گرنگە دەكات. شارۆچكەی سێمێل باشترین و زۆرترین كارگەی بەرهەمهێنانی مریشك و ماسی هەیە و لەسەر ئاستی هەموو عێراق پێشكەوتووترین شوێنە، گەورەترین كارگەی دانەوێڵە و بەبازاڕكردن لە سنوورەكە لەو كابینەیەدا بە هەوڵ و پاڵپشتی و ڕاسپاردەی ڕێزدار مسرور بارزانی كراوە، كە بەشی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستانیش بەرهەممان هەیە. لەلایەكی دیكەوە ناوچەی پیشەسازیی دهۆك هێنرایە سنووری شارۆچكەی سێمێل لە ناوچەی (ئالوكان) كە لەو ناوچە پیشەسازییەدا باشترین جۆری پیشەسازی لەسەر ئاستی عێراقدا كاری لەسەر دەكرێت.

 

Top