میوەی تازە، میوەی فریزكراو.. كامیان تەندروستترە؟
میوەی تازە بەشێكە لە خۆراكی تەندروست، پڕە لە ڤیتامین، كانزا، لەگەڵ ماددە دژەئۆكسانەكان باشن بۆ تەندروستی و خۆپاراستن لە گەلێك نەخۆشی، بەتایبەتی نەخۆشیی دڵ، بەڵام لەوانەیە كە میوەی فرێش هەندێك جار بەردەست نەبێت، لێرەدا میوەی فریزكراو دەبێتە جێگرەوەیەكی باش، ئەگەرچی لەوانەیە كە بەهای خۆراكیی جیاوازی هەبێت بەراورد بە میوەی فرێش. میوەكان پاش پێگەیشتنی تەواو، دەشۆرێن و پارچە دەكرێن، ئینجا ڤیتامین C یان شەكریان تێكەڵ دەكرێت بە مەبەستی ڕێگرتن لە تێكچوون، ئینجا لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا فریز دەكرێن. بەگشتی فریزكردن نابێتە هۆی لەدەستدانی ماددە گرنگەگان، بەڵام خەزنكردنی میوەی فریزكراو بۆ ماوەی زیاتر لە یەك ساڵ هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی پێكهاتە گرنگەگان. بەگشتی بە فریزكردنی میوە ڕێژەیەكی كەمی ماددە خۆراكییەكان لەدەست دەچن، بۆنموونە ڕێژەی ڕیشاڵ و كانزاكان و ڤیتامین E بە گوێرەی ڤیتامین C ناگۆڕێن.