پڕۆفیسۆر كریستۆفەر فێتەوێس بۆ گوڵان: تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەرەكان هێرشێكی تەكنەلۆژیی مەزندە بۆنەكراو و تاسێنەر بوو
كریستۆفەر جەی فێتەوێس، پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، تایبەتمەند و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەت و ستراتیژیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەكی كۆمەڵكوژ. پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەكی بەناوبانگ و ئاست بەرزی وەك زانكۆی جۆرج واشنتۆن و زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوە و كتێبە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە پەرەسەندنەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە غەززە، و هێرشەكانی هەفتەی ڕابڕدوو بۆ سەر ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی حزبوڵڵای لوبنانی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* سەرەتا دەمانەوێت لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست پێ بكەین، هەروەك ئاشكرایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و ئاڵۆزی و قەیران بووە، وەك ئەوەی ئەم نەهامەتییانە بەس نەبێت، ئەوا شەڕێكی سەخت و خوێناوییش هاتە ئاراوە و بۆ نزیكەی ساڵێكە درێژە دەكێشێت، ئێوە چۆن لەم دۆخە دەڕوانن و پێتان وایە بەرەو كوێ دەچێت؟
- ئێمە دەتوانین بڵێین كە دۆخەكە گۆڕاوە، چونكە ئەگەر لەو هێرشە تەكنەلۆژییە باوەڕپێنەكراو و تاسێنەرەوە دەست پێ بكەین، كە ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵای لوبنانی ئەنجامی دا، ئەمە پێشبینی نەكراو بوو، بەتایبەتی بۆ حزبوڵڵا، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر كەس باس لە ئەگەری هەڵكشانی بارودۆخەكە بكەن، چونكە هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەم شەڕەوە (شەڕی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە) ئومێدی ئەوە دەخوازرا كە شەڕەكە تەشەنە نەكات و، لایەن و دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە تێوە نەگلێن، واتە هەرچەندە ڕاستە كە حوسییەكانی یەمەن هێرشیان كردووە و ئیسرائیل كاردانەوەی هەبووە، هەروەها ئێرانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان، بەڵام هێشتا ئەوەی ڕووی نەداوە هەڵگیرسانی شەڕێكی سەرتاسەری و بەربڵاوە لە سنوورەكانی باكووری ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانیدا، كە بەرپابوونی شەڕێكی لەم شێوەیە ژمارەیەكی زۆری كوشتاری لێ دەكەوێتەوە و بۆی هەیە لایەنی دیكەش ڕابكێشێتە نێو شەڕەكەوە، بە ئێرانیشەوە.
* بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە، ئەوەیە كە دەوڵەتی ئیسرائیل سڵی نەكردووەتەوە لە هێرش و كوشتنی سەركردەكان، وەك كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە نێو تاران، هەروەها تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیی حزبوڵڵا، ئایا دۆخەكە گەیشتووەتە حاڵەتێك كە بەرەو شەڕێكی سەرتاسەری بڕوات؟
- ئەوەی تا ئێستا لە ئارادایە و لای هەمووان ڕوونە، ئەوەیە كە بەراورد بە ئیسرائیل، ئەوا ئێران و حزبوڵڵا بە جڵەوگیرییەكی زیاترەوە هەڵسوكەوتیان كردووە، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەی ئێوە، ئەوا پێم وایە ئەمە بەندە بەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لایەنەكان چ جۆرە كار و كاردانەوەیەكیان دەبێت، بەتایبەتی دەكرێت بپرسین: ئایا حزبوڵڵا كاردانەوەیەكی گەورە و بەربڵاوی دەبێت؟ كە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە شەڕەكە گەورەتر دەبێت و ئەمەش بە ڕاستی سیناریۆ هەرە خراپەكەیە بۆ هەموو لایەك، چونكە لەم حاڵەتەدا شەڕەكە تەشەنە دەكات و گەورە دەبێت و پەرەسەندنی خراپتری بە دوادا دێت. ئومێدەكە ئەوەیە ڕەوتی ڕووداوەكان بەم ئاقار و ئاراستەیەدا نەڕۆن، ئەوەشی لە دەستمان دێت، ئەوەیە كە چاوەڕێ بكەین و ببینین كە دۆخەكە چۆن دەكەوێتەوە.
* ئەگەر لەسەر هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامێرەكانی پەیوەندیی حزبوڵڵا ڕابوەستین، كە باس لەوە دەكرێت ئەمە شەڕێكی نوێی تەكنەلۆژییە، بەتایبەتی كە خودی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا (حەسەن نەسروڵڵا)ش ئاماژەی بەوەكرد، كە حزبەكەیان گورزێكی گەورە و بێ پێشینەی بەركەوتووە. ئایا دەكرێت بڵێین ئەمە قۆناغێكی نوێیە لەو شەڕەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە؟
- ڕەنگە نەتوانین وا بڵێین و بۆی هەیە ئەمە جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە، ئەوەی ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە، ڕەنگە هۆكارەكەی بۆ بوونی ئەو مەیلە بێت كە هەر كاتێك شتێكی نوێ ڕوو بدات، ئەوا ڕاستەوخۆ دەمانەوێت وەك هاتنەئارای سەردەم و ڕۆژگارێكی نوێ پێناسە و وەسفی بكەین. هەروەك باسم كرد، من پێم وانییە ڕۆژگارێكی نوێ هاتبێتە ئاراوە لەم ناوچەیەدا و ئەوەی هەیە درێژەپێدانی ئەو حاڵەتەیە كە لە ئارادا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵا ئەنجامی دا (تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن)، دەكرێت بە هێرشێكی زیرەكانە و كوشندە وەسفی بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وانییە دووبارە ببێتەوە، واتە باوەڕم وا نییە كە ئیدی گرووپ، یان حكومەتێكی دیكە هەبن كە ژمارەی زۆر لە ئامێرەكانی پەیجەر بكڕن، لەبەر ئەوە ئەوەی ڕووی دا، تەنیا بۆ یەكجار بوو.
* بەڵام ئەم هێرشە، یان تەقاندنەوەی ئەم ئامێرانە چ كاریگەری و ڕەنگدانەوەیەكی لەسەر حزبوڵڵای لوبنانی دەبێت، بەتایبەتی كە دەگوترێت ئەمە گوزرێك بوو بۆ متمانەبەخۆبوونی ئەم حزبە و لە هەمان كاتدا ئەمە مایەی پەكخستنی تۆڕەكانی پەیوەندیی ئەو حزبەیە؟
- من نازانم، بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە كە حزبوڵڵا ئامێرەكانی پەیجەری بەكار دەهێنا، ئەگەرچی ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت كە پێیان گوتراوە پەیجەر كەمتر قابیلی ئەوەیە چاودێری بكرێت بەراورد بە مۆبایل، كە ئێمە دەزانین ئەمە تەكنەلۆژیایەكی نوێ نییە، بەڵام هەروەك گوتم، ڕەنگە هۆكارەكە ئەوە بێت، كە پێیان وابووە قابیلی ئەوە نییە چاودێری بكرێت، بە چەشنی ئامێری هۆكی تۆكی، كە ئیسرائیل ئەوانیشی تەقاندنەوە، بەڵام دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە، كە پێم وانییە جارێكی دیكە ئەمە ڕوو بدات، چونكە باوەڕم وانییە كە ئیدی كەس بەكاریان بهێنێت، ئەگەر پرسیاری ئەوەش بكرێت كە ئایا بۆی هەیە مۆبایلیش بەم شێوەیەی لێ بكرێت، ئەوا دەڵێم دەكرێت، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە كە ئەوەی ڕووی دا، بۆ یەكجار بێت و دووبارە نەبێتەوە، ئەمە تەنیا مەزەندەی منە.
* زۆر باشە ئەگەر لە ئایندەی نزیك بڕوانین، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە چ سیناریۆیەك زیاتر ئەگەری هاتنە ئارای هەیە و، ئایا دەكرێت بڵێین هەلومەرجەكە بە چەشنێك هەڵدەكشێت كە هێرش و شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیلی لێ دەكەوێتەوە؟
- نەخێر، من پێم وانییە، لەبەر ئەوەی پێشتر چەندین جار دەرفەتی هاتنە ئارای ئەم شەڕە دروست بووە، بەڵام هیچ یەكێك لە لایەنەكان (ئێران و ئیسرائیل) نایانەوێت دۆخەكە بگاتە شەڕێكی لەم شێوەیە، بەڵكو لێرە و لەوێ هێرش دەكەن، هەرچەندە كار و كردەوەكانی ئیسرائیل پتر هەڵكشانی بەخۆیەوە بینیوە و پەنای بردووەتە بەر كوشتنی ئێرانییەكان و سەركردەكانی حزبوڵڵا و حەماس، بەڵام دەمەوێت بڵێم، ئەگەر بارودۆخەكە هەڵكشایە، ئەوا تا ئێستا هەڵكشا بوو، هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم مەزەندەیەی من بە هەڵە دەرنەچێت، چونكە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، بەشێكی زۆری دۆخەكە بەندە بەوەی حزبوڵڵا بە چ ڕاددە و ئاستێك كاردانەوەی دەبێت.پوختەی وەڵامەكەم ئەوەیە كە هەردوو لا (حزبوڵڵا و ئیسرائیل) نایانەوێت دۆخەكە خراپتر بێت، واتە بارودۆخەكە بە ئاراستەی هەڵدێردا دەبەن، بەڵام ناهێڵێن لەوە زیاتر تێپەڕێت.
* ئاشكرایە كە لە كەمتر لە پێنج مانگی دیكەدا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نابێت، واتە یان دۆناڵد ترەمپ، یانیش كامیلا هاریس جڵەوی سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەگرنەدەست. ئایا پێت وایە چ جیاوازییەك لە شێوازی مامەڵەكردنی ئەم دوو كەسایەتییەدا دروست دەبێت لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوی شەڕی غەززەدا؟
- من پێم وایە دەبێت هەرچی دۆناڵد ترەمپ و كامیلا هاریس لە ئێستادا دەیڵێن فەرامۆشی بكەین، مەبەستم ئەوەیە ڕەنگە هیچ شتێك لەوانەی كە ئێستا دەیڵێن و بانگەشەی بۆ دەكەن، نەخرێتە نێو چوارچێوەی سیاسەتێكی بەرجەستەوە، چونكە ئێستا خەمی سەرەكیی هەردووكیان ئەوەیە كە دەنگ بێنن و براوەی هەڵبژاردنەكان بن و جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، لەم ڕووەوە پەنا بۆ هەر شتێك دەبەن كە ببێتە هۆی ئەوەی دەنگی دەنگدەران بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ كە شتی شێتانە دەڵێت، كێ دەزانێت دواتر چی دەكات، كە زۆر باس لەوە دەكات كە چۆن دەستبەجێ و دەم و دەست شەڕەكان ڕادەگرێت، بەڵام ئەو كەسێكی سەرشێتە.