پڕۆفیسۆر جێفری ڤان دێن بێرگ بۆ گوڵان: هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەستیارە و ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت
جێفری ڤان دێن بێرگ، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەشی زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی دروری، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ. بۆ بەدواداچوون و شرۆڤەكردنی ئەو پەرەسەندنانەی كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونەتە ئاراوە و ئاقاری شەڕی غەززە لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس و بارگرژی و هێرشەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان و، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی بەربڵاوی ناوچەیی لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، هەروەها چەند پرس و بابەتی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* ئاشكرایە كە لە دوای هێرشەكانی بزوتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابڕدوو بۆ سەر ئیسرائیل و كوشتن و بەبارمتەگرتنی چەندان هاووڵاتیی ئەو وڵاتە، شەڕێكی سەخت و خوێناوی لە كەرتی غەززە هاتووەتە ئاراوە، دانیشتووانی غەززەش تووشی كوشتار و كاولكاری بوونەتەوە، لە ئێستاشدا ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی بەربڵاو لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە ئارادایە، ئێوە چۆن لە ڕەوتی ڕووداو و پەرەسەندنەكانی ئەم ناوچەیە دەڕوانن و ئایا دۆخەكە بەرەو كوێمان دەبات؟
- لە ڕاستیدا وەسفی من بۆ بارودۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە كە ئەوەی حاڵی حازر ڕوو دەدات شەڕێكی هەرێمایەتییە، بەڵام لە ئاست و مەودایەكی بچووكتردا، ئەمەش لەبەر ئەوە دەڵێم، كە زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە دۆخەكە سەر دەكێشێت بۆ شەڕێكی هەرێمایەتی، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، ئەوەی ڕوو دەدات، شەڕێكی لەم چەشنەیە، بەڵام لە ئاستێكی كەمتردا. هەر چۆنێك بێت، دەكرێت ئەم شەڕە مەودایەكی بەرفراوانتر و توندوتیژتر بە خۆیەوە بگرێت، بگرە دەكرێت سەربكێشێت بۆ پێكدادان و ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆش، لە ئەمساڵیشدا چەندین كار و كاردانەوە و هەڵكشانی بارگرژییەكانمان بینیوە كە لەم ناوچەیەدا ڕوویان داوە.
* لە هەفتەی ڕابڕدودا هەندێ پەرەسەندنی سەیر و سەرنجڕاكێش ڕوویان دا، بەتایبەتی تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیجەر، كە ئەندام و كادرەكانی حزبوڵای لوبنانی بەكاریان دەهێنن، ئۆباڵەكەشی دەخرێتە ئەستۆی ئیسرائیل، ئایا ئەم جۆرە ڕووداوانە نابنە هۆی ئەوەی دۆخەكە پتر ئاڵۆز ببێت و زیاتر لە ئەگەری شەڕێكی سەرتاسەری نزیك ببینەوە؟
- بە دڵنیاییەوە هێرشی پەیجەرەكان (تەقاندنەوەی ئەم ئامێرانە) دەبنە هۆی ئەوەی حزبوڵا و دەوڵەتی ئێران بیر لە تۆڵەكردنەوە بكەنەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكانیش ئەم تۆڵەكردنەوەیە ئەنجام دەدەن، هەرچۆنێك بێت مەترسییەكە ئەوەیە كە بارودۆخەكە بە شێوەیەكی نەخوازراو بەرەو هەڵكشان بچێت، كە لایەنە ڕكابەرەكان ناچار بكات، بە چەشنێك پەرچەكردار و كاردانەوەیان هەبێت، كە ئاست و مەودای شەڕەكە بەرفراوانتر و گەورەتر بكات و ڕاددەی توندوتیژییەكە زیاتر بكات، كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا لە ئێستادا ناوچەكە بە هەلومەرجێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەگەری ئەوەش هەیە دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت.
* ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نزیكەی ساڵێك بەر لە ئێستا و پێش هێرشەكانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوە بەدی دەكرا كە دۆخەكە جۆرێك لە ئارامی و سەقامگیریی تێدا بەدی هاتبوو، بەتایبەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش ئاماژەیەكی بەم چەشنە دا، كەچی دواتر نەك هەر بارودۆخەكە تەقییەوە، بەڵكو ئەوەتا ئەگەری تەشەنەكردنی زیاتری ئاگری شەڕەكەش لە ئارادایە. چ شتێك لە ئارادا بوو، كە بە ئاسانی بەدی نەدەكرا و بووە هۆی ئەوەی دۆخەكە بەم حاڵەی ئێستا بگات؟
- ئەوەی مایەی كارەساتە ئەوەیە كە دەتوانین ئەو سەقامگیرییەی لەو كاتەدا لە ئارادا بوو، بیكەنە خاڵی دەستپێكی شرۆڤەكردنەكە و داڕووخانی بارودۆخەكەی پێ لێك بدەینەوە، با مەبەستەكەم زیاتر ڕوون بكەمەوە، پێش هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە كاریان لەسەر گەیشتن بە ڕێككەوتنێك دەكرد، كە ئەنجامدانی ئەم ڕێككەوتنەش مایەی مەترسی و هەڕەشە بوو بۆ سەر پێگەی بزوتنەوەی حەماس، لە هەمان كاتدا ئالنگارییەكی هەرێمایەتییش دەبوو بۆ ئێران، كە خۆی لە بنەڕەتدا ئامانجی ڕێككەوتنی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل (ئەگەر بێتەئاراوە) بۆ ئەوەیە بەرپەرچدانەوەیەك لە بەرانبەر ئێراندا دروست بكرێت، كەواتە دەكرێت بڵێین سەقامگیری و ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بوونە هۆكارێك كە حەماس بە باشی بزانێت لەو كاتەدا هێرشێكی لەو چەشنە ئەنجام بدات، چونكە بۆ گرووپێكی وەك بزووتنەوەی حەماس خراپترین شتێك كە ڕوو بدات، بەرەوپێشچوونێكی ئاشتییانە و سەرچاوەگرتوو لە گفتوگۆ بووە، واتە لەبەر ئەوەی حەماس خۆی وەك گرووپێكی بەرگریكار و بەرهەڵستكار وێنا دەكات، ئەوا هەر بەرەوپێشچوونێك كە ببێتە هۆی نەهێشتنی پاساوی بەرگریكردن و موقاوەمەكردن، دەبێتەهۆی ئەوەی ئەم گرووپە هێرشێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، كە بەدیمان كرد. كەواتە ئەگەر دووبارە بگەڕێمەوە بۆ پرسی بوونی سەقامگیریی پێش هێرشەكانی حەماس، ئەوا نكۆڵی لەوە ناكرێت كە لەو كاتەشدا هێشتا هەڕەشەی جددی هەبوون لەم ناوچەیەدا، چونكە گرووپەكانی نزیك لە ئێران دەیان هێرشیان ئەنجام دەدا، هەروەها لە عێراقدا جموجووڵ و چالاكییەكانی داعش زیاتر بوون، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت جەختی لەسەر بكەمەوە، ئەوەیە كە گفتوگۆیەك لە نێوان لایەنە گەورە و بەهێزەكاندا لە ئارادا بوو (ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە)، بە بێ ئەوەی كێشەی فەلەستین لەبەرچاو بگیرێت، كە ئەمەش ئەوەمان بۆ لێك دەداتەوە كە بۆچی حەماس ئەو كاتەی هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی.
* ئاماژەتان بە شەڕێك، یان ئەگەری شەڕێكی سەرتاسەری كرد، كە ئاشكرایە لە ئێستادا شەڕەكە تەنیا لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا قەتیس نەبووە، ئەوە حوسییەكانی یەمەن و چەندین گرووپی چەكداری لە عێراق و حزبوڵای لوبنانییش بە جۆرێك لە جۆرەكان لەم شەڕەوە تێوەگلاون. ئایا هەموو ئەمانە نەبوونەتە هۆی ڕوودانی شەڕێكی گەورەتر و ئەگەرێكی زیاتر و گەورەتر، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا؟
- من پێم وایە هێشتا ئەگەرێكی گەورەی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا لە ئارادا نییە، بە دڵنیاییەوە بەرپابوونی شەڕێكی لەم چەشنەش لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە، چونكە ئاشكرایە ئێران پێوانە و كێشانە بۆ هێرش و كاردانەوەكانی ئەنجام دەدات، هێرشی ڕاستەوخۆی ئێرانیش بۆ سەر ئیسرائیل (كە لە ماوەی ڕابڕدوودا و لە شێوەی مووشەك و فڕۆكەی بیفڕۆكەوان) ئەنجامیدا، كاردانەوەی كۆمەڵێك ئیستفزازی ئیسرائیل بوون، هەروەها ئێران پێشوەختە لایەنەكانی ئاگادار كردبووەوە كە ئەم مووشەكانە هەڵدەدات، كە ئەمەش بواری ڕەخساند بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێت و هەر لە ئاسمانیشدا بخرێنە خوارەوە، كەواتە لەو كاتەدا پەیوەندییەك هەبوو بۆ ئیحتیواكردنی ئەو هێرش و كاردانەوانەی كە ئێران ئەنجامیدا بە پێویست دەزانی. كەواتە ئەگەر لە بارودۆخی ئێستا بڕوانین، ئەوا من ناتوانم وێنای ئەوە بكەم كە هەڵكشانی بارودۆخەكە و پێكدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا لە بەرژەوەندیی ئێران بێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێم وایە ئێران كاردانەوەی دەبێت لە بەرانبەر ئەوەی لە هەفتەی ڕابڕدوودا لە لوبنان ڕووی دا، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئایا دەبێت كاردانەوەكە بە چ ئەندازە و قەبارەیەك بێت، كە نەبێتە هۆی ئەوەی سەر بكێشێت بۆ لەدەستدەرچوونی بارودۆخەكە.
* زۆر باشە با پرسێكی دیكە بورووژێنین، كە پەیوەندیدارە بە دۆخی ناوخۆی ئیسرائیلەوە، ئێوە چۆن لەم دۆخە دەڕوانن و پێتان وایە تا چ ڕاددەیەك كاریگەریی لەسەر بڕیارەكانی حكومەتەكەی نەتانیاهۆ لە ئاست شەڕەكەدا دەبێت؟
- بە دڵنیاییەوە بارودۆخی ناوخۆیی كاریگەریی هەیە، چونكە ئەگەر ئێمە لە ئەدای حكومەتەكەی نەتانیاهۆ بڕوانین، ئەوا ئەوە بەدی دەكەین كە هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و دژ بە ئێران (بەتایبەتی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس) بە چەشنێك ئەنجام دراوە كە لە كۆتاییدا خزمەت بە مانەوەی حكومەتەكەی بكات لە دەسەڵاتدا، بۆ نموونە حكومەتەكەی نەتانیاهۆ ڕایدەگەیەنێت كە دەیەوێت بگاتە ڕێككەوتنێك لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا، بەڵام دواتر پێشنیارەكان ڕەت دەكاتەوە، هەروەها دێت و هێرش دەكاتە سەر حزبوڵا، بە چەشنی هێرشەكانی هەفتەی ڕابڕدوو و تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیجەر، كە بە دڵنیاییەوە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی دواخستنی گرتنەبەری ڕێگەچارەی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ئاشتی.