لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول.. كوردانی كەركووك دووپاتی دەكەنەوە كە سازش لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك ناكەن

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول..  كوردانی كەركووك دووپاتی دەكەنەوە كە سازش لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك ناكەن

 

كەركووك وەك شارێكی كوردستانی كە هەمیشە زۆرینەی دانیشتووانی كورد بووە، لە سەردەمی حوكمڕانیی بەعس و تەنانەت لە دوای ڕزگاركردنی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی فیدڕاڵیش، بەردەوام هەوڵی تەعریبكردنی دراوە و تا ئێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و هاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ كەركووك، ڕەوشێكی سەربازی و ئەمنی و نایاسایی و نائاسایی بەسەر شارەكەدا سەپێندراوە. كوردانی كەركووك لە دیدی خۆیانەوە خوێندنەوەی زیاتر بۆ ئەو دۆخە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بارزانیی نەمر لە دەستپێكی ڕابەڕایەتی كردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، داكۆكی لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك كردووە، بە جۆرێك كە هیچ كات ئامادە نەبووە، سازشی لەسەر بكات. تەنانەت خاڵی بەیەك نەگەیشتنی سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و ڕژێمی ئەوسای عێراق لە ڕێككەوتنێك، پرسی كوردستانیبوونی كەركووك بووە، كە بارزانیی نەمر ڕێگای نەدا بە هیچ شێوەیەك سازش و موزایەدە لەسەر كەركووك بكرێت.

مەریوان جەلال ڕەشید، كارگێڕی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە: «كەركووك لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا بەتایبەت پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق دۆخێكی تازە و كەش و هەوایەكی ئازاد و ئازادیی بیروڕا و پرۆسەی دیموكراسی و مافی بڕیاردان لە شێوازی حوكمڕانی هاتە ئاراوە و كرانەوەیەكی زۆر بە ڕووی خەڵكیدا هاتە كایەوە، بەتایبەت بۆ گەلی كورد و توركمان و كلد و ئاشوور بەشدارییان لە ناوەندی بڕیار هەبوو، بۆ جاری یەكەم كوردێك بوو بە پارێزگاری شاری كەركووك و توركمان بوون بە سەرۆكی پارێزگا و چەندین پۆستی باڵاش كەوتە دەستی كورد و توركمان». هاوكات دەڵێت: «حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی یەكجار دیار و بەرچاوی هەبوو و خزمەتێكی زۆری بە كەركووك گەیاند و شارەكە لە ڕووی ئاوەدانییەوە پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی و خەڵكێكی زۆر دامەزران. كە جێگای دڵخۆشی بوو. هەرچەندە شاری كەركووك پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاتر هەبوو و هەیە، چونكە خەڵكی ئەم شارە زوڵم لێكراو و ستەمدیدەن و هەمیشە چەوسێنراونەتەوە لەبەر ڕۆڵی كوردایەتی و شۆڕشگێڕی و هەمیشە چەقی ململانێ نەتەوەییەكان بووە، بەڵام بەداخەوە پاش خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر هەموو شتەكان پێچەوانە بوونەوە و دیسان زوڵم و زۆردای و چەوسانەوە و تەعریب لە كەركووك دەستی پێ كردەوە و ڕۆڵی كورد نەما و لاواز بوو، هەر لە داگیركردنی زەوی و زاری جووتیارانی كورد و ئاوارەبوونێكی زۆری كوردی شارەكە و دەركردنی زۆرینەی بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەكان و دژایەتیكردنی فەرمانبەری ئاسایی، هاوكات گەندەڵی لە پڕۆژەكان لە بەرژەوەندیی بزنێسمان و دەوڵەمەندەكان بەرفراوان بوون، ئەمانە بوونە هۆكاری زەرەر و زیانێكی زۆری ماددی و مەعنەوی لەسەر گەلی كورد و تاوەكو ئێستا ئاسەواری ماوە و ڕاستكردنەوەیان ئاسان نییە، پارسەنگی ئەم هاوسەنگییەش تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانێت ڕاستی بكاتەوە، چونكە ئەم ڕووداوانە پاش ڕۆیشتنی پارتی لە شارەكە ڕووی دا، هەر بۆیەش دەوترا «كورد بگەڕێتەوە، دۆخەكە باشتر دەبێت»، كوردیش واتە پارتی، هەر بۆیە پاش گەڕانەوەی پارتی بارودۆخەكە بە شێوەیەكی باش گۆڕا و ئاڵای كوردستان هەڵدرا و ڕۆحی نەتەوەیی زیاتر بەرز بوویەوە و خەڵكی شار و بەتایبەتی گەلی كورد ئاهێكی بەبەردا هاتەوە، جووڵەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی باش ڕووی لە شارەكە كرد و دواتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بە دوای خۆیدا هێنا، ئەمەش پاش ١٩ ساڵ لە بێبەشبوونی شاری كەركووك لە مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكە، كە ئەمەش ڕووداوێكی گرنگ و گەورە بوو و كورد بۆ جارێكی دیكە زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنەكەی بەدەست هێنا و بووە زۆرینە، بەڵام پاش ماوەیەكی زۆری گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، پێكهاتە و لایەنەكان نەگەیشتنە ڕێككەوتنێكی دڵخۆشكەر، بەداخەوە لایەنێك بێ گوێدانە هەڵوێستی پێكهاتە و لایەنەكانی دیكە، ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری كرد، تەنیا بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری بەركەوێت و هەموو پۆستەكانی شارەكەی بەخشییەوە و كورد بۆ جارێكی دیكە تووشی پاشەكشە و نوشستی بوو، كە لە ئایندەیەكی نزیك كاریگەریی خراپی ئەو ڕێككەوتنە، یان تێكەوتنە بەدەر دەكەوێت و ئیتر كورد بەئاسانی ناتوانێت لەژێر ئەم بارە گرانە دەربچێت. بۆیە دەتوانێن بڵێین ئێستا كەركووك بە دۆخێكی هەستیار و پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت و ڕوون نییە ئایندەی ئیداریی و ئەمنی و ئابووریی شارەكەدا بە چ ئاقارێكدا دەڕوات».

پەیمان تەها ئەندامی پێشووی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس جەخت لەوە دەكاتەوە كە: «لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورددا، پارێزگای كەركووك یەكێك بووە لە ھەستیارترین مەلەفی دانوستانی نێوان كورد و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتی و دواتر كۆمارییەكان و دیكتاتۆری  بەناو دیموكراتی ھەمیشە چەقی ململانێكان بووە. بە درێژایی مێژوو، كورد شاری كەركووكی وەك بەشێكی دانەبڕاوی خاكی كوردستان زانیوە و بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ هەموو بارودۆخە سەختەكان كردووە،  بۆ ئەم ئامانجەش قوربانییەكی یەكجار زۆری داوە. لەبەرانبەردا عەرەب بە عەقڵییەتی شۆڤێنییەوە لە ھەوڵی دابڕان و گۆڕانكاریی ناسنامە و دیمۆگرافیای ئەو شارە بووە. تا ئێرە لە هەوڵی سڕینەوەی مێژووە پڕ لە كێشمەكێشمە سیاسییەكەی ئەو شارە بووە، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ھەلی باش ڕەخسا بۆ ئەوەی كەركووك بخرێتەوە سەر ھەرێمی كوردستان، بەڵام كورد بۆ ئەم ھەنگاوەش ویستی یاسا و دەستوور یەكلای بكاتەوە، هەر بۆیە لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ دەستووری عێراق ھەوڵی چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی كەركووكی دا، بەڵام كاربەدەستانی حكومەتی عێراق بەردەوام لە پیلانگێڕیی بەردەوام بوون، تاكو ئێستاش بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو پارێزگایە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر جارێكی دی عەرەب بە عەقڵییەتێكی شۆڤێنی بەردەوام بوون لە گۆڕینی ناسنامە و شوناسی ئەو پارێزگایە و ھەوڵی زۆریش درا و زۆر ئامانجیشیان پێكا».

هاوكات دەڵێت: «ھیچ كات دانوستانی كورد بۆ بەدەستھێنانی پۆست نەبووە لە كەركووك، بەڵام بەداخەوە لە دوای دوایین ڕێككەوتنی یەكێتی لەپێناو پۆستی پارێزگار بۆ چەند مانگێك، دیسان خەونی گەڕانەوەی خاك بۆ باوەشی كوردستان لە گۆڕ نرا. بێگومان شۆڕشی ئەیلوول زۆر دەستكەوتی زیاتری بەدەست دەھێنا، ئەگەر بچووبایەتە ژێر ھەر ڕێككەوتنێكەوە كە واز لە كوردستانیبوونی كەركووك بهێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوو، سازش لە یەك بستی خاكەكەی بكات، شۆڕشەكەشی قوربانیی كەركووككرد».

پەیمان تەها، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە : «گۆرینی دیمۆگرافیای كەركووك و ھێنانی دەیان ھەزار عەرەبی ھاوردە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ شارەكە، ئەو ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییە ناگۆڕن كە كەركووك بەشێكی زیندوو و لێكنەبچڕاوە لە خاكی مێژوویی كوردستان كە ساڵانێكە مشتومڕی زۆری لەسەرە، تا كارگەیشتە ئەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێك لە دانیشتنەكانی گفتوگۆی نێوان شاندی حكومەتی ئەوسای عێراق و شاندی شۆڕش نمونەیەكی زۆر سادە و بەجێی بۆ ھێنانەوە و فەرمووی سینییەكم بۆ بھێنن، سینییەكی گەورەیان بۆ ھێنا، وتی: چیتان پێیە بیخەنە سەری. شاندی حكومەت شتەكانیان خستە سەری، دواتر وتی: كەركووكیش وەكو سینییەكە هی كوردە، ئەوەشی لە سەریەتی هی ئێوەیە».

ئەو ئەندامەی پێشووی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، وەك دواوتەی گوتی: «كەركووك و كەركووكییەكان ھیچ كات ئەم خیانەتانەیان لەبیر ناچێتەوە كە لە بەر وەرگرتنی پۆست شارەكە ببەخشن، بكەرانیشی دەچنە زبڵدانێ مێژووەوە».

ئەحمەد گلی؛ ڕاوێژكاری مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «قەیران و نەهامەتییەكانی ئەم شارە، كاریگەریی خراپیان كردووەتە سەر فەرهەنگ و كەلتوور و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی ئەم شارە، ئەمە جگە لە دەیان قەیران كە ڕۆژانە تووشی دانیشووانی ئەم شارە دەبێتەوە، وەك نەبوونی خزمەتگوزاری، نەبوونی كارەبا، نەبوونی سیستەمی تەندروستی و خوێندن و نەبوونی ئاو لە گەڕەكە كوردییەكان، بە جۆرێك دەسەڵاتدارانی كەركووك خۆیان دەڵێن، كەركووك خراپترین شاری عێراقە لە ڕووی پێدانی كارەبا و ئاو و سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە، ئەمە جگە لە خراپیی هەموو سێكتەرەكانی دیكە بە جۆرێك كە ئەم شارەی كردووەتە زبڵخانەیەكی كەم وێنە».

 ئەحمەد گلی ئەوەش دەخاتەڕوو كە «كورد وەك نەتەوەش بەدەست دەیان كێشەی دەناڵێنێ كە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەكەی ئەم شارە دەرحەق بە نەتەوەكەمان دەیكات، هەر لە دەركردنی جووتیارانی كورد و هێنانی خێزانی عەرەب بۆ داگیركردنی زەوی و زارەكانیان، تا دەگاتە ئەوەی ڕۆژانە پەلاماری گوندەكانی كورد بدەن لە ناوچەكانی دبس و پەڵكانە و حەفتەغار و تەواوی سنوورەكە، جگە لەمانەیش ڕۆژانە هەر جارەی بەڕێوەبەرێكی كورد لەسەر كارەكەی لادەبەن و خەڵكانی دەرەوەی ئەم شارە لە شوێنەكانیان دادەنێن، ئەوەیشی ماوە بەردەوام سووكایەتییان پێ دەكرێت، بە جۆرێك تەنانەت توانای وەڵامدانەوەی فەرمانبەرێكی ئاسایی فەرمانگەكەی خۆیشیان نییە».

وەك دواوتەشی گوتی: «بە كورتی و بە كوردی كورد لە دۆخێكدایە لە كەركووك، مەگەر هەر لەكاتی ڕژێمی بەعس توشی ئەو زوڵم و ستەمە هاتبێتەوە. بۆیە لێرەوە ڕوی دەمم دەكەمە هەموو ئەو كەس و لایانانەی كە زەڕەیەك هەستی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیان تێدا ماوە، ئاوڕێكی جددی و دڵسۆزانە لەم شارە بێ نازە بدەنەوە، ئەگەرنا دڵنیا بن لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا، كەركووك هەم لە ڕووی مرۆیی و هەم لە ڕووی نیشتمانییەوە تووشی كارەساتێكی زۆر گەورە و چاوەڕوان نەكراو دەبێتەوە، بە جۆرێك بە سەدان ساڵی دیكە ڕاست نابێتەوە».

 

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول..  كوردانی كەركووك دووپاتی دەكەنەوە كە سازش لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك ناكەن
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول..  كوردانی كەركووك دووپاتی دەكەنەوە كە سازش لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك ناكەن
Top