تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

حەیدەر عەبدولڕەحمان

كاتێ‌ تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر ساڵی 1970 شانۆگەری (خەونی نیوەشەوی هاوین) ی لە دەرهێنانی (بیتەر برۆك) لە لەندەن نمایش كرد، ئەم نمایشە بوو بە خاڵێكی وەرچەرخانی نوێ‌ لە مێژووی ئەو تیپەدا، چونكە (برۆك) لەم ئەزموونگەرییە نوێیەیدا، سەراپای فۆرمە تەقلیدییەكانی جارانی لە نمایشكردنی شانۆگەرییەكانی شكسپیردا تیكشكاند .

تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

ئەوەبوو بۆ یەكەم جار كاراكتەرەكانی شكسپیر لە ڕێگەی بەرجەستەكردنی جەستەی ئەكتەر و دروستكردنی پردێكی پتەوی پەیوەندی لەگەڵ بینەردا، ڕاستەوخۆ جەماوەریان دەدواند،

سینۆگرافیا لە شانۆگەری (خەونی نیوەشەوی هاوین) بریتی بوو لە سەندوقێكی شەش پاڵۆی ڕەنگ سپی، لەگەڵ دوو دەرگا لە پشتەوە،لەبری دارستان و دروستكردنی كەشو هەوای ڕۆمانسی، وەك ئەو شێوازەی جاران بۆ دەرهێنانی ئەم شانۆگەرییە پیادە دەكرا.

برۆك ـــ لەو شانۆگەرییەدا ئاشقەكانی كردە كەسانی زۆر ئاسایی و سادە، لەوانەی كە لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خۆماندا دەیانبینین، بۆیە بینەر لە ڕووی بەرجەستەكردنی هەردوو كەسایەتی (تەتیانا) و (ئاوبیرۆن) تووشی سەرسوڕمان بوو، كاتێ‌ برۆك ئەوانی كردبوو بە هاوچەشنی پەهلەوان بازو و یاریكەرانی سێرك، بەمەش بینەر ڕووبەڕووی ئەتمۆسفیرێكی سیحراوی بوو، چونكە جاران شتی وای لە دەرهێنەرانی دیكەدا نەبینی بوو، بەتایبەت لەسەر شانۆی پادشایی (سترافۆرد ) شوێنی لەدایكبوونی شكسپیردا .

تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

بەم نمایشە تیپی شانۆیی شكسپیری پادشایی، بوو بە خاوەنی پلە و پایەكی بەرزی جیهانی و ناوبانگی ئەو تیپە زیاتر لە جاران پەرەی سەند، كاتێكیش كە شانۆگەریەكەی (بیتەر برۆك) لەسەر شانۆی (بیلی ڕوز) لە برودوای نمایش كرا، لە پڕێكدا و لە كاتی نمایشكردنی شانۆگەریەكەدا كارەبا بڕاو چڕەدوكەڵێك سەراپای هۆڵەكەی داپۆشی، سەرەتا بینەران وا هەستیان كرد، كە ڕووداوێك لە ناو هۆڵە شانۆییەكەدا ڕووی داوە، بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت كە نەخێر ئەو چڕەدوكەڵە دیمەنێكە لە دیمەنەكانی ئەو شانۆگەرییە، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە بینەران پێش ئەوەش بزانن ئەو ڕووداوە دیمەنێكی شانۆگەرییەكەیە، هیچ لەوان نەیانتوانی وێڕای ئەگەری مەترسی، كورسییەكانی خۆیان بەجێ‌ بێڵن، بەڵكو لە چاوەڕوانیدا مانەوە، بەو هیوایەی تەواوی شانۆگەرییەكە ببینن.

تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

ئەو سەركەوتنە گەورەیە بۆ ئەو تیپە شتێكی چاوەڕوان نەكراو نەبوو، بۆ تیپی پادشایی شكسپیر، ئەو شۆڕشە ئەزموونگەرییەی ئەو تیپە بەخۆیەوەی بینی، لەدایكبووی ڕێكەوتێك نەبوو، بەڵكو سەرەنجامی كۆمەڵێ‌ ئەزموونی نوێ‌ و توێژینەوەو بەدواداگەڕان بوو، لە كرۆكی هونەری نواندندا.

(برۆك) یەكێك بوو لەو شانۆكارانەی كە بە ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی، لە شەستەكانەوە توانی لەگەڵ كۆمەڵێ‌ ئەكتەری بەتوانستی گەنج لەو تیپەدا دەست پێ‌ بكات، ئەو كات برۆك لەژێر كاریگەریی ئەنتۆنی ئارتۆ و كرۆتۆفسكی كاری دەكرد، ستایلی كاركردنیشی پشتی بە هونەری ئیرتجالی و ئیبتیكاری دەبەست، كە ئەكتەر داهینەری بوو، بەهاوبەشی لەگەڵ بینەردا لە چوارچیوەی ئەتمۆسفیرێكدا، هاوشێوەی شانۆیی (توندو تیژی ) بەتایبەت ئەو كارانەی بیتەر هۆل، لە سەرەتای كارەكانی تیپی شكسپیر پێشكەشی دەكردن .

كاتێ‌ بیتەر هۆل ساڵی 1960 تیپی شكسپیری دامەزراند، كۆمەڵێ‌ ئەكتەری بەتواناو بوێری لە دەوری خۆیدا كۆ كردەوە، ئەگەرچی لەو كاتەدا بە دەیان تیپی شانۆیی هەبوون، بەڵام بیتەر باشترین ئەكتەرە بەتوانستەكانی بۆ تیپەكەی خۆی ڕاكێشا و هەوڵی ئەوەی دا ڕێكخستنێك لەگەڵ حكومەتدا بكات، بۆ پشتگیریی دارایی و بەردەوامبوونی تیپەكەی، بۆ ئەوەی خۆی دوورەپەرێز ڕابگرێت لە شانۆی بازرگانی، كە هەندێك بۆ پەیداكردنی سەرمایە بۆ تیپ هەوڵیان بۆ دەدا، لەلایەكی دیكەوە بۆ یەكەم جار (بیتەر هۆل) هەوڵی دروستكردنی شانۆی نەتەوەیی دا، بەمەش بیتەر بووە خاوەنی یەكەم دەستپێشخەری بۆ دروستكردنی شانۆی دامەزراوەیی لە بەریتانیادا .

تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

بیتەر هۆل ـ هەوڵێكی زۆری دا بۆ پتەوكردنی بنەماكانی شانۆی شكسپیر لە رێگەی پێشكەشكردنی كۆمەڵێ‌ بەرهەمی نایابەوە، ئەگەرچی زۆر لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە دەستپێكی ڕاستەقینەی ئەو تیپە لەگەڵ پێشكەشكردنی شانۆگەریی (لیر پاشا) ی شكسپیر بووە ساڵی 1962 لەلایەن بیتەر برۆكەوە. پێشتریش لەگەڵ شانۆگەری (خەونی نیوەشەوی هاوین) بە هەمان شێوە، بیتەر برۆك هەوڵی ئەوەی داوە كە بینەر ئاوێتەی نمایشی شانۆیی بكات، بۆ ئەوەی ببێت بە پارچەیەك لە جەستەی شانۆ، هەمیشەش بیتەر بایەخی بە دیكۆری زۆر سادە داوە، كە لە چەند پارچە تەنەكەیەكی لاكێشەیی تێپەڕی نەكردووە و هێمای سێ‌ پیاوە دەسەڵاتدارەكان بووە لای ئەو، كەلە ژێر ئەو سێ‌ پارچە تەنەكەیەدا، لە ژێر با و باراندا بە جووڵەی جەستەیی گوزارشتیان لە هەڵچوونی خۆیان دەكرد.

تیپی شانۆیی پادشایی شكسپیر (1-2)

ماوەیەك بوو تیپەكە هەموو ئەو شاكارە جوانانەی لە (سترافۆرد) پێشكەشییان دەكرد، دەیانگواستەوە بۆ لەندەن، بۆ ئەوەی زۆرترین بینەر شانۆگەرییەكانیان ببینێ‌، ئەوە بوو تیپەكە لە ساڵانی 1963و 1964و لە ژێر چاودێریی (بیتەر هۆڵ) گەیشتە پۆپەی سەركەوتن، لە 400ـەمین ساڵیادی شكسپیریشدا تیپەكە زۆرترین بەرهەمەكانی شكسپیری بەو بۆنەیەوە لە سترتفۆرد نمایش كرد، لەوانەش شانۆگەرییەكانی (ریچاردی دووەم، هنری چوارەم و هنری پێنجەم و چەند شانۆگەرییەكی دیكە، هەموو ئەو شاكارە نایابانەی شكسپیر بە هاوشێوەی دەستپێكێكی نوێی داهێنان بوو بۆ بیتەر هۆل، بۆ دواندنی بینەرێكی نوێی شانۆ، ئەو هەمیشە بۆ ئەوە كاری دەكرد، كە بینەر بورووژێنێ‌ و هانی بدات پرسیاری لا دروست بێت و خۆی بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێت، هەروەها (بیتەر) هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە ناشێت شكسپیر بە زیندوویەتی نیشان بدەین، ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا بەراوردیان نەكەین كە ئێستا لە دەوروبەرماندا ڕوو دەدەن .

Top