ئاوڵەی مەیموون چییە؟
ئاوڵەی مەیموون Mpox نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە وەكو مەیموون و شیردەرەكانی دیكە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ. ڕێگەكانی گواستنەوە: بەركەوتنی ڕاستەوخۆ بە ئاژەڵی تووشبوو، بەركەوتنی نزیك بە مرۆڤی تووشبوو، هەروەها بەركەوتنی ڕاستەوخۆ بە كەلوپەلی ئالوودەبوو بە ڤایرۆسەكە. ئەگەرچی ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەكی مەترسیدار نییە، بەڵام ئەوانەی كە بەرگریی لەشیان كزە، وەكو منداڵانی ژێر یەك ساڵی و ئافرەتی دووگیان بە سەختی تووشی دەبن. تووشبوو هەتا نیشانەكانی مابن، ڤایرۆسەكە دەگوازێتەوە، نیشانەكان لە ماوەی 3-17 ڕۆژ پاش بەركەوتن بە ڤایرۆسەكە سەرهەڵدەدەن بە شێوەی: تا، دەركەوتنی پەڵەی پێست لە ماوەی 1-4 ڕۆژ پاش دەستپێكی تا، ئاوسانی لیمفە گرێیەكان، سەرئێشە، ئازاری ماسوولكە، لەرز، لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون. پەڵەكان سەرەتا لە پێستی دەموچاودا دەردەكەون، پاشان دەست و پێیەكان، ئینجا بەشەكانی دیكەی لەش، پاشان پەڵەكان دەبنە بڵۆق و لە ماوەی 2-4 هەفتەدا وشك دەبن. خۆپاراستن: دووركەوتنەوە لە بەركەوتن بە ئاژەڵ و كەسانی تووشبوو، هەروەها وەرگرتنی ڤاكسینی خوریكە.