دكتۆر دڵشاد مەحموود گەڵاڵی پسپۆڕ لە فقهی ئیسلامی بۆ گوڵان:   ئیسلامی سیاسی لە ڕێگەی سۆزی دینداری و هەنگاوە ژەهراوییەكانیانەوە دەیانەوێت خەڵك و كۆمەڵگەی كوردی موسڵمان هەڵخەڵەتێنن

دكتۆر دڵشاد مەحموود گەڵاڵی  پسپۆڕ لە فقهی ئیسلامی بۆ گوڵان:     ئیسلامی سیاسی لە ڕێگەی سۆزی دینداری و هەنگاوە ژەهراوییەكانیانەوە دەیانەوێت خەڵك و كۆمەڵگەی كوردی موسڵمان هەڵخەڵەتێنن

 

 

لە دوای نەمانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستنەنبوڵ ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین لە میسر دامەزرا، پاشان ئەو فكرە بووە جیهانی و بووە هۆكاری ئەوەی كە ئیسلام بۆ سیاسەت و عیبادەت دابەش بكەن، ئەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر ئیسلام دروست دەكات، لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر دڵشاد مەحموود گەڵاڵی پسپۆڕ لە فیقهی ئیسلامی و یاسای تایبەت، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی عومەری بن خەتاب لە هەولێر ئەنجام دا.

 

* لە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین لە میسر دامەزرا، بۆ دووبارە گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی ئیسلام دابەش ببێت بۆ سیاسی و عیبادەت، ئایا ئەم دابەشكردنە تا چەند خزمەتی بە ئیسلام كردووە؟

- خۆی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا حزبایەتی بە ناوی ئیسلامەوە حەرامە، بە بەڵگەی ئەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پارچەپارچەیی و بوون بە گرووپی جیاواز و دووبەرەكیی قەدەغە كردووە، وەك خودای گەورە دەفەرموێت: (واعتصموا بحبل الله جمیعا ولا تفرقوا) واتە هەمووتان دەست بە ڕشتە و ڕێبازی خوداوە بگرن و پچڕ پچڕ و لێكترازو مەبن. ئینجا لەبەر ئەوەی ئەم دابەشبوونە سەر دەكێشێت بۆ دووبەرەكی و تەفرەقەی حزبایەتی و گرووپ گرووپێنە، ئەوەش لە ناو دینی ئیسلامدا حەرامە، جیا لەوەش ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینێكی ئومەمی و گشتییە، ئایینێك نییە كورت كرابێتەوە لە گەلێكدا، بەڵكو ئیسلام دینێكی جیهانی و عالەمییە، بۆیە دروستكردنی حزب بە ناوی ئیسلامەوە بچووككردنەوەی ئیسلامە لە دینێكی جیهانییەوە بۆ دینی گرووپ و تاقمێك، ئەوەش زەرەری زۆرە بۆ ئیسلام و موسڵمانان. ئیسلام لە بەرئەوەی گەورەیە پێویستی بەوە نییە حزبێك و لایەنێك بێن بە خەڵكی بناسێنن و خەڵكی بێننە ناوی، چونكە دینی ئیسلام خەڵك هەر بە فیترەتی خۆی قەبووڵی دەكەن و كاری پێ دەكەن و بەڵگەشمان زۆرن. من دەپرسم: ئایا پێش پەیدابوونی گرووپ و دەستە و تاقمی ئیسلامی سیاسی، خەڵك دیندارتر و خوداناستر بوو، یان ئێستا؟ من بیرم دێت كە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو خەڵك سۆز و خۆشەویستی و ئیشتیاقی زۆرتر بوو بۆ دین و خوداپەرستی نەك ئێستا، كە تەفرەقە و دووبەرەكی بە ناوی ئیسلامەوە هەیە، ئەو كات خەڵك هەر نەیاندەزانی حزبی ئیسلامی چییە. پێم سەیرە خودا یەك خودایە و پێغەمبەری ئیسلامیش هەر یەك پێغەمبەرە و قورئانیش یەك قورئانە، ئەی ئەم هەموو گرووپ و تاقمە جیاوازانە لەپای چی؟

* بەپێی ئەم مێژووەی ئیخوان موسلمین، ئەوە دەركەوتووە كە فیكری ئیسلامی سیاسی بایەخ بە پرسی خاك و نەتەوە نادات، پیرۆزییەكانی نەتەوە بێبەها دەكەن، ئایا سڕینەوەی ئینتیما و پیرۆزییەكانی نیشتمانی چ كارەساتێكی لێ دەكەوێتەوە؟

- خۆی ئایین و نەتەوە دوو چەمكی پێكەوە گرێدراوی یەكترن، نە ئایین لە نەتەوە جیایە و نە نەتەوەش لە ئایین جیایە، هەردووكیان بە یەكەوە گرێ دراون. پێغەمبەرمان سۆزی نەتەوایەتیی هەبووە و دەریبڕیوە كاتێك لە مەككە كۆچی كرد بۆ مەدینە، فەرمووی «ئەی مەككە سوێند بە خودا تۆ خۆشەویستترین پارچە زەوی و پیرۆزترین خاكی لای من، ئەگەر دانیشتووانت منیان دەرنەكردبا، جێم نەدەهێشتی». من نیشتمانم نەبێت و نەتەوەم نەبێت، چۆن خوداپەرستیم پێ دەكرێت؟ ئەو چرایەی بە تەمای چرای دراوسێ دادەگیرسێت هەردەم كوژاوەیە، ئەگەر خاك و نەتەوەم نەبێت، مزگەوت و خوداپەرستیشم نابێت. جگە لەوەش ئێستا گوایە ئوممەی ئیسلامی هەیە لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامیدا، بانگەشە بۆ ئوممەیەكی ئیسلامی و ئوممەیەكی بێ جیاوازی دەكەن، گوایە هەمووی یەكە و تەبا و برایە! ئەی ئەگەر وایە، بۆ بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی هەیە و هەر كەسە و ماڵ و حاڵی خۆی هەیە، تەنیا بە كوردی ڕەوا نابینن وڵاتی خۆی هەبێت و بە ئاسوودەیی لە ماڵی خۆیدا دابنیشێت، ئەوان لە لایەك دەڵێن موسڵمانان هەموویان برای یەكترن، لە لایەكی دیكەش دەڵێن ئەو برایەم دەبێ بچەوسێندرێتەوە و بەر تۆپ و تەیارە و تانك بكەوێت و ماڵی وێران ببێت و ژێردەست و كۆیلە و داماو بێت، لە كاتێكدا پێغەمبەرمان فەرموویەتی «هیچ كەسێك لە ئێوە باوەڕی تەواوی نابێت، تاوەكو ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برای موسڵمانیشی پێ خۆش نەبێت»، ئەی كوا؟ كوا جێبەجێكردنی ئەم چەمكە؟ هەر لە زووەوە خەڵكانێك ویستوویانە بە ناوی دین و دیندارییەوە سۆزمان بجووڵێنن و فێڵمان لێ بكەن، خۆیان ئازاد بن و ئێمەش بە كۆیلە و ژێردەست سەیر بكەن، ئینجا بۆ جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانەیان هاتوون دەیان و سەدان گرووپی دینییان دروست كردووە، بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەم نیازە چەپەڵەیان بۆ بكەن و فێڵەكانیان لەم ڕێگەیەوە سەر بگرێت و بگاتە مەبەست.

* ئێمەی كورد وەك گەلێكی موسڵمان خاوەنی مێژوویەكی پاكی موسڵمانیەتی و كوردایەتین و چەندین زانای گەورەی ئیسلامیمان هەیە، بۆچی ئیسلامی سیاسی ئەم مێژووە فەرامۆش دەكات؟

- ئێمە وەك گەلی كورد نەك هەر لە یەك ڕووەوە، بەڵكو لە زۆر ڕووەوە خزمەتمان بە موسڵمانان و ئوممەی عەرەبی كردووە، هەزاران زانای گەورە و بەتوانامان پێشكەش بەوان كردووە. سەڵاحەدینی ئەیوبییەكمان پێشكەش كردن كە قودسی بۆ ڕزگار كردن، ئوممەی عەرەبی ئێستاشی لەگەڵدابێت نەیانوێراوە و ناشوێرن نووقەیەك بەرانبەر بە جوولەكە بكەن، ئینجا لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە مێژووی گەلی كورد بشێوێنن، بۆیە ئێستاش ئەم كارە لە ڕێگەی هەندێك گرووپی ئیسلامی سیاسییەوە دەكەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەم هەنگاوە ژەهراوییانەیان جێبەجێ بكەن، بەم گرووپ و تاقمانە لە ژێر سێبەری سۆزی دینداریدا خەڵكی هەڵخەڵەتێنن و مێژوومان بشێوێنن، چونكە لە ڕاستیدا عەرەبە شۆڤێنییەكان هیچ كاتێك نەیانویستووە مێژووی گەلی كورد دیار و ئاشكرا ببێت، ئینجا هاتوون لە ڕێگەی دینەوە ئەم مەرامەیان جێبەجێ كردووە، ئەگینا شاردنەوە و شێواندنی مێژووی گەلێكی خاوەن سەروەری جگە لە نیازی گڵاو و دوژمنكاری چیتر لەخۆ دەگرێت و چ تەفسیرێك هەڵدەگرێت.

* حزبە ئیسلامییەكان پرۆسەیەك بەڕێوە دەبەن، وەك ئەوەی بیانەوێت سەرلەنوێ كۆمەڵگەی كوردستان بە ئیسلام بكەنەوە، ئایا دەكرێت ئیسلامەتی تەنیا ئەو ئیسلامە بێت كە حزبە ئیسلامییەكان پێناسەی دەكەن؟

-  ئەوە ڕاستە، زۆریشیان زۆرجار ئەوەیان دووپات كردووەتەوە و گوێمان لێیان بووە كە گوتوویانە تائێستا باب و باپیرانمان لە گومڕاییدا بوون و ڕەنجیان بەفیڕۆ داوە. گەنجی زۆرمان بینیوە كە دەستی كردووە بە خوداناسی و دەستی كردووە بە پابەندبوون، پێیان گوتووە (الحمدللە) خودا هیدایەتی دایت، لە كاتێكدا ئەم گەنجە پێشتریش نوێژی كردووە و ڕۆژووی گرتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەچووەتە ناو ڕیزەكانی ئەوان، گومڕا بووە و سەرلێشێواو بووە و تازە خودا هیدایەتی داوە و بووە بە موسڵمان. ئەوەی لە ناو بازنەی حزبەكەی ئەواندا نەبێت، بە موسڵمانی مولتەزیم و ئیمانداری ڕاستی نازانن، نموونەشمان زۆرە بۆ ئەمە، بۆ نموونە هەر خۆبەخۆیان ئیخوان لای سەلەفی بە موسڵمانی ڕاست هەژمار ناكرێت و سەلەفییش لای ئیخوان قەبووڵكراو نییە، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی ئەم گرووپانە پەیڕەوانی گرووپێكی دیكەیان پێ موسڵمانی تەواو نییە، ڕق و دووبەرەكی و ڕەفزكردنی یەكتری لە نێوانیاندا هەیە.

* خاڵێكی دیكەی ترسناك لە فیكری ئیسلامی سیاسیدا پرسی دووبارە تەفسیركردنەوەی (فتوا)دانە، لە ئیسلامدا دەبێت حكومەت، یان ئەمیر ئەلموئمنین فتوا بدات، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەڵێت هەر كەسێك دەتوانێت فتوا بدات و خەڵك بكوژێت. ئایا ئەمە بێماناكردنی فتوا و دروستكردنی ئاژاوە نییە لە كۆمەڵگەدا؟

- فتوادان كارێكی سادە نییە و هەموو كەسێك ئەهلی فتوادان نییە، بەڵكو فتوادان و موفتی مەرجی خۆی هەیە، ئەو فتوایانەی كە ئەوان (گرووپە ئیسلامییە سیاسییەكان) دەیگۆڕن و دایدەڕێژنەوە، لەبەر ئەوەیە فتوای زانا بەرز و خاوەن زانستەكان لەگەڵ بەرنامە و ئە جیندای ئەماندا یەك ناگرێتەوە، بۆیە دێن سەرلەنوێ فتوایەكی دیكە دادەڕێژنەوە بۆ ئەوەی لایەنگرانیانی پێ لەخشتە ببەن و بۆیان بشەرعێنن، فتوای هەڵەش كاولكاریی زۆری بەدواوەیە.

 

Top