نەوزاد سەعید پارێزەر لە هەولێر: ئەم هەمواركردنە ڕێگە دەدات كچی زۆر منداڵ مارەی ببڕدرێت و  فەرزی دەكات دادگا پەسەندی بكات

نەوزاد سەعید پارێزەر لە هەولێر:  ئەم هەمواركردنە ڕێگە دەدات كچی زۆر منداڵ مارەی ببڕدرێت و  فەرزی دەكات دادگا پەسەندی بكات

 

 

بەپێی ئەو پێشنیارەی پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە بۆ هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق، چەند ماددەیەك دەخرێتە ناو ئەو یاسایە كە لە یاساكەی ئێستا بوونیان نییە لەوانە:

ژن و مێرد لەكاتی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەو مەزهەبە دیاری دەكەن كە پیاوەكە هەڵیدەبژرێت، ئەوجا چ مەزهەبی شیعە بێت یان یەكێك لە مەزهەبەكانی سوننە بێت.

ئەگەر مەزهەبی جەعفەری شیعی هەڵبژێرا ئەوا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، لە خۆگرتنی منداڵ .. هتد بەپێی ئەو ئەحكامانە دەبێت كە مەزهەبەكە دیاری دەكات.

ئەم هەمواركردنە تەمەنی هاوسەرگیری دیاری دەكات، ئەگەر مامۆستایەكی ئایینی كچێكی مارە كرد لە تەمەنی باڵق بوون، با تەمەنەكەش زۆر كەم بێت وەك دەڵێت مەزهەبی شیعە دەڵێت لە 9 ساڵ كەمتر نەبێت، ئەوا فەرز دەبێت دادگا ئەو هاوسەرگیرییە دەبێت پەسەند بكات.

ئەگەر ئەم هەمواركردنە لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕێنرێت، بێگومان دەبێتە یاسا و دەبێت لە پارێزگاكانی عێراق بێجگە لە هەرێمی كوردستان كاری پێبكرێت، جێبەجێكردنی ئەو یاسایە كە سەپاندنی ئەحكامەكانی مەزهەبی شیعە و سوننەیە بەسەر دادگاكاندا، دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە كۆمەڵگەی عێراقی لەسەر بنەمای هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە لەیەكتری جیابكاتەوە، لەبەر ئەوەی بوار دەدات بەوەی كچ لە تەمەنی باڵق بوون مارە بكرێت، ڕێژەی جیابوونەوە و تەڵاق زۆر زیاد دەبێت، پرسێكی دیكە كە لە كۆمەڵگەی عێراقیدا باوە، مەسەلەی هاوسەرگیری تێكەڵە لە نێوان سوننە و شیعەدا، ئەوجا یان جاری وایە ژنەكە سوننەیە و پیاوەكە شیعەیە یان بەپێچەوانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەو مەزهەبەی پیاوەكە دیاری دەكات بەسەر ژنەكەشدا فەرز دەكرێت، بۆیە زۆر جار لە حاڵەتی لەو جۆرەدا مافی ژنەكە پێشێل دەكرێت.

خاڵێكی دیكە كە دەكرێت هەڵوەستەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە جیاوازی تەمەنێكی زۆر لە نێوان هاوسەران دروست بۆ نموونە لەوانەیە پیاوەكە تەمەنی 30 ساڵ و بەرەو ژوور بێت، بەڵام هاوژینەكەی تەمەنی 10-11 ساڵ بێت، ئەم لایەنە كە لەرووی بایولۆژییەوە دەرهاویشتەی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە پزیشكەكان باشتر دەتوانن قسەی لەسەر بكەن بەڵام لەڕووی مرۆییە پێشێلكردنی مافی مرۆڤە.

 

Top