توێشكی برۆ
توێشكی برۆ Eyebrow dandruff وەكو توێشكی پێستی سەر، هەوكردنێكی سووكی پێستە بە شێوەی پەیدابوونی تفری سپیی زەردباو لە پێستی برۆ و دەوروبەریدا، كە لەوانەیە هاوكات بێت لەگەڵ سووربوونەوە و خورشتدا. هۆكارەكان: هەوكردنی چەوریی پێست لە ئەنجامی هەوكردنی درێژخایەن بە كەڕووی مالاسسێزیا Malassezia، هەوكردن لەبەر بەركەوتنی پێست بە ماددەیەكی كیمیایی دەرەكی Contact dermatitis وەكو شامپۆ یان ئارایشت یان ماددەی پاككەرەوە بە شێوەی خورشت و سووتانەوەی پێست لەگەڵ دروستبوونی تفری سپی، وشكبوونی پێست كە هۆكارێكی باوە بۆ توێشكی برۆ، ئەكزیما كە دەبێتە هۆی دروستبوونی قانی هەوكردن و سووتانەوە لە شوێنی جیاوازی پێستدا، كە پێستی برۆكانیش دەگرێتەوە، هەروەها نەخۆشیی سەدەف Psoriasis لە پێستی برۆ و نێوچەواندا. چارەسەركردن: دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكان، بەكارهێنانی شامپۆی دژەتوێشك بە ڕێنمایی دكتۆر، هەروەها دەرمانی دژەهەستەوەری لەكاتی بوونی خورشت و سووتانەوەدا. خۆپاراستن: بەكارهێنانی ئاوێتەی شێداركەرەوەی پێست Moisturizer لەكاتی وشكبوونی پێستی دەموچاودا، بەكارهێنانی ئاوێتەی دژەهەتاو لەكاتی پێویستدا، هەروەها دووركەوتنەوە لە هەر پاككەرەوە یان ماددەیەكی كیمیایی كە ئەگەری هەستەوەری لێ بكرێت.