ئەركەكانی خێزان پێش دەسپێكی ساڵی تازەی خوێندن

ئەركەكانی خێزان پێش دەسپێكی ساڵی تازەی خوێندن

ماوەیەكی زۆری نەماوە تا ساڵی خوێندن دەستپێبكات، بۆیە گرنگە لە ئێستاوە خێزان سستمی ژیانی خێزانی خۆیان بەشێوەیەك ڕێكبخەنەوە تا لە كاتی دەستپێكردنی خوێندن كارەكەیان ئاسانتربێت.
لەگەڵ كردنەوەی دەرگاكانی قوتابخانە ئەرك و بەرپرسیاریەتی دایك و باوك زیاتر دەبێت. پێش دەست پێكردنی خوێندن بە مانگێك دەبێ منداڵەكانیان ڕابهێنن لەكاتی خۆی بخەون و چالاكیەكانی ڕۆژانەیان ڕێكبخرێت.
لە شەو و ڕۆژێكدا منداڵانی ٦-١٢ساڵی پێویستیان بە (١٠-١١) كاتژمێر خەوتن هەیە ، لە سەرووی ١٢ ساڵ پێویستی بە (٨-٩) كاتژمێر خەوتن هەیە. بۆ ئەوەی قوتابیەكان چالاكانە و بە وریایەوە بتوانن ئامادەی وانەكانیان بن و سەرنجیان لەلای دەرسەكانیان بێت وسوودی لێوەرگرن، گرنگە كاتی پێویست بخەوەن.
ئەركی دایك و باوكە كاتەكانی منداڵەكانیان ڕێكبخەن، منداڵ چاو لە ڕەفتاری دایك و باوكی دەكات، بۆیە دەبێ دایك و باوك ببن بە پێشەنگ بۆ منداڵەكانیان و لە ئاست ئەم ئەرك و بەرپرسیاریەتیە گەورە و پیرۆزەبن، سەرەتا كات و سستمی ماڵەكەیان بەشێوازێك ڕێكبخەن كە یاریدەدەربێت بۆ ریكخستنی كاتەكانی منداڵەكانیان. دایك و باوك هەموو چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانیان بە ڕۆژ جێبەجی بكەن بە شێوازێك سەردان و مێوانداری لە ئێواران نەكەن، ئەم كاتە تەرخان بكەن بۆ منداڵەكانیان.
وەك هاوكاریەك بۆ دایك و باوكان چەند ڕێنمایەك دەخەمەڕوو.
كاتژمێر شەشی ئێوارە كاتی نان خواردنی ئێوارەبێت، لە هەمان كات خەتی ئینتەرنێت دابخرێت. دواتر كاتی شوشتن و ددان شوشتنی منداڵەكان، جلی خەوتن لەبەربكەن. منداڵەكان بچەنە سەرجێگای خەوتن، گرنگە پێشخەوتن دایك یان باوك كتێبێك یان چیرۆكێك بۆ منداڵەكانیان بخوێنەوە، ئەمە یارمەتی دەدات كە خۆشەویستیان بۆ كتێب وخوێندنەوە دروستبێت و هەروەها یارمەتی دەدات فانتازیا و خەیاڵیان گەشەبكات.

بەیانیان زوو منداڵەكان لە خەوهەڵبستێنن، تا كاتێكی باشیان هەبێ بە هێمنی جلی قوتابخانە لەبەربكەن و نانی بەیانی بخۆن، گرنگە كە میوەیەك یان ساندویچەك لەگەڵ منداڵەكانتان بنێرن بۆ قوتابخانە، لە كاتی برسیبوونیان بیخۆن.
لەكاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، سەرەتا جلیان بگۆڕن ودەستیان بشۆن و پشوەك بدەن، دواتر نان نیوەڕۆ ڕۆژانە لە كاتی دیاریكراو بخۆن. دوای نان خواردن هاوكاری منداڵەكانتان بن لە جێبەجی كردنی ئەركەكانی قوتابخانە.
دوایی ئەنجامدانی ئەركەكانی قوتابخانە كاتێك بدە بە منداڵەكەت كە بە ئارەزووی خۆی بەكاریبهێنێت (لە دوورەوە چاودێری بكە).
منداڵان جیاوازن لە حەز و ئارەزووەكانیان، بەپێی ئارەزوو و حەزەكانی منداڵەكانتان ڕەوانەی خولەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی گەشە بە حەز و ئارەزووەكانیان بدرێت.
پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە گرنگی زۆری هەیە، بۆیە هەوڵبدەن بەبەردەوامی سەردان یان لە ڕیگای پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مامۆستای منداڵەكەت ئاگاداری باروودۆخی منداڵەكەتبیت لە قوتابخانە، هەروەها ئەگەر هەر بابەتێك لە ماڵەوە هەبوو كە كاریگەری هەبێ لەسەر خوێندنی منداڵەكەت، گرنگە مامۆستای سەرپەرشتیاری مندالەكەت ئاگاداربكەیتەوە بۆئەوەی بەهەندی وەربگرێت لە كاتی وانەبێژی و مامەڵكردن لەگەڵ منداڵەكەت.
هیوادارم ئەم ساڵی خوێندن بۆ قوتابیان ساڵێكی سەركەوتوو و بەسوود بێت.

 

 

م. سەلام شێخ بزێنی

 

Top