میگان فۆكس:كۆمەڵگە ئافرەتان ناچار دەكات كە لە ڕكابەرێتیدا بن

میگان فۆكس:كۆمەڵگە ئافرەتان ناچار دەكات كە لە ڕكابەرێتیدا بن

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ماڵپەڕی فیمیل فیرست خانمە ئەكتەر(میگان فۆكس) تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی ژیانی تایبەتی خۆی و ئەو ڕۆڵانەی كە دەیبینێت.

میگان سەرەتا باسی لە پەیوەندیی هاوڕێیەتی لە نێوان ئافرەتان كردووە، لەو بارەوە دەڵێ: «زۆر زەحمەتە پەیوەندیی هاوڕێیەتی لە نێوان ئافرەتاندا هەبێت، چونكە لە ڕكابەرێتییەكی بەردەوامدان بۆ ئەوەی خۆشەویستیی پیاوان بەدەست بهێنن، خودی كۆمەڵگەش ئافرەتان ناچار دەكات كە لە ڕكابەرێتیدا بن بۆ بەدەستهێنانی دڵی پیاوان، بۆیە زەحمەتە ئافرەت هاوڕێیەكی ئافرەتی هەبێت كە تەواوی گرنگیی خۆی بەو ئافرەتە ببەخشێت».

سەبارەت بەو ڕۆڵانەی كە لە فیلمەكان دەیبینێت مێگان دەڵێت: «من بۆ خۆم ڕۆڵ دیاری ناكەم، بەڵكو دەرهێنەر و هەندێك جار بەرهەمهێنەران ئەكتەر هەڵدەبژێرن بۆ ڕۆڵێكی دیاریكراو، هەر ڕۆڵێك دەرهێنەر بە منی بسپێرێت، من ئامادەییم هەیە بۆ بینینی، تەنانەت ئەگەر ڕۆڵی دراكۆلاشم پێ بسپێردرێت، ئامادەم بیبینم و زۆریش خۆمی بۆ ماندوو دەكەم، بەڵام بەر لە هەر شتێك پێویستە ڕۆڵەكە بە باشی بخوێنمەوە، چونكە منیش مرۆڤم و تووشی گرفتەكانی ژیان دەبمەوە و هەست بە تووڕەیی دەكەم، زۆر جاریش هەوڵ دەدەم بەشێك لەو تووڕەبوونەم كەم بكەمەوە».

میگان دواتر باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی كرد و لەم ڕووەوە زۆر شتی نهێنیی ئاشكرا كرد و گوتی: «من بە ڕەچەڵەك فەرەنسی و ئێرلەندیم و لە خانەوادەیەكی دینداری كریستیاندا پەروەردە كراوم، ڕەنگە بۆ زۆر كەس سەیر بێت، بەڵام من زۆر لە فڕۆكە و تاریكی دەترسم و زۆر جار تووشی دوودڵی و دڵەڕاوكێ و بڕوانەبوون بەخۆم دەبمەوە، بۆیە زۆریش لەوە دەترسم ژیانم وەكو مارلین مۆنرۆ كۆتایی پێ بێت، بەڵام بۆ سەركەوتن لە ژیان پشت بە خۆم دەبەستم، ڕۆژانەش كتێب دەخوێنمەوە و سەیری چیرۆكەكانی ئەنیمەیشن و یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەكەم».

Top