بریس دالاس: لە سەرەتای كاری هونەریمدا بڕوام بە خۆم نەبوو
خانمە ئەكتەر ودەرهێنەری ناسراوی ئەمریكی بریس دالاس هوارد لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە كە حەز ناكات خۆی بە سیستمێكی تایبەتی خۆراكەوە ببەستێتەوە، ئەو دەڵێت دەمەوێ چۆنم هەر بەو شێوەیە بم، چونكە زۆر جار پەیڕەوكردنی سیستمێكی قورسی خۆراك بۆ دەستكەوتنی لەشولارێكی ڕێك، زیانی تەندروستیی دەبێت.
سەبارەت بە كاریگەریی خۆراك بەسەر جەستەیەوە بریس دەڵێت: «زۆر لەو سیستمە خۆراكییانە وات لێدەكەن كە خۆت لە چەندین جۆری خۆراك بێبەش بكەیت بۆ مەبەستێكی تایبەت، ئەگەر ئەمەش ئەنجام بدەیت دوور نییە پەیوەندیت لەگەڵ لەشولار و ئارەزووەكانت بپچڕێت، بەتایبەتی ئەگەر لە تەمەنێكی زوودا بێت، چونكە بینیومانە چەندین ئافرەت كەوتوونەتە نێو هەڵدێری كەمخواردنەوە و تووشی زۆر گرفتی تەندروستی و دەروونی بوونەتەوە، چونكە تەواوی بیركردنەوەیان تەنیا لەسەر ئەو بابەتەیە بێ ئەوەی بیر لە زیانەكانی بكەنەوە، كە لە كۆتاییدا ناتوانن تا هەتایە بەردەوام بن، بەمەش گرفتە تەندروستییەكان دەست پێدەكەن.»
لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەیدا بریس باسی كارە هونەرییەكانی و كاریگەریی باوكی وەك دەرهێنەر و خاوەن خەڵاتی ئۆسكار دەكات، لەم ڕووەوە دەڵێت: «وەك زۆر لە ئەكتەرەكان لە سەرەتای كاری هونەریمدا هەستم بە جۆرێك لە شڵەژان و بڕوانەبوون بە خۆم دەكرد، چونكە من هەوڵمداوە بوونی خۆم بسەلمێنم بە تواناكانی خۆم، نەك لەبەر ئەوەی كە كچی دەرهێنەر (ڕوون هەواردی) خاوەنی خەڵاتی ئۆسكارم، هەرچەندە باوكم پاڵپشتییەكی زۆری دەكردم و هانی دەدام بۆ پێشكەشكردنی باشتر و پشتبەستن بە تواناكانی خۆم.»