ئەلبۆمی گۆرانییەكانی تیپی موزیكی (زیر و بەم)بڵاوكرایەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێكەوتی 23/2/2025 لە هۆتێل چوارچرا لە شاری هەولێر,بە ئامادەبوونى (ئومێد خۆشناو) پارێزگارى هەولێر و (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەك لە هونەرمەند و نووسەران و هونەردۆستان،لە مەراسیمێکدا تۆڕى میدیایی کوردستان گۆرانییەكانی تیپی موزیكی “زیر و بەم”ى لە ئەلبۆمێكدا بڵاوکردەوە.

ئەم ئەلبۆمە كە چوار ڤیدیۆ كلیپ و حەوت گۆرانی لەخۆ دەگرێت بە سەرپەرشتی هونەرمەند و ئاوازدانەری دیاری كورد (وریا ئەحمەد) و بە بەشداری خاتوونی هونەرمەند (پەیام) و پۆلێك لە موزیكژەن بەرهەم هاتووە.

لە مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا،بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەیان پیرۆزبایی لە هونەرمەندانی تیپی میوزیکی "زیر و بەم" کرد و ئومێدی سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و پاڵپشتی و هاوکاری پارێزگای هەولێری بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە,پاشان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە پای ئەو ئەزموونە زۆرە و خزمەتیان بە هونەری كوردی،خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە هونەرمەندی دیاری کورد(وریا ئەحمەد) وەك دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری تیپەکە کرا.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی


