ڕیحان خەزنەوی بۆ گوڵان:ئەوروپییەكان ئارەزوو دەكەن زیاتر ئاشنای هونەر و كلتووری كوردی بن

ڕیحان خەزنەوی بۆ گوڵان:ئەوروپییەكان ئارەزوو دەكەن زیاتر ئاشنای هونەر و كلتووری كوردی بن

ریحان سەعید خەزنەوی لەم دیمانەیەی لەگەڵ گوڵاندا تیشك دەخاتە سەر گرنگیی پەرەپێدانی هونەر و كلتووری كوردی لە دیاسپۆرا، كە دەبێتە پردێك بۆ ناساندنی زیاتری كورد و كلتوور و فەرهەنگی لە دەرەوە و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی كە دەڕەخسێندرێن، هەروەها باس لە هەماهەنگیی نێوان دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بۆ پێشخستنی هونەر و كلتووری كوردی لە دەرەوە.

*لە ڕۆژی لە دایكبوونتدا بە شێوازێكی جیاواز دەركەوتی، هۆكاری چی بوو؟

-ویستم ساڵەكەم بە هەنگاوێكی ئەرێنی و كارێكی بەسوود بۆ كەسانی دیكە و وزەیەكی ئەرێنی و دەستكەوتێكی گەورە دەست پێبكەم، هەروەها شادی بخەمە سەر ڕووخساری بەشداربووان.

ڕیحان خەزنەوی بۆ گوڵان:ئەوروپییەكان ئارەزوو دەكەن زیاتر ئاشنای هونەر و كلتووری كوردی بن

*چ هەنگاوێك پێویستە هونەرمەندان و داهێنەران و دیزاینەرانی جلوبەرگی كورد لە ئەوروپا بینێن، تاوەكو پارێزگاری لە كلتور و هونەر و فەرهەنگی كوردی بكەن؟

-بە ڕای من زۆر كار هەیە هونەرمەندان دەتوانن ئەنجامی بدەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، لەوانە تێكەڵكردنی سیمبولە كوردییەكان لە كارەكانیاندا، ڕێكخستنی پێشانگە و نماییشەكان بۆ ناساندنی هونەری كوردی بە جیهان، هەماهەنگیكردن لەگەڵ دامەزراوە كلتوورییەكانی ئەوروپا، سوود وەرگرتن لە ڕاگەیاندن و تەكنەلۆژیا، دیكۆمێنتكردن و پاراستنی دیزاینە كلتوورییەكان بە شێوەیەكی یاسایی، نمایشكردنی جلوبەرگ و هونەرە كوردییەكان لە جیهاندا و بەرزڕاگرتنی بۆنە نەتەوەیی و كلتوورییەكانی وەك جەژنی نەورۆز.

*ئایا كورد لە ئەوروپا توانیویەتی وێنەیەكی ڕاستەقینە سەبارەت بە هونەر و كلتوور و زمانی كوردی بۆ گەلانی ئەوروپا بگوازێتەوە؟

-بەڵێ، بەڵام بەو ئەندازەیەی كە پێویستە نییە، دەتوانین وێنەیەكی ڕاستەقینە لەبارەی هونەر و كلتوورمانەوە بۆ گەلانی ئەوروپا بگوازینەوە لە ڕێگەی سازدانی چالاكییە كلتوورییەكان وەك فێستیڤاڵەكان، نمایشە هونەرییەكان، و پێشانگەی جلوبەرگی كوردەواری، بەرهەمهێنانی میدیایی لە ڕێگەی بەڵگە فیلمەكان و وەرگێڕان بۆ زمانە بیانییەكان، هاوكاریكردن لەگەڵ دامەزراوە ئەوروپییەكان بۆ ڕێكخستنی سیمینار و وۆركشۆپی ناساندنی هونەر و فەرهەنگی كوردی، پتەوكردنی فێركردنی كوردی لە ڕێگەی قوتابخانەكان و ناوەندە كلتوورییەكان بۆ پاراستنی زمان و گواستنەوەی بۆ نەوەی نوێ، بەكارهێنانی شانۆ و میوزیك وەك ئامرازی پەیوەندیكردنی كاریگەر بۆ گەیاندنی هونەر وفەرهەنگ بە شێوەیەكی كاریگەر. بەو شێوەیە دەتوانین لەگەڵ پاراستنی زمانی كوردی كلتووری كوردی بڵاو بكەینەوە و گەلانی ئەوروپای پێ ئاشنا بكەین.

ڕیحان خەزنەوی بۆ گوڵان:ئەوروپییەكان ئارەزوو دەكەن زیاتر ئاشنای هونەر و كلتووری كوردی بن

*سەرنجی ئەوروپییەكان بۆ هونەر و فەرهەنگی كوردی بە شێوەیەكی گشتی چۆنە؟

-بە شێوەیەكی گشتی ئەوروپییەكان گرنگی بە هونەر و كلتووری كوردی دەدەن، بەڵام دەربارەی زۆربەی كات زانیارییان سنووردارە. لە پێشانگەكەمدا زۆر دڵخۆش بوون و پێیان وتم كە هیچیان دەربارەی كورد نەدەزانی، كاتێك ئامادەبوون سەرسام بوون بە جوانیی هونەر و كەلەپووری كوردی، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە چەندە گرنگە كلتوورەكەمان نمایش بكەین و كەسانی دیكەی پێ ئاشنا بكەین.

*ئایا هونەری كوردی توانیویەتی بوونی خۆی لە ئەوروپا بسەلمێنێت بە شێوەیەك سەرنجی خەڵكی بیانیشی ڕابكێشێت؟

-بەڵێ، هونەری كوردی بوونی خۆیی سەلماندووە و لە ئەوروپا و سەرنجی خەڵكی بیانیشی ڕاكێشاوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی میوزیك و جلوبەرگ كە ڕەنگدانەوەی ناسنامەی كوردین. زۆرێك لە ئەوروپییەكان لە ڕێگەی فێستیڤاڵ و پێشانگاكانەوە ئاشنای هونەری كوردی دەبن و بە جوانی و قووڵیی مێژووییەكەی سەرسامیی خۆیان دەردەبڕن. بەڵام سەرەڕای ئەم گرنگیپێدانە، هێشتا بڵاوبوونەوەی سنووردارە و هونەری كوردی نەگەیشتووەتە ئەو پێگەیەی كە شایەنیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزوویەكی زۆر لەلایەن ئەوروپییەكانەوە هەیە بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن، ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ زیاتر بڵاوكردنەوە و فراوانبوون لە گۆڕەپانی كلتووریدا.

*چەند پێشانگەت لە ئەوروپا ڕێك خستووە و ئامانجی سەرەكی لە كردنەوەی ئەم پێشانگایانە چی بووە؟

-ڕەنگاڵە یەكەم پێشانگەی من بوو لە ئەوروپا، ساڵانە كاردەكەم لەسەر ڕێكخستنی ئەم پێشانگەیە بۆ بڵاوكردنەوەی هونەر و كلتوورە ڕەسەنەكەمان بە شێوەیەكی بەرفراوانتر.

*ئامانجی سەرەكیت لە ڕێكخستنی ئەم پێشانگایانە چییە؟

-پشتیوانیكردن لە كار و هونەری گەنجانی كورد لە تاراوگە لە دیزاینەران و هەموو كارە دەستییەكان و ئامانجی سەرەكی لە كردنەوەی ئەم پێشانگەیە، ناساندنی كلتوور و هونەری كوردییە بە ئەوروپییەكان و دروستكردنی پردێك بۆ پەیوەندی و گفتوگۆی كلتووری.

*ئایا ئەو ئامانجەت بەدەست هێناوە كە لە ڕێگەی كردنەوەی ئەم پێشانگایانەوە ئاواتت بۆی دەخواست؟

-لە كاتی ڕێكخستنی پێشانگەكەدا ڕووبەڕووی زۆر بەربەست بوومەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا سەركەوتوو بووم لە بەدەستهێنانی ئەوەی كە ئاواتم بۆ دەخواست. چالاكییەكە دەرفەتێكی زۆر باش بوو بۆ ناساندنی كلتوور و هونەری كوردی بە ئەوروپییەكان، كاردانەوە و گرنگیپێدانێكی زۆرم بینی، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە چەند گرنگە بەردەوام بین لەم ڕێگەیە.

*لە كردنەوەی ئەم پێشانگایانە و ئەنجامدانی ئەم چالاكییانەدا كێ پشتیوانی سەرەكیت بوو؟

-لە ئەزموونی یەكەممدا بۆ ڕێكخستنی پێشانگەكە، بڕیارەكەم لە سەرەتاوە ڕوون بوو، ویستم ئەم پڕۆژەیە بە تەواوی پشت بە هەوڵی خۆم ببەستێت، بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی ماددی یان سپۆنسەر لە هیچ لایەنێكەوە، ئەوە تەحەددایەكی گەورە بوو، بەڵام بۆ من پێویست بوو بۆ ئەوەی توانای خۆم بسەلمێنم لە سەركەوتنی ئەم كارە تەنیا پشت بە تواناكانی خۆم ببەستم، بەڵام پاڵپشتی هەمیشە تەنیا ماددی نییە، ورە ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە هەر سەركەوتنێكدا، لەم ڕووەوە بوونی بەڕێز شیفا بارزانی و قبووڵكردنی بانگهێشتەكەم، وەك پاڵپشتییەكی بەهێز بوو بۆ من، پاڵپشتییە مەعنەوییەكەی تەنیا ئامادەبوون نەبوو، بەڵكو نامەیەكی هاندەر بوو بۆ ئەو گەنجانەی كە بە كارەكانیان بەشدار بوون لەگەڵمدا و منی زیاتر سووركرد لەسەر پێشكەشكردنی كارێكی جوانتر لە وەرزی داهاتوودا. ئەم پێشانگەیە تەنیا چالاكییەك نەبوو، بەڵكو هەنگاوێكی یەكەم بوو بەرەو پڕۆژەیەكی كلتووری بەردەوام كە مۆركی تایبەتی خۆمی پێوە بێت.

Top