سەبریە عەبدوڵڵا بۆ گوڵان:شانۆ لای من جوانییەكی تایبەتی هەیە
سەبریە عەبدوڵڵا خانمە ئەكتەری بواری شانۆ و سینەما لە ساڵی 2016 چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر بەشی شانۆ و لقی دەرهێنانی تەواو كردووە، دواتر دووبارە گەڕاوەتەوە بەر خوێندن لە زانكۆی سەڵاحەدین كۆلێژی هونەرە جوانەكان بەشی سینەما، ئێستاش لە قۆناغی سێیەمە، سەبری لە چاوپێكەوتنێكدا تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان ڕا و بۆچوونی خۆی لەسەر هونەر و هونەرمەندان و ئەو مامۆستایانەی لە پەیمانگە و كۆلێژ مامۆستای بوون، هەروەها هەموو ئەو هونەرمەندانەی ئەزموونیان لەو زیاترە بەم جۆرە خستە ڕوو.
*چ وشەیەكت هەیە بۆ شانۆ؟
-من سەرەتای كاری هونەریم بە شانۆ دەست پێكردووە، بۆیە دەتوانم بڵێم شانۆ حەزێكی تایبەتی منە و هەمیشە شانازی بە كارە هونەرییەكانم دەكەم، بۆیە دەتوانم بڵێم هەموو هونەرێك جوانیی خۆی هەیە، بەڵام جوانیی هونەری شانۆ تایبەتە لای من.
*ئەگەر هەستت كرد توانای كاری هونەریت نەماوە واز لە كاری هونەری دەهێنیت؟
-من هەمیشە گەشبینم بەوەی كە لە داهاتوودا لە ئاستێكی زۆر بەرزدا خۆم ببینمەوە نەوەك وازبهێنم، چونكە خەونم زۆرە لە كاری هونەریدا بۆیە نامەوێت بەهیچ شێوەیەك بیر لە وازهێنان لە هونەر بكەمەوە، ژیان بە هونەرەوە جوانیی خۆی دەبەخشێت .
*كام كاری هونەری لای تۆ زۆر خۆشەویستە؟
-من بە عەشقەوە كاری هونەری دەكەم، بۆیە بە عەشقەوە سەیری دەكەم و ناشمەوێت خۆشەویستم تەنیا بۆ یەك هەڵبژاردن بێت، بەڵكو خۆشەویستیی من بۆ تەواوی هونەرەكەمە .
*شانۆ تاچەند توانیویەتی بەپێی پێویست كۆمەڵگە بگۆڕێت؟
-هەمیشە ئەو وتەیەی برێختم لە خەیاڵە كە دەڵێت (نانێك و تەختەیەكی شانۆم بدەرێ گەلێكی هۆشیارت دەدەمێ) شانۆ كۆمەڵگە بە ئاگا دەهێنێتەوە و پەیامە شاراوەكانیش دەگەیەنێت.
*چ خەونێكت هەیە لە هونەری كوردیدا كە بتەوێت پێی بگەیت؟
-هەركارێك كە بە خۆشەویستییەوە كردت ئەوە دەبێتە خەونێكی گەورەت، بێگومان منیش وەكو هەموو تاكێك خەونم هەیە، خەون بەوەوە دەبینم لە داهاتوودا خۆم لە لووتكەی هونەری كوردیدا ببینمەوە و هونەری كوردی بەرەو پێش بچێت و هەموو وڵاتانی دراوسێ ئاشنابن بە هونەری كوردی.
*چ شتێك زۆر بێزارت دەكات؟
-بێزار دەبم بەوەی كە ژیانی هونەرمەند سنووردار دەكەن وەك مرۆڤێك .
*ڕات چییە بەرامبەر كچە مۆدێلەكان؟
-كاری مۆدێل كارێكی ئاساییە و لە هەموو وڵاتاندا هەیە، بەڵام یاساو مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە و كۆمەڵێك تایبەتمەندی و مەرج هەیە كە دەبێت لەو كەسەدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە مۆدێل.
*ئامادەیت لە تیك تۆك لایڤ بكەیتەوە؟
-بەڵێ ئامادەم، بەڵام بە مەرجێك من لەو لایڤەدا بتوانم خزمەتێك بە كۆمەڵگە بگەیەنم و لە لایڤەكەم سودی هەبێت بۆ كۆمەڵگە.