پێنج قۆناغەكەی نەخۆشیی گورچیلە

پێنج قۆناغەكەی نەخۆشیی گورچیلە

نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە CKD بەپێی ئاستی فرمانی گورچیلە واتە تێكڕای فلتەركردنی خوێن لە یەك خولەكدا لە یەكەكانی گورچیلەدا GFR بۆ پێنج قۆناغ پۆلێن دەكرێت، نیشانەكان و ڕێگەكانی چارەسەركردن بە پێی قۆناغەكە جیاوازن. لە حاڵەتی ئاساییدا تێكڕای فلتەركردنی خوێن لە یەكەكانی گورچیلەدا بریتییە لە 90-120 میللیلیتر لە یەك خولەكدا بۆ هەر 1.73 مەتر دووجای ڕووبەری لەش. دەستنیشانكردنی قۆناغی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە گرنگیی زۆری هەیە بۆ چارەسەكردن یان كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە لەكاتی گونجاودا. قۆناغی یەكەم: ئاستی فلتەركردنی خوێن لە گورچیلەدا دەگاتە 90 یان بەرزتر، واتە بوونی گرفتی سووك لە گورچیلەدا، لێرەدا گورچیلەكان بە باشی كاردەكەن، تووشبوو بێ نیشانەیە، تەنیا پرۆتین لە میزدا بەدی دەكرێت. قۆناغی دووەم: ئاستی فلتەركردنی خوێن لە نێوان 60-89 دایە، گورچیلەكان هێشتا تەندروستن و بە باشی كاردەكەن، تووشبوو هیچ نیشانەیەكی نابێت، لەوانەیە پرۆتین لەگەڵ میزدا بەدی بكرێت. قۆناغی سێیەم: ئاستی فلتەركردنی خوێن لە نێوان 30-59 دایە، گرفتی بەرچاو لە گورچیەكاندا هەیە و پێویستی بە چارەسەری ڕاستەوخۆ هەیە، نیشانەكان: كەمخوێنی لەبەر كەم دەردانی هۆرمۆنی ئیریترۆپۆیتین Erythropoietin لە گورچیلەكاندا، كە هاندەرە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. قۆناغی چوارەم: ئاستی فلتەركردنی خوێن لە نێوان 15-29 دایە، نیشانەكان: هەستكردن بە ماندووبوون، ئاوسانی باسك یان قاچەكان، ئازاری بەشی خوارەوەی پشت، ئازاری ماسوولكە، هێڵنج یان ڕشانەوە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، كەمخوێنی، زەردوویی (لەوانەیە)، زیادبوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها كەمیی ڤیتامین و كانزاكان. قۆناغی پێنجەم: ئاستی فلتەركردنی خوێن كەمترە لە 15، نیشانەكان: گرفت لە هەناسەدا، گۆڕانی ڕەنگی پێست، سەرئێشە، وەستانی یان كەمبوونەوەی توندی میز، نەشتەرگەریی گواستنەوەی گورچیلە تاكە چارەسەرە.

 

Top