ئایا شێرپەنجە چارەسەری هەیە؟

ئایا شێرپەنجە چارەسەری هەیە؟

شێرپەنجە(Cancer) بریتییە لە پەیدابوونی خانەی نائاسایی كە گەشە دەكەن و دابەش دەبن، ئینجا خانە تەندروستەكان تێكدەدەن. زیاتر لە 200 جۆر شێرپەنجە لە پزیشكیدا ناسراون كە تووشی بەشی جیاوازی لەش دەبن، هەندێكیان لەسەرخۆ گەشە دەكەن، هەندێكی دیكەیان بە خێرایی گەشە دەكەن و لە بەشەكانی دیكەی لەشدا بڵاو دەبنەوە. هەروەها قۆناغ و نیشانەی جیاوازیان هەیە.

جیاواز لە نەخۆشییە كانی دی، چارەسەری تەواو نییە بۆ هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، بەڵام دەتوانرێت كە چەند جۆرێكی شێرپەنجە بە ڕێگای جیاواز بە تەواوی چارەسەر بكرێن.

باشتربوونی تەندروستی بە هەندێك جۆری چارەسەركردن Remission واتە نەمانی، یان سووكبوونی نیشانەكانی شێرپەنجە، جیاوازە لەگەڵ چاكبوونەوەی تەواو Cure، چونكە ئەم باشتربوونە هەرگیز بۆ ماوەیەكی زۆر، یان بە درێژایی تەمەن بەردەوام نابێت. گەلێك حاڵەتی شێرپەنجە بە باشی چارەسەر دەكرێن و تووشبوو ژیانێكی ئاسایی دەباتە سەر، لە هەندێك حاڵەتی دیكەشدا بە گرتنەبەری زۆربەی ڕێگاكانی چارەسەركردن هێشتا لەوانەیە كە شێرپەنجە كۆنتڕۆل نەكرێت. بەهەر حاڵ، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاوتر و باشتر بۆ هەموو حاڵەتەكانی شێرپەنجە.

ڕێگا باوەكانی چارەسەركردنی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە بریتین لە: نەشتەرگەری، چارەسەری كیمیایی، چارەسەر بە تیشك Radiation، گواستنەوەی مۆخی ئێسك، چارەسەری هۆرمۆنی، چارەسەری بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، چارەسەری ئاراستەكراو بۆ چەند جۆرێكی تایبەتیی خانە شێرپەنجەییەكان، هەروەها چارەسەر بۆ سووككردنی نیشانەكان.

Top