سوودەكانی ترێ بۆ تەندروستیی دڵ

سوودەكانی ترێ بۆ تەندروستیی دڵ

لە توێژینەوەكانی زانكۆی كالیفۆرنیا/ لۆس ئەنجیلس UCLA هاتووە كە بە گۆڕینێكی بچووك لە ستایلی ژیاندا لە ڕێگای خواردنی ترێ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەم دەبێتەوە، كە هۆكاری یەكەمی مردنە لە سەرتاسەری جیهاندا. ترێ ڕۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە ڕوودانی نۆرەی دڵ و جەلتەی مێشك، هەروەها ترێ بە سوپەرخۆراك Superfood ناوزەد كراوە، بەوەی كە دەوڵەمەندە بە چەندین ماددە كە لە ڕێگای هاندانی بەكتریای ڕیخۆڵە و كەمكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل تەندروستیی دڵ دەپارێزێت.

 ماددە دژەئۆكسانەكانی ترێ كە لە گرووپی پۆلیفینۆلەكانن Polyphenols، ئاستی هەوكردن لە لەشدا تا ڕاددەیەكی باش دادەبەزێنن، ئینجا هاوكات لەگەڵ ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵی ترێدا كاریگەریی ئەرێنی دەكەنە سەر گەشەی بەكتریای جۆراوجۆری ڕیخۆڵە، یان مایكرۆبایۆم Microbiome كە ڕۆڵی زۆر گرنگی هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی. سوودەكانی دیكەی ترێ بریتین لە: خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەند جۆری شێرپەجە، كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن، باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس بەتایبەتی ڕێگرتن لە قەبزی، سووككردنی نیشانەكانی هەستەوەریی پێست، پاراستنی تەندروستیی چاو، پاراستنی تۆڕی چاو لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرەدا، سووككردنی نیشانەكانی زیپكەی گەنجێتی، كەمكردنەوەی ڕێژەی چەوریی زیادی جگەر، هەروەها سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشیی پاركینسۆن.

 

Top