شوفان: خۆراكێكی گونجاو بۆ ژەمی بەیانی

شوفان: خۆراكێكی گونجاو بۆ ژەمی بەیانی

شوفان Oats دانەوێڵەیەكی پڕ ڕیشاڵە، دەوڵەمەندە بە پرۆتین، ماددەی دژەئۆكسان، هەروەها چەند ڤیتامین و كانزایەك وەكو ڤیتامین B9 كە بە فۆلەیت ناسراوە، لەگەڵ كانزاكانی كالیسیۆم، ئاسن، مەگنسیۆم، زینك، سیلینیۆم كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە.

هەوڵ بدە كە شوفان بكەیتە بەشێك لە خۆراكی ژەمی بەیانییان، چونكە هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی باش دەهێڵێتەوە و ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆ دەگرێت. سوودە تەندروستییەكانی شوفان بریتین لە: خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا، لە لایەكی دیكەوە ڕێژە بەرزەكەی كانزاكانی مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم لە شوفاندا هاندەرن بۆ باشتركردنی تەندروستی و فرمانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان و هاندانی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، بەتایبەتی هەڵمژینی ماددە خۆراكییەكان و جوولەی دروستی ڕێڕەوەكانی هەرس، هاوكات لەگەڵ هاندانی گەشەی بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە، كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، پەیداكردنی هەستكردنی زوو بە تێربوون و تاودانی كرداری میتابۆلیزم كە هاندەرە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، باشتركردنی كاردانەوی هۆرمۆنی ئینسولین و ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن بەهۆی بوونی ڕیشاڵی تواوە لە شوفاندا لە جۆری بیتا گلوكان Beta-glucan كە هەڵمژینی شەكر لە كۆئەندامی هەرسەوە بۆ ناو خوێن لەسەرخۆ دەكاتەوە. بۆیە شوفان خۆراكێكی گونجاوە بۆ تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، هەروەها كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، واتە خۆپاراستن لە ئەگەری نەخۆشییە درێژخایەنەكان.

 

Top