دكتۆر حەسەن كاكی نووسەر و توێژەری مێژوو:   ئاستەنگی بەردەم چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ دەستتێوەردان و ئەجندەی دەرەكی دەگەڕێتەوە

دكتۆر حەسەن كاكی  نووسەر و توێژەری مێژوو:     ئاستەنگی بەردەم چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ دەستتێوەردان و ئەجندەی دەرەكی دەگەڕێتەوە

 

 

پرسی چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی، بە یەكێك لەو پرسە گرنگ و هەستیارانە دادەنرێت كە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی عێراق و خەڵكی كوردستان زۆر جێگەی بایەخە، بوونی ئەجندەی دەرەكی و دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و میلیشیای چەكداریی بەدەر لە یاسا، ئەم كێشانەی قووڵتر كردووەتەوە، لەسەر ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر حەسەن كاكی توێژەری سیاسی و شارەزای مێژووی عێراق ساز دا.

 

* یەكلاكردنەوەی كێشە و بارگرژییەكان لە دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا ڕووی لە چارەسەركردن كردووە، ئایا لەم قۆناغەدا تاچەند یەكلاكردنەوەی كێشەكان و ئەم نزیكبوونەوانە بۆ بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و خەڵكی كوردستان گرنگ بوو؟

- ناكۆكیی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی تەنیا لەسەر جێبەجێ نەكردنی ماددەی دەستووری 140 و یاسای نەوت و گاز و بودجە و مووچەی پێشمەرگە نییە، بەڵكو ناكۆكی لەسەر دیدگا و بۆچوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشە لە دوای ساڵی 2003، بەوەی بیركردنەوەی جیاواز بۆ ئەم بەڕێوەبردنەی دەوڵەتی نوێی عێراق هەیە، بەتایبەتی لە ئاراستە فیدڕاڵی و دیموكراتییەكەیدا كە لەم چەند ساڵەدا لەبری ئەوەی ئەم بیروبۆچوونانە بەهێز و جێگیر بكرێت، كەچی بە لاڕێدا براوە و لە بنەماكانی دامەزرانی عێراقی نوێ لای داوە، لادانێك عێراقی پەلكێش كردووە بەرەو كۆنتڕۆڵكردنی مەركەزی توندی دەسەڵات و پەراوێزخستنی كورد لە پرۆسە سیاسییەكەدا، بەمەش بەغدا پابەندی ڕێككەوتنەكانی پێشووی خۆی نەبووە و پابەندی ئەو دەستوورەش نەبووە كە زۆرینەی هاووڵاتیانی عێراق دەنگیان لەسەر داوە، تەنیا پابەندی ئەو ماددە و بڕگانەی ناو دەستوور بوون كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە.

لێرەدا ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی لەسەردانەكەی بۆ بەغدا و لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا پەیام و نامەی جددی بۆ هەموو لایەنەكان پێ بوو، بەوەی ناكرێت گرووپێك كۆنتڕۆڵی ئەم عێراقە بكات و ئەوانی دیكە ڕەت بكاتەوە، هەرچی پێكەوەژیان و هاوبەشی و سازان و ڕێككەوتنەكانە هەڵیبوەشێننەوە، لەكاتێكدا عێراق بە دەوڵەمەندترین وڵاتی پێكەوەژیانی نێوان عەرەب و كورد و توركمان و مەسیحی و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینزاكانی دیكە دادەنرێت. چارەسەركردنی كێشەی نێوان حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی كەلێنەكان لایەنی بەهێزی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بوو. سەرۆك بارزانی تەنیا سەرۆكی حزبێكی سیاسی نەبووە، بەڕێزیان جگە لەوەی شۆڕشگێڕی كورد و پێشمەرگە و سەركردەیەكی بەهێزی كوردستانی بووە، سەركردەیەكی گەورەی عێراقیش بووە و ڕۆڵی لە دامەزراندنی عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆردا هەبووە. بەرگریی لە هەموو خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕەكان كردووە و دەنگی دادپەروەری و ئازادی و یەكسانی بووە بۆ هەموو پێكهاتەكان، كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر بووە و هەرچی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هەیە لە پێش 2003 و لە دوای ئەم بەروارەش لە ژێر چەتری ئەم سەركردە مێژووییەدا كۆبوونەتەوە. بۆیە بە تەئكید كاتێك سەركردەیەكی وا گەورە و شارەزا و بیرمەند لە كۆبوونەوە و دیدارەكاندا بەشدار دەبێت، بە شێوازە نەرمی و ئەدا بەرزەكەی تیماری هەموو برینەكان و داخستنی كەلێنەكان دەكات و كلیلی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراو و ئاڵۆزەكانە، هەر ئەمەش بووە لە دوای ساڵی 2003وە ڕۆڵ و پێگەی بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بەرچاو بووە و، لە دامەزراندنی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیشدا ڕۆڵ و پێگەی دیار و لە بەرچاوی هەبووە. سەردانەكەشی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش داڕشتەوە و بەهێزی كرد بە ئاراستەی تەوافوقی سیاسیدا، ئەو تەوافوقەی بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق پێویستە تاوەكو بەرەیەكی بەهێزی ناوخۆ دابمەزرێت و ڕێگە لە دەستتێوەردانی دەرەكی بگیرێت، ئەو دەستتێوەردانە دەرەكییەی عێراقی خزاندووەتە ناو شەڕێكیی كاولكار و دۆخێكی دژوارەوە.

سەردانەكەی سەرۆك بارزانی كۆتایی بە كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و زۆر لە بارگرژییەكانی دیكە هێنا و ترووسكاییەكیشی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە و، ئاستەنگ و بەربەستەكانی سیاسیی بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی كۆتایی پێ هێنا.

هەموومان ئومێدەوارین حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی و لایەنە سیاسییەكان سوود لەم هەنگاوەی سەرۆك بارزانی وەربگرن و چارەسەر بۆ هەموو قەیرانەكانی عێراق بدۆزنەوە و قۆناغێكی نوێ دەست پێبكەن، كە تێیدا هەمووان لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بن. ڕەنگە تەنیا كێشەیەك بۆ بوونی ئەو سەركردە نوێیانەی عێراق بگەڕێتەوە كە بەردەوام توانایان نییە گرێ كوێرە و كێشەكان چارەسەر بكەن، بە پێچەوانەوە كەوتوونەتە ژێر ڕكێڤی ئەجندەی هەرێمی، كە مادام ئەم هەرێمە زەلیلی وڵاتانی ئیقلیمی نەبووە و ئەجندەكانیان جێبەجێ ناكات، ناخوازن هەرێمی كوردستان گەشە بكات.

* ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو بارگرژی و شەڕ و ئاشووبێكی زۆردایە، ئایا ئەم بارودۆخە تاچ ڕاددەیەك كاریگەریی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی عێراق دەكات؟

- عێراق بەشێكە لە مەنزومەی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دڵنیاییەوە هەر شەڕ و پشێوییەك لە ناوچەكەدا ڕوو بدات، كاریگەریی نەرێنی و خراپی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێت، كە هەندێك لایەنی سیاسی دژ بە عێراق و هەرێم لێی سوودمەند دەبێت، هەروەكو چۆن سوپای توركیا و ئێرانیش ویستی پاوانخوازییان لە ناوچەكەدا هەیە.

* واتە ئەم ئاڵۆزی و كێشانە كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی هەیە و كاریگەرییان لەسەر یەكلاكردنەوەی كێشەكانی بودجە و مووچە و دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت؟ 

- سەرجەم ئەو كێشانە بە بابەتی مووچەشەوە، لای بەغدا بابەتێكی سیاسییە، پێش ئەوەی بابەتێكی تەكنیكی و دەستووری و یاسایی بێت. گرفتەكە لەوەدایە ئەوانەی عێراق بەڕێوە دەبەن و لە ناو دامەزراوەكاندا دەسەڵاتیان هەیە، عەقڵییەتێكی بەدەوی و مەركەزییەتیان بۆ سڕینەوەی بوونی كورد هەیە كە پشتئەستوورە بە عەقڵییەتی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی و مەزهەبی و، هاوبەشیكردنی ئەوی دیكە لە حوكمڕانی ڕەت دەكاتەوە. بۆیە بە تەئكید هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی بەڕێوەن، كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەكان دەبێت، لەوێ لە مەركەز گەندەڵی و پاوانخوازیی میلیشیا و مەزهەبگەرایی و ڕەتكردنەوەی كورد بەردەوامی هەیە، هەر كاتێك لە چارەسەری كێشەیەكی بنەڕەتی نزیك بووینەوە، كێشەیەكی دیكە هەڵدەتۆقێنن و ئاوازی بۆ لێ دەدەن، ئەمە لە غیابی جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و بڕوابوونە بە هاوبەشیی حوكمڕانی و، هەر هەمووشی لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێراندا لەناو خاكی عێراقدایە.

ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بە دەرامەتی نەوت و ئابووری و مرۆیی و ژینگەیەكی لەباری بۆ بەهێزبوون تێدایە، كە لە زۆر لە وڵاتانی كەنداو باشترە، كەچی بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و عەقڵییەتی دواكەوتوو هەموو ئەم ژینگەیەیان لەبار بردووە. حزبەكان بە هیچ شێوەیەك خوازیاری بونیادنانی دەسەڵاتی دەوڵەت نین، بەڵكو لەپێناو مانەوە و بەدەستهێنانی پشكی دەسەڵاتی خۆیاندا خوازیاری پشێویی سیاسی و بێسەروبەریی ئابوورین، ئەوەیان لەیاد كردووە كە ئەگەر ئارەزوومەندانە خۆیان نەگۆڕن، ئەوا دواڕۆژ دەیانگۆڕێت و زیانێكی گەورە دەكەن و لەگەڵ بچووكترین گۆڕانكاریدا شۆڕشی ناڕەزایەتیی برسییەكان سەر هەڵدەدات و سزای توندیان دەدات، بە هاوشێوەی زۆر حزبی دیكە لە ڕابردوودا.

* ڕێگەچارە چییە بۆ دامەزراندنی وڵاتێك كە دوور بێت لەو عەقڵییەتە شۆڤێنی و مەركەزییە، كە بڕوای بە هاوبەشی و بەشداری لە حوكمڕانیدا نییە؟

- ڕووخانی ڕژێمی سەدام سەرەتای قۆناغێكی نوێ نەبوو بۆ گۆڕینی عەقڵییەتی حوكمڕانی، دەستوور و یاساكان گۆڕانكارییان تێدا كرا، بەڵام عەقڵییەتی شەڕ و ململانێكان و بیروبۆچوونی تەسكی ئایدیۆلۆژیای حزبایەتی، دۆخەكەی شێواند و سەردەمێكی نوێی جیاوازیشی بۆ عێراقییەكان نەهێنا، ئەو كوشتار و تەعریب و تەرحیل و پەراوێزخستنەی كورد كەلێنێكی گەورەی لە كۆمەڵگەی عێراقدا لێ كەوتووەتەوە و، بیروباوەڕی سیاسییەكان وەكو میراتی بۆیان بەجێ ماوە لە دژی كورد و هەموو پێدانی مافێك بە سازشێكی قورسی تێدەگەن، بۆیە ڕێگەچارە تەنیا كۆبوونەوەی خەڵك و هێزە سیاسییەكانە لە دەوری مەرجەعێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ زامنكردنی یەك گوتاری نەتەوەیی، كە ئەویش سەرۆك بارزانییە، تاوەكو لە چوارچێوەی دەستوور و عێراقێكی فیدڕاڵیدا پێكهاتەكان بە نیمچە دەسەڵاتێكی نزیك لە كۆنفیدڕاڵییەوە خۆیان بەڕێوە ببەن و پەراوێزیش نەخرێن لە مافەكانیان، هەر ئەمەشە زامنی پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەكات.

ئەمڕۆ هاووڵاتی عێراقی بێزار بوون لە گەندەڵی و بێسەروبەری و بێ كارەبایی و لاوازیی خزمەتگوزاری و بێكاری و هەژاری، كە بە هۆی گەندەڵیی ئیداری و داراییەوە تووشی بوون. ئەوەتا 20 ملیار دۆلار تەنیا لە كارەبادا بە هەدەر دراوە، كەچی دوو كاتژمێر كارەبا لە شارەكانی عێراقدا هەیە، چارەسەركردنی هەموو ئەم كێشانە بۆ غیابی چارەسەرە ئیداری و دارایی و ئابوورییەكان دەگەڕێتەوە و كارێكی هەر وا ئاسان نییە و شوێنەوارەكانی بەسەر بەدەستهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكانی ئێمەشەوە دیارە.

* بەڵام میلیشیاكان و دەستتێوەردانی دەرەكی ڕێگرە لە بەدیهێنانی فیدڕاڵییەت، لەم حاڵەتەدا ڕێگە چارە چییە؟

- میلیشیا نایاساییەكان لە ڕووی پراكتیكییەوە بوونەتە هێزێكی سەربازی و سیاسی و ئابووری و حزووریان نەك تەنیا لە بارگرژی و هێرشەكاندا هەیە، بەڵكو وەكو هێزێكی سیاسییش پێگە و دەسەڵاتیان پەیدا كردووە. ئەوان دەستی درێژی سوپای قودسی ئێرانین و لەوێوە فەرمانیان بۆ دەردەچێت و جێبەجێی دەكەن، بۆیە زۆر قورسە چارەسەری ئەمە بكرێت، مادام ڕۆڵی ئەمریكا لە بەدەستهێنانی مافەكانماندا لاوازە، دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە تارانەوە مافەكانی خۆی لە عێراق دەست بكەوێت، لەلایەكی دیكەوە دەبێت دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندنیش لەگەڵ ئەم هێزانە بكەینەوە، مادام لە عێراقدا حیسابی وردیان بۆ دەكرێت و دەسەڵات و ڕۆڵی خۆیان لە ئاراستەكردنی زۆر پرسی هەستیار هەیە.

 

Top