د. ڕۆبی بارێت بۆ گوڵان: ڕووسیا تووشی شكستێكی سەختی ستراتیژی بووە
ڕۆبی بارێت، توێژەرە لە كۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە زانكۆی كامبریج و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی تێكساس بەدەستی هێناوە. شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك تیرۆریزم و پرسە ئەمنییەكان، بزووتنەوە سیاسییەكان، سیاسەتی دەرەكیی ناوچەكە و پرسەكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پرسی ئەوەی ئایا دەرئەنجام و لێكەوتەكانی ئەم شەڕە چی دەبن، بەتایبەت لەسەر ڕووسیا و ئایا ئایندەی ڕووسیا و ئەو ئەگەرانەی چاوەڕوانی دەكەن چین، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پەرەسەندنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین كە نەك هەر ڕووسیا و سەرۆكی ئەو وڵاتە نەیانتوانیوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانیان بەدی بهێنن، بەڵكو پێدەچێت لە ئێستادا شەڕەكە بە بارێكدا شكابێتەوە كە بۆیان پێشبینینەكراو بوو. ئەوەتا سوپای ئۆكرانیا دەستی بەسەر بەشێكی خاكی ڕووسیادا گرتووە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەبارەی شەڕەكەوە لە ئێستادا چییە؟
- لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین كە تاكە ڕێگایەك بۆ تێڕوانین و لێكدانەوەی داگیركارییەكەی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا بێ هیچ پێچ و پەنایەك مایەی كارەساتە بۆ خودی ڕووسیا. دواتر دەبێت ئەوە نادیدە نەگرین كە پێش داگیركارییەكە ڕووسیا وێنایەكی هەبوو كە لەگەڵ هەلومەرج و بارودۆخەكەی ئەو كاتەدا یەكی نەدەگرتەوە، لەم ڕووەوەش تووشی بەهەڵەداچوونێكی گەورە بوو. هەروەها نابێت ئەوەش لە یاد بكەین كە ئەم شەڕ و داگیركارییە مایەی كاولكاریی و كارەسات بووە بۆ ئۆكرانیا و ئۆكرانییەكان، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، كە هیچ كاتێك ئۆكرانییەكان بانگەشەی ئەوەیان نەكردووە كە ئەوان هێزێكی باڵان یان سوپەر پاوەرن.
* ئەگەر هەندێ پرسیارەكە وردتر بكەینەوە، ئایا ئێوە چۆن لە ئەدای سوپای ڕووسیا دەڕوانن، بەتایبەتی كە هەندێ پێشبینی ئەوەیان دەكرد، سوپای ڕووسیا بە چەشنێكی خێرا و لە ماوەیەكی كورتدا شەڕەكە یەكلا بكاتەوە و هەلومەرجێكی نوێ بهێنێتەئاراوە، بە چەشنێك ڕووسیا بتوانێت بە كەمترین تێچوون ئامانجی گەورە و بەرچاو بەدەست بهێنێت؟
- گومانی تێدا نییە كە هیچ كەسێك، تەنانەت سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ئەو ڕاستییەی لا ڕوون نەبوو كە سوپای ڕووسیا چ قاوغێكی بۆش و بەتاڵە. لەم قۆناغەی شەڕەكەشدا تاكە ڕێگای بەردەم ڕووسیا ئەوەیە كە بە هەزاران جەستەی سەربازەكان بخاتە بەردەم ئۆكرانییەكان كە ئاشكرایە سوپای ئۆكرانیا لە هەموو شەڕ و پێكدادانەكاندا ئەدایەكی باشتریان هەبووە، ڕووسیاش جگە لە زیانی سەربازی، زیانی ڕاستەقینەی بەركەوتووە لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و جیۆپۆلەتیكییەوە.
* زۆرجار وا وێنای ئەم شەڕە دەكرێت، بەتایبەتی لەلایەن سەرۆك ڤلادمیر پوتینەوە كە ئەمە شەڕ و ململانێیە لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا، تەنانەت ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی دەكرد، كە ناچار بووە ئەم ڕێگاچارەیە بگرێتەبەر، چونكە مەترسیی بەرفراوانبوونی ناتۆ لە ئارادایە، بەڵام ئاشكرایە كە ڕاستە ڕووسیا زیانی بە ئۆكرانیا گەیاندووە، بەڵام پێناچێت ناتۆی لاواز كردبێت، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ئەم بڕیارەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا بووە هۆی ئەوەی هەردوو وڵاتی فنلەندا و سوید ببنە ئەندامی ناتۆ، واتە لە ئێستادا ناتۆ لە دەروازەكانی سانت پێتێرسبێرگ و بوونی بنكەی دەریایی گرنگ لە ئاركانجاڵ و مورمانسكە، كە هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ڕۆژئاوا لەسەر ئاستی جیهان پتر بەهێز و باڵادەست بێت.
* زۆر باشە، ئێوە باسی ئەوەتان كرد كە ڕووسیا زیانی ڕاستەقینەی لە ڕووی ئابوورییەوە بەركەوتووە، كە ئاشكرایە ئەم شەڕە ڕەهەندی ئابووریشی هەیە، ئایا دەكرێت زیاتر لەسەر ئەمە بدوێن؟
- ڕوونە كە داگیركارییەكەی ڕووسیا بووەتە هۆی ئەوەی ئەوروپای ڕۆژئاوا كەمتر و كەمتر پشت بە هاوردەكردنی نەوت و غازی ڕووسیا ببەستێت. كەواتە ئەگەر لە ڕوانگە و ڕەهەندێكی ئابوورییەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەوا لە ئێستادا ڕووسیا بە ڕاددەیەكی گەورە هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە لەسەر پیشەسازیی بەرگری، بەڵام بوارەكانی دیكەی ئابووری لەو وڵاتەدا بەرەو داڕووخان دەچن. هەڕەشەی ڕاستەقینە كە ڕووی لە ڕووسیا كردووە - كە خودی پوتینیش دەركی پێدەكات- باری دیموگرافیە لەو وڵاتەدا. ئەوەتا ڕووسیا 350،000 بۆ 450،000 كەسی لەدەست داوە كە لە تەمەنی كاركردن و وەچەخستنەوەدا بوون. سەرباری ئەوەش نزیكەی یەك ملیۆن كرێكاری كارامە وڵاتەكەیان جێهێشتووە و هەڵاتوون لە ترسی ئەوەی نەكرێنە سەرباز. هەروەها ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان لە ڕووسیادا كەم بووەتەوە، ئەمە هاوشان بەو زیانە مرۆییانەی بە هۆی شەڕ و كۆچ و نادڵنایی سیاسییەوە هاتوونەتە ئاراوە.
* كەواتە ئەگەر ڕووسیا لە ڕووی سەربازییەوە لە دۆخێكی باشدا نەبێت، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕەكەوە، ئەگەر ڕەوشە ئابوورییەكەش بەو شێوەیە بێت كە ئێوە ئاماژەی پێدەكەن، ئایا تاكەی ڕووسیا دەتوانێت درێژە بەم دۆخە بدات؟
- هەر لە پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە ئەوا ئاشكرایە كە ڕووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە لە ڕۆژئاوا دابڕاوە، واتە لە هەمان دۆخی یەكێتیی سۆڤییەتدایە، بەو مانایەی كە تەنیا لە ئارادابوونی داهاتی نەوت بووەتە هۆی ئەوەی حكومەتی وڵاتەكەی بتوانێت ئەركەكانی ئەدا بكات. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەشتان ئەوا پێم وایە ڕووسیا دەتوانێت بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 60 دۆلارەوە دەبێت، بەڵام لە حاڵەتی دابەزینی نرخی نەوتیش، هەروەك لە ڕابردوودا ڕووی دا، ئەوا ئەم دابڕانە ئابوورییە كێشەی جددی بۆ ڕووسیا دروست دەكات.
* كەواتە ئێستا ڕووسیا كە خەونی ئەوەی هەبوو پێگەی هێزێكی گەورە و جیهانی بێت و بەم شێوەیە لێی بڕوانرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە ئێستادا لە دۆخێكدایە كە تووشی پاشەكشەی گەورە بووەتەوە، كەواتە ئێوە چۆن لە ئایندەی ئەم وڵاتە دەڕوانن؟
- من پێشتر ئاماژە بە دابڕانی ڕووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا كرد، بەڵام سەرباری ئەوەش دەستڕانەگەیشتنی ڕووسیا بە تەكنەلۆژیای ڕۆژئاوا و بواری بازرگانی، ئەوا دۆخەكە هەر چییەك بێت، ئەوا دەرئەنجامەكەی پاشەكشە و دواكەوتنی زیاتر ڕووسیایە بە بەراورد بە ڕۆژئاوا. كەواتە ڕووسیا، كە خەونی ئەوەی هەبوو ببێتە هێزێكی باڵادەست و ئەم تێڕوانینەشی بۆ خۆی هەبوو، تووشی شكستێكی سەختی ستراتیژی بووەتەوە. ئێوە بڕوانن ڕووسیا لە دۆخێكدایە كە بووەتە دەوڵەتێكی پاشكۆ بۆ چین و چاوی لە دەستی ئێران و كۆریای باكوورە بۆ بەدەستهێنانی چەك بۆ بەرگری لەخۆكردن. كەواتە بە هەموو پێوەر و پێوانەیەك ئەوەی هاتووەتە ئاراوە بەسەر ڕووسیادا كارەساتێكە كە هۆكارەكەی سەركردەیەك بووە كە تێڕوانینێكی شێواوی هەیە لە بارەی هەلومەرجە واقیعییەكەوە، لەسەر بنەمای سەرابێكی مێژوویی بیر دەكاتەوە و كەسانی دەوروبەریشی تەنیا بەڵێی بۆ دەكەن.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە ڕووسیا لە دۆخێكدایە كە ناچار چەك هاوردە بكات لە وڵاتانی وەك ئێران و كۆریای باكوور، كە لەم ڕووەوە زۆر باس لە دەستەبەركردنی چەكی ئێرانی، بەتایبەتی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ڕووسیا دەكرێت. ئایا دەكرێت پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئێران لە چ خانە و چوارچێوەیەكدا دابنێین؟
- ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەوا هەمیشە ڕووسیا باڵادەست بووە بەسەر ئێراندا. بەڵام ئێستا ڕووسیا پێویستی بە چەك و پشتیوانیی ئێرانە. كەواتە ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا دەگوزەرێت لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە. چونكە هەردوو لایان ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هەڕەشە لەسەر خۆیان دەزانن و هەر لەبەر ئەمەشە كە هاوكاری یەكتر دەكەن. هەرچەندە ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە بەرژەوەندیی دژ بە یەك هەیە لە نێوانیاندا. هەرچۆنێك بێت، دەكرێت ئەو ناسەقامگیرییە لە ئەنجامی لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵەی هەلومەرجەكەوە بێتەئاراوە لە پەیوەندی بە پەرەسەندنەكانی ئۆكرانیا و هەروەها ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، كە دۆخێك دروست بكات، لایەنە تێوەگلاوەكان تێیدا زەرەرمەند بن.