ئیسماعیل مستەفا ڕەشید قائیمقامی بەردەڕەش بۆ گوڵان:   لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (249) پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە (203) ملیار دینار لە بەردەڕەش و سنوورەكەی جێبەجێ كراوەن

ئیسماعیل مستەفا ڕەشید  قائیمقامی بەردەڕەش بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (249) پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە (203) ملیار دینار لە بەردەڕەش و سنوورەكەی جێبەجێ كراوەن

 

 

 

قەزای بەردەڕەش سەنتەری قەزا و ناحییەكانی (كەلەك و دارەتوو و ڕۆڤیا) و زیاتر لە (100) گوند لەخۆی دەگرێت. ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە (170) هەزار كەسە و خەڵك و دانیشتووانەكەی جگە لە فەرمانبەری و بەشدارییان لە هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ، بە كاری كشتوكاڵی و مەڕ و ماڵات خەریكن، ساڵانەش هەزاران دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ و پەتاتە و جۆرەها سەوزە و میوە دادەچێندرێت. بۆ ئەوەی بزانین لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چ كار و پڕۆژەیان بۆ كراوە و ئەو كێشە و گرفتانە چین كە لە سیكتەرە جۆراوجۆرەكان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئیسماعیل مستەفا ڕەشید قائیمقامی قەزای بەردەڕەش ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* ئایا ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانە چین كە لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری بەردەڕەش ئەنجام دراون و كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەكە، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانە چی بوون كە لە سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ قەزای بەردەڕەش بڕیاری لێدرا؟

- لەو سەردانە میژووییەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەزای بەردەڕەش و لەو كاتەش كە سەردانی قەزای ئاكرێی كرد، ئێمە لە كۆبوونەوە و دیدارەكەدا ئامادە بووین، هەرچی بەرنامە و پلان و پڕۆژەیەكمان پێشكەش كرد، جەنابیان ڕەزامەندی لەسەر دا و بەشی زۆری لەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و كاری ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە، كەوتوونەتە قۆناغی جێبەجێكردن و بەشێكیان ئێستا لە قۆناغی تەواوبوون و كۆتاییدان، بەتایبەتی پڕۆژەكانی ساڵانی 2021 و 2022 و 2023 كە ئەو پڕۆژانە زیاتر لە 97%ی جێبەجێ كراون. بە شێوەیەكی گشتی لە تەمەنی كابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا (249) پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەموو سێكتەرەكان لە سەنتەری قەزا و هەرسێ ناحییە و هەموو سنوورەكە جێبەجێ كراون كە لەو پڕۆژانەدا هەیانە تەواو بووە و هەیانە لە قۆناغی كۆتاییە كە هەموو پڕۆژەكان بڕی زیاتر(203) ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە. لەو پڕۆژانەدا هەیانە ستراتیژییە بۆ نموونە ڕێگای (قەرەناز – دارەتوو-بشیریان) كە ئەو ڕێگایە خزمەتێكی زۆری ئەو گوندانە دەكات كە دەكەونە ئەو سنوورە كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لە ڕووی ڕێگاوبانە تووشی زەحمەتی زۆربوون، بە هۆی تەواوبوونی ئەو ڕێگایەوە هەموو گوندو ئەو سنوورانەی دەكەونە سەر ئەو ڕێگایە لەو زەحمەتی و بارقورسییەی هاتوچۆ ڕزگاریان بووە كە درێژی ڕێگاكە (46) كیلۆمەترە كە بڕی (20)ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كرابوو.

لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا لەلایەن شارەوانییەوە بە ڕێگای پارێزگای دهۆك (26) پڕۆژەی چاككردن و كۆنكرێتكردن و قیرتاوكردن لە ناو سەنتەری قەزا و ناحیەكانی سنوورەكە بۆ كۆڵان و شەقامە ناوخۆییەكان ئەنجام دراون و نزیكەی (17) ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە. هەر لە ڕێگای ئەو پڕۆژانەوە زۆرترین گەڕەك و كۆڵانەكانی سەنتەری قەزا و ناو هەر سێ ناحییەكە كێشەكانیان كۆتایی هاتووە، لە بواری ڕێگاوبانەكانی دەرەوەش (21) پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ كراون كە ئەو پڕۆژانە بڕی زیاتر لە (134) ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە، هەندێك لە پڕۆژەكانیش بە نموونە چاككردنەوەی ڕێگای (ڕۆڤیا – گۆبال) و (قەرەناز – دارەتوو – بشیریان) ستراتیژی بوون، كە ئێستا كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان و ئاسانكاریی تەواوی بۆ فەراهەم كردوون و لەو بودجەیەی بۆ پڕۆژەكانی ڕێگاوبان تەرخان كراوە، بەشێكی باشی بۆ تۆڕی گوندەكان و چاككردن و قیرتاوكردنی ڕێگای نێوان گوندەكان و ناحییە و سنوورەكە بەكار هاتووە. بەم هۆیەوە لە ئێستادا تۆڕی ڕێگاوبانی گوندەكانی سنووری قەزای بەردەڕەش كەمێكی نەبێت، هەر هەمووی تەواو بوون و لە خزمەتی خەڵكەكەدایە، بەڵام هێشتا ئێمە لە سنوورەكە كێشەیەكی زۆر گەورە و بەرچاومان ماوە، كە ئەویش ڕێگای نێوان قەزای بەردەڕەش بۆ ناحییەی كەڵەكە كە درێژیی ئەو ڕێگایە (37) كیلۆمەترە كە لە وەزارەتی پەیوەندیدارەوە ڕاگەیاندراوە و جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر داوە، كە زیاتر لە (100) ملیار دیناری بۆ تەرخان بكرێت و ڕێگاكە دەبێتە دوو ساید و بەشێوەیەكی زۆر جوان و هاوچەرخ دەبێت و بە تەواوبوونی ئەو ڕێگا ستراتیژییە ئەو كات لە هەموو ئەو مەترسی و زەحمەتییانەی لە هاتوچۆی نێوان قەزای بەردەڕەش و ناحییەی كەڵەك ڕزگارمان دەبێت.    

* ئایا كێشەی كەرتی پەروەردەت بەتایبەتی كەمیی بینایەی قوتابخانەتان هەیە؟

- لە كابینەی نۆیەمدا بە بەرنامە و پلانێكی زۆر تۆكمە و جەختكردنەوەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەی كە دەبێت هەموو كوردستان بەگشتی و ئێمەش وەكو سنووری قەزای بەردەڕەش لەو چوارچێوەیەدا چەندین بینایەی قوتابخانەی تازەمان لە سەنتەری قەزاو ناحییەكان و گوندەكان دروست كردووە و نۆژەن كراونەتەوە. بە شێوەیەكی گشتی لە بواری پەروەردە (104) پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دراون كە بڕی زیاتر لە (14) ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە. پڕۆژەكان هەندێكی ئەمانەن (دروستكردنی سێ قوتابخانەی هەژدە پۆلی و یازدە قوتابخانەی 12پۆلی و چوار قوتابخانەی نۆ پۆلی لە سەنتەری قەزا و هەر سێ ناحییەی سنوورەكە و دوو بینایەی قوتابخانەی شەش پۆلی لە سەنتەری ناحییەی ڕۆڤیا) دروست كراون. هەروەها لە بینایەی یازدە قوتابخانەی سنووری ناحیەكانی ڕۆڤیا و كەلەك و دارەتوو پۆلی خوێندنیان بۆ زیاد كراوە و ژمارەیەكی زۆریش لە بینایەی قوتابخانە لە ناو سەنتەری ناحییەی كەلەك و سنوورەكەی نۆژەن كراونەتەوە.  

* ئایا تا چەند كار و پڕۆژەتان بۆ وەرزش و لاوان هەبووە؟

- لە كابینەی نۆیەمدا لە سەرەتاوە گرنگیەكی زۆر و تایبەتی بە وەرزش و لاوان دراوە، هەر لە دروستكردنی یاریگا و نۆژەنكردنەوەی یاریگا و دروستكردنی سەنتەر و شوێنی حەوانەوەی لاوان، لەوانە پەیمانگای وەرزش و لاوانی بەردەڕەش بە هۆی زیاتر ڕووتێكردنی خوێندكاران پێویستی بە بەرفراوانكردن هەبوو، كە توانرا لە ڕێگای پڕۆژەیەكەوە شەش پۆلی خوێندن زیاد بكرێت و كەلوپەڵی پێویستی ناو پۆلەكانیش دابین بكەن، كە ئەو پڕۆژەیە (162) ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە. هەروەها (300) ملیۆن دیناریش بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگای (11)یاریزانی یانەی بەردەڕەش خەرج كراوە. هاوكات لە بواری وەرزش و لاوان پێداویستی بۆ هەر سێ ناحییە و سنوورەكە دابین كراون. 

* لەم كابینەیەدا بۆ ئاوی خواردنەوە چی بۆ ناوچەكە كراوە؟

- بەداخەوە قەزای بەردەڕەش و سنوورەكە تا ئێستا سوود لە ئاوی ژێر زەوی وەردەگرین لە ڕێگای بیری ئاوخواردنەوە و هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیژی نییە، بەتایبەتی كە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەرگیرابێت، لەم بوارەشدا ساڵانە لە ڕێگای فەرمانگەی ئاو و لایەنی پەیوەندیداری دیكەوە بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان كار و پڕۆژە كراوە بۆ نەمان و كەمكردنەوەی كێشەی كەمئاوی لە ناو سەنتەری قەزا و هەر سێ ناحییە و گوندەكانی سنوورەكە و لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا (23) پڕۆژە لە بواری ئاوی خواردنەوەمان بۆ جێبەجێ كراوە.  

* لەڕووی تەندروستییەوە تا چەند توانراوە پێداویستییەكان بۆ خەڵكی ئەو سنوورە دەستەبەر بكرێت؟

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كاری زۆر باش بۆ كەرتی تەندروستی كراوە، لەوانە دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن و دروستكردنی كارگەی ئۆكسجین و چەندین پێداویستیی دیكە بۆ ئەو مەبەستە كە ئەو پڕۆژانەی لەو كابینەیەدا ئەنجام دراون پێنج پڕۆژەن بە گوژمەی زیاتر لە (3) ملیار و (558)ملیۆن دینار بووە.

* سنوورەكەتان بە كاری كشتوكاڵی بەناوبانگە و ڕووبەرێكی زۆری زەوی بەپیتی كشتوكاڵی هەیە. ئایا لەو كەرتەدا تا چەند كارتان كردووە؟

- بەردەڕەش لە ڕووی كشتوكاڵییەوە زۆر بەناوبانگە و زەوییەكی زۆر بەپیت و بەرەكەتی هەیە و ساڵانە بە هەزاران درۆنم زەوی دادەچێندرێت بە گەنم و جۆ، هاوكات بەردەوام ڕووبەری زۆر دەكرێتە سەوەز و میوە و پەتاتە، ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران و دەوڵەمەند و وەبەرهێنەرانی سنوورەكە ڕوویان لە چاندنی پەتاتە كردووە، بەمەش لە وەرزی پێگەیشتنی پەتاتەدا بەرهەمەكەی زۆر دەبێت، ئێستا كارگەی چیپس و فینگەر لە سنوورەكە هەیە. هەروەها بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكومەتە هەر كەسێك بیەوێت، هەر پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی، یان پیشەسازی دابمەزرێنێت، لەلایەن ئێمە و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە ئاسانكاریی تەواوی بۆ دەكرێت. هاوكات بەڕێز عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك بۆ ئاسانكاری و هاندانی جووتیاران ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی چەندین كۆگای ساردكەرەوە داوە، تاوەكو بەروبوومەكانی جووتیاران بپارێزرێت. هەروەها جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوو بڕیاری دا بە دروستكردنی سایلۆیەك لە ناحییەی ڕۆڤیا كە قەبارەی سایلۆیەكە وایە (40) هەزار تەن گەنم وەردەگرێت، كە نزیكەی (20) ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە، كە ئەمەش دەبێتە ئاسانكاری و پاڵپشتی و هاندانێكی دیكە بۆ جووتیارانی سنوورەكە و بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی كشتوكاڵ. 

* ئایا لە بواری كارەبا چ پڕۆژەیەك جێبەجێ كراوە و ئەو بودجەیەی بۆ ئەو كەرتە گرنگە دانراوە، چەند بووە؟

- وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیان زۆر بە باشی و چالاكییەكی زۆرەوە ڕۆژانە خزمەت بە سنوورەكەمان دەكەن، لەم بوارەشدا هەر لەو چەند ساڵەی كابینەی نۆیەمدا چوار پڕۆژەی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە گۆڕین و چاككردنی تۆڕی كارەبا جێبەجێ كراون، كە بڕی زیاتر لە 755 ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە. 

 

Top