پڕۆفیسۆری جۆن موكوم مباكو بۆ گوڵان: سەروەریی یاسا گرنگیی یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ هێنانەئارای پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕاكێشانی وەبەرهێنان و برەودان بە گەشتیاری
جۆن موكوم مباكو، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە ئابووریدا كە لە زانكۆی جۆرجیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدەستی هێناوە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەیە لە بواری سەرچاوە سرووشتییەكان و یاسای ژینگەیی لە كۆلێژی یاسا لە زانكۆی ئوتا، لە ئێستادا پڕۆفیسۆری ئابوورییە لە زانۆی وێبەر ستەیت، هەروەها توێژەرە لە ئامۆژگای برووكینگز لە واشنتۆن دی سی. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دروستكردنی حوكمڕانیی باش و سەروەریی یاسا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ڕوونە كە چەندین دەوڵەت لە جیهاندا بە دەست گەندەڵییەوە گرفتارن و دەناڵێنن، سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین كە ئایا دەتوانرێت چی بكرێت بۆ كەمكردنەوە و كۆنتڕۆڵكردنی گەندەڵی؟
- پێش هەموو شتێك، پێویستە لە وڵاتەكەدا پرۆسەیەكی حوكمڕانی لە ئارادا بێت كە بەلای كەمەوە چەند پرەنسیپێك بگرێتەبەر، لە نێویاندا دابەشكردنی دەسەڵاتەكان، بە چەشنێك كە هاوسەنگی هەبێت لە نێوانیاندا و یەكتر لە سنووری خۆیاندا ڕابگرن، ئەمەش پێویست بەوە دەكات كە دەسەڵاتێكی سەربەخۆی دادوەری هەبێت، لەگەڵ بوونی دەسەڵاتێكی یاساداناندا كە لە دوو ئەنجومەن پێك هاتبێت، كە هەر یەكەیان دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بۆ ڕەتكردنەوەی یاساكانی ئەنجومەنەكەی دیكە، هەروەها بوونی دەسەڵاتێكی جێبەجێكاری سەربەخۆ و كارا، لەوەش زیاتر، پێویستە كۆمەڵگەیەكی تۆكمەی مەدەنی هەبێت كە لە ڕووی سیاسییەوە چالاك بێت، لەگەڵ بوونی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیدا، كە بتوانێت چاودێر بێت بەسەر مومارەسەكردنی دەسەڵاتی حكومەتەوە. بە داخەوە زۆرجار حكومەتەكان ئیرادەیەكی سیاسییان نییە بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان، لەبەر ئەوەی ئەندامانی حكومەت ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن لە بوونی شێوە جیاوازەكانی گەندەڵی، بۆ نموونە ئەگەر ئەزموونی هەندێ لە وڵاتە ئەفریقییەكان لەبەرچاو بگرین، ئەوا وڵاتانی وەك كامیرۆن و سوودانی باشوور گەندەڵییان كردووە بە ئامرازێك بۆ دەوڵەمەندكردنی پشتیوانەكانیان لە پێناو درێژەدان بە دەسەڵاتەكانیان.
* ئەگەر لە پەیوەندیی نێوان گەندەڵی و حوكمڕانیی باش بدوێین، ئەوا بە تێڕوانینی ئێوە تا چ ڕاددەیەك بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێشمەرجە بۆ دامەزراندن و درێژەدان بە حوكمڕانیی باش؟
- ئەوە ڕوونە كە گەندەڵی و حوكمڕانیی باش دووانەی دژ بە یەكن، واتە گەندەڵی لەو وڵاتانەدا زیاتر بەربڵاوە كە سیستمێكی حوكمڕانیی خراپیان هەیە، كەواتە یەكێك لە ڕێگاكانی كەمكردنەوەی گەندەڵی دەستەبەركردنی پرۆسەیەكی پتەوی حوكمڕانییە، بەتایبەتی ئەگەر لەسەر بناغەی پابەندبوون بە سەروەریی یاساوە بێت، واتە پرۆسەیەكی حوكمڕانی بێت كە بەلای كەمەوە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و هاوسەنگیی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی تێدا بەدی هاتبێت، لە سایەی حوكمڕانییەكی لەم چەشنەدا دەتوانرێت گەندەڵی كەم بكرێتەوە.
* ئێوە ئاماژەتان بە چەند وڵاتێكی ئەفریقا كرد لە پەیوەندی بە بوونی گەندەڵییەوە، لێرەدا دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەین كە ئایا بۆچی ڕۆژگارێكی دوور و درێژە ئەم وڵاتانە گرفتارن بەدەست چەندین كێشەی گەورە و قووڵەوە، وەك هەژاری و نایەكسانی و حوكمڕانیی ناكاراوە، بۆچی تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیانی لێ ڕزگار بكەن؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا سیستمی حوكمڕانییان وەك میراتی لە داگیركارەكانی پێشووەوە بۆ ماوەتەوە، بەداخەوە ئەم سیستمانەش بە چەشنێك دانەڕێژراون كە هاوكار بن بۆ ئەوەی ئەم وڵاتانە بە شێوەیەكی كارا حوكمڕانیی خۆیان بكەن، هەروەها بڕیار بوو دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆییش حكومەتەكانی ئەم وڵاتانە بەشداریی بە هاووڵاتییان بكەن لە پرۆسەی چاكسازیدا بۆ هێنانە ئارای دامەزراوەی كارا، بەتایبەتی ئەو دامەزراوانەی توانای كەمكردنەوەی گەندەڵی و بەهێزكردنی جووڵەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی سامانیان هەیە (ئەو سامانەی دەكرێت بەكار بهێنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی هەژاری و باشتركردنی بار و گوزەرانی هاووڵاتییان) هەرچۆنێك بێت، ئەمە ڕووی نەدا و ئەنجام نەدرا، لە دەرئەنجامدا زۆرێك لە حكومەتەكانی وڵاتانی دوای سەربەخۆیی لە ئەفریقا دەستیان بە چاكسازییەكی دامەزراوەیی هەلپەرستانە كرد، بۆ دروستكردنی پرۆسەیەكی حوكمڕانی كە سەرۆكێكی ئیمپراتۆری هێنایە ئاراوە و توانای حكومەتی بەهێز كرد لە پێناو باڵادەستبوون و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵاتەكانی دیكەدا. بەهۆی هەموو ئەوانەوە ئەوا بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و كودەتای سەربازی باڵادەست بوون بەسەر پرۆسەی حوكمڕانی لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقا لە ساڵانی شەستەكان و حەفتەكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، بەڵام لە سەرەتاكانی ساڵانی نەوەتەكانی هەمان سەدەدا و لە دوای داڕووخانی یەكێتیی سۆڤییەت و كەوتنی ئیشتراكییەت لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، بە هەمان شێوەی ڕووخانی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشوور، ئەمەش دۆخێكی دروست كرد كە زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقا دەست بكەن بە بەشداریپێكردنی خەڵك لە پرۆسەكانی چاكسازیی دامەزراوەییدا، ئەویش لەپێناو هێنانە ئارای پرۆسەیەكی حوكمڕانیدا كە لەسەر بنەمای لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و هاوسەنگییان بێت.
* واتە ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم وڵاتانە دەستیان دایە پرۆسەی چاكسازی و لەم ڕووەشەوە بەشدارییان بە خەڵك و بە هاووڵاتییان كرد، بەڵام ئەگەر لە دەرئەنجامەكانەوە بڕوانین ئەوا پێدەچێت ئەم چاكسازییانە دەرئەنجامێكی ئەوتۆیان لێ نەكەوتبێتەوە و بگرە كێشەكان ئاڵۆزتر و قووڵتر بووبێتنەوە، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- جارێ با ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم چاكسازییانە، یان ئامانج لەم چاكسازییانە ئەوە بوو كە وڵاتانی ئەفریقا بخەنە سەر ڕێڕەوی دیموكراسی لە ڕێی هێنانە ئارای سیستمێكی هەڵبژاردنی ململانێئامێز و فرە حزبییەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم چاكسازییانە لە زۆرێك لەم وڵاتانەدا وەك پێویست ئەنجام نەدرا و، تەنانەت بە ماوەیەكی كەم هەندێ لەم وڵاتانەدا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پاشەكشەیان كرد. ئەوە بوو وڵاتانی وەك مالی، بۆركینا فاسۆ، گینیا، چاد، و نەیجەر هەندێ بەرەوپێشچوونی دیموكراسییان بە خۆوە بینی، بەڵام دواتر بە هۆی كودەتای سەربازییەوە كۆتاییان پێ هێنرا، هەروەها كودەتا سەربازییەكەی میسریش لە ساڵی 2013 ڕەوتی دیموكراسیی بە لاڕێدا برد، دۆخێكی هاوشێوە لە سوودانیش ڕووی دا، كە بەم دواییە خزاوەتە نێو شەڕی ناوخۆییەوە. لە هەموو ئەم وڵاتانەدا زۆربەی هاووڵاتییان لەوپەڕی هەژاریدا دەژین و ئابوورییەكی ناسەقامگیریان هەیە، سوودانی باشوور كە لە ساڵی 2011دا سەربەخۆیی بەدەست هێنا، هیچ كاتێك نەیتوانیوە ئاستێكی بەرچاوی ئاشتی بەدی بهێنێت، لەبەر ئەوەی سەركەوتوو نەبوو لە ئەنجامدانی چاكسازیی دامەزراوەییدا بۆ دەستەبەركردنی پرۆسەیەكی كارای حوكمڕانی. هەروەها دەكرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە ئینگلیز زمانەكانی وڵاتی كامیرۆن هەوڵیان دا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەوە لەلایەن ئەو حكومەتەی كە فەڕەنسی زمانەكان باڵادەست بوون بەسەریدا، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی كە لە ساڵی 2017وە لە ئارادایە، ئەوەتا زۆربەی خەڵكی لەم وڵاتانەدا لەوپەڕی هەژاری و نەبوونیدا دەژین.
* ئێوە لە وەڵامەكانتاندا ئاماژەتان بە پرسی سەروەریی یاسا كرد، كە بە بەردی بناغەی هێنانەئارای گەشەی ئابووری دادەنرێت، ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا، یان دەكرێت بڵێین لەم ڕووەوە دەستەبەركردنی سەروەریی یاسا دەرمانی هەموو دەردەكانە؟
- من پێم وایە بە بێ دەستەبەركردنی ئاشتی، ئەوا ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە كە وەبەرهێنەرەكان (ناوخۆیی و دەرەكییەكان) سەرمایە و سامان بخەنەگەڕ بۆ هێنانە ئارای گەشە و بەرەوپێشچوونی ئابووری، لەم ڕووەوە سەروەریی یاسا گرنگییەكی یەكلاكەرەوەی هەیە لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی هێنانە ئارای پێكەوەژیانی ئاشتییانە، كە دۆخێكی لەم شێوەیە پێویستە بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنان و برەودان بە گەشتیاری و دڵنیابوون لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار لە ڕێی جموجووڵی بزنێس و بازرگانییەوە. كە ئێمە دەزانین بێ جووڵەی بازرگانییش نە سەروەت و سامان دروست دەبێت و نە گەشەی ئابووری دێتە ئاراوە، كە ئەمانەش پێویستن نەك هەر تەنیا بۆ دروستكردنی هەلی كار، بەڵكو بۆ دەستەبەركردنی داهاتی گشتی كە پێویستە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتی و بنەڕەتییەكان، وەك كارەبا و پەروەردە و ئاوەڕۆ و ئاوی خاوێن و.. هتد.