ئەحمەد سیروان نووسەری پەرتووكی گەنج و دەوڵەتسازی:  توێژی گەنجان ئەو لەشكرەن، كە دەكرێ بۆ بەدەوڵەتبوون و هەستانەوە و ڕاسانی نیشتمانی پشتیان پێ ببەسترێ

ئەحمەد سیروان نووسەری پەرتووكی گەنج و دەوڵەتسازی:  توێژی گەنجان ئەو لەشكرەن، كە دەكرێ بۆ بەدەوڵەتبوون و هەستانەوە و ڕاسانی نیشتمانی پشتیان پێ ببەسترێ

 


لە ڕۆژی جیهانیی گەنجان لە ژێر دروشمی "هەوڵی گەنجانی هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ دەوڵەتسازی"، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی گەنج و دەوڵەتسازی ساز كرا. هاوكات پەرتووكی "گەنج و دەوڵەتسازی"ی ئەحمەد سیروان، خوێندنەوەی بۆ كرا و پێشكەشی ئامادەبووان كرا. لە لێدوانێكی تایبەتیشدا بۆ گۆڤاری نووسەری ئەم پەرتووكە بە وردی باسی پڕۆژەكە دەكات.

 

پەرتووكی (گەنج و دەوڵەتسازی) لەلایەن تاریق كارێزی خوێندنەوەی بۆ كراوە و ئەحمەد سیروان نووسەری ئەم پەرتووكە، بەمجۆرە باسی ڕۆڵ و كاریگەریی گەنجی بۆ دەوڵەتسازی كرد:
"توێژی گەنجان ئەو لەشكرەن، كە دەكرێ بۆ بەدەوڵەتبوون و هەستانەوە و ڕاسانی نیشتمانی پشتیان پێ ببەسترێ. گەنجان بنچینەی دروستبوونی دەوڵەتن. بۆیە ئێمەی گەنجانی نیشتمان، هەڵگری ئاڵای دەوڵەتسازی دەبین و بەو پەڕی وزەمانەوە، لە پێناویدا هەوڵ دەدەین.
هەنگاوی یەكەم و سەرەتای ئەم پڕۆژەیە، پڕ لە چاڵنج و ئاڵنگاری و تاقیكردنەوە و سەختی بوو، بەڵام لە كۆتاییدا ئیرادەی ئێمەی گەنج سەركەوت و پەرتووكی گەنج و دەوڵەتسازی چاپ كرا و ئێستا وەكو ڕێبەرێكی گەنجان لە خزمەت توێژی گەنجان بەتایبەتی و سەرجەم چین و توێژەكانی دیكەدایە.
زۆرێك لە چین و توێژەكانی دیكەی نێو كۆمەڵگە، ئامانجیان ئەوەیە كە دەوڵەتی كوردستان بە چاوی خۆیان ببینن. من دەزانم ئەم ئامانجە خەم و هیوای ئێوەی دڵسۆز و هەموو گەلی كوردە، بەڵام من وەك گەنجێك بڕوام وایە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە، دەكرێ لە ڕێگەی توێژی گەنجانەوە شۆڕشی هزری و زیهنی بەرپا بكرێ. واتە ئاڵای شۆڕش بە دەستی ئێمەی گەنجەوە و پشتیوانییش لە ئێوەی خۆڕاگر و ماندوویی نەناسەوە.
لە دوای كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی و ڕۆژگاری پڕ لە شانازیی ڕیفراندۆمەوە، ئیدی ئەوە تێپەڕی، كە دەگوترا دەوڵەتی كوردستان خەیاڵێكە و بەدی نایەت! ئێستا و دوای ئەو شەرەفەی كە سەرۆك بارزانی بە تاك بە تاكی كوردستانی بەخشی، خۆری ڕۆژگارێك هەڵهاتووە كە هەموومان، لەناو قووڵاییی ناخماندا، هەست بە سەربەخۆیی دەكەین و پێكەوە دەڵێین: دەوڵەتی كوردستان خەیاڵ نییە. دەوڵەتی كوردستان ئامانجمانە و بڕوا و متمانەتان هەبێ، كە ڕۆژێك دێت، بە هیممەتی گەنجانی دڵسۆز و خەمخۆرانی نیشتمان، هەر دێتەدی و سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەكان، لە سایە و سێبەری ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا، بە ئازادی و ئارامی و كەرامەتپارێزراوییەوە تێیدا بژین.
ئەگەر بە وردی باسی دەوڵەتسازی بكەین، ئەوا ڕایەڵ و لقی زۆری لێ دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و پێویستە كە قسەی لەسەر بكرێت، ئەو لایەنەیەتی كە بۆ ئەمڕۆی گەنج پێویستە، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەتسازی. كتێبەكە چەندین تایبەتمەندیی جیاوازی لەخۆی گرتووە و بە شێوەیەكی نوێگەرییانە، بە چاپ گەیاندراوە. خوازیارم كە دواتر خوێنەر خۆی، بڕیار لەسەر شێوازەكەی بدات. بەڵام ئامانجی من زیاتر لە دەوری چوارچێوە فكری و پەروەردەییەكەی دەسووڕێتەوە.
بەشێكی زۆر لە سەركردەكانمان، لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان، لە پێناوی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كورد، هەوڵی بێوچان و شانازیبەخشیان داوە و كۆتا هەوڵیش كە لەو پێناوەدا درا، لەلایەن (سەرۆك مەسعود بارزانی)ـەوە بوو، بە كۆمەك و پشتیوانیی بەشێكی زۆر لە سەركردایەتیی كوردستان كە ٩٣٪ـی هاووڵاتییان، هەر لە مەندەلی و خانەقینەوە، تا شنگال و بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە، دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.
لە سۆنگەی ئەو شاكارە مێژووییەوە، لێرەوە بە ناوی هەموو گەنجان و لاوانی دڵسۆزی كوردستان دەڵێم:
موژدە دەدەین بە قازی محممەد و بارزانیی نەمردا، كە كاروانیان پڕ ڕێبوارە و نەوەكانیان ئێستا هەڵگری ئاڵای كوردستانن و لە پێناوی دەوڵەتسازیدا هەوڵ دەدەن. سۆزیش دەدەین كە؛ ڕێچكە و ڕێگای سەرۆك بارزانیی بەر نەدەین و تەواوی بكەن.
پەیامم بۆ گەنجانی كوردستان ئەوەیە كە بێ ئومێد نەبن، ڕاستە دۆخی نەتەوە و هەرێمەكەمان لە قۆناغێكی سەختدایە، بەڵام نابێت بهێڵین تاقەتمان بپڕووكێنن، دڵنیابن ئەم ڕۆژگارەش بە سەری بەرزەوە، تێدەپەڕێنین و وەك هەمیشە سەردەكەوین.

لە كۆتاییدا دەڵێم:
بە تەنیایش هەر دەتوانین هەوڵ بۆ دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازی بدەین، بەڵام كار و هەوڵی پێكەوەییمان سەنگی زیاترە و دەیشتوانین باشتر و زووتر سەركەوتن بەدەستبهێنین.
سەربەرزی بۆ پارێزەرانی كورد و كوردستان.
دروود بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان...

Top