دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 19یەمین ساڵی دامەزراندنیدا پڕۆژەیەكی ژینگەیی ڕادەگەیەنێت
بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و چالاكی مەدەنی لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكات لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی 19یەمین ساڵی دامەزرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەی "ئاوی پاك، تەندروستیی تاك" ڕاگەیەندرا.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی ژینگەی كوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و چالاكی مەدەنی، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 4\8\2024 لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی ئاهەنگگێڕانی 19یەمین ساڵی دامەزرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، بەڕێز چنار سامی كارمەندی نۆژداری لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی "ئاوی پاك، تەندروستیی تاك"ی ڕاگەیاند. هاوكات بە وردی باسی مەترسییەكانی پاشماوەی پلاستیكی لە ڕووی زانستی پزیشكی و ژینگەوە كرد، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو پڕۆژەیە بە مەبەستی بەكارنەهێنانی ئاوی ناو بوتڵی پلاستیكە كە زیانێكی زۆری بۆ ژینگە هەیە. ههر له چوارچێوهى ئهو پڕۆژهيه، هەموو كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی مەتارەی ئاویان بەسەردا دابەش كرا و ئامێری ساردكەرەوەی ئاو(بەڕاد) لە بەشەكانی دەزگا دانران.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میدیاكان، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، پەیامی پیرۆزبایی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە كارمەندانی دەزگا ڕاگەیاند. هاوكات گوتی: "كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پەروەردەی ڕێبازی بارزانیی نەمرن، بەتایبەتی كە گۆشكراون بەو ئاخافتنە مەزنەی بارزانیی نەمر كە فەرموویەتی:((شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت))، لە بۆنەكانی خۆش و ناخۆش لەتەك هاووڵاتییانی كوردستانن و لەتەك هەموو ئەو كاسەنەن كە پەنا بۆ هەرێمی كوردستانی پڕ لە ئاسایش دەبەن".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، كە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش و كۆمەڵكوژییەكانی و ئاوارەبوونی هاووڵاتیان لە ساڵی 2014 ، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی كەمتر لە 150 ڕۆژ 9 ملیۆن و 900 هەزار ژەمە خواردنی گەرمیان بە كوالێتەی بەرزی تەندروستی پێشكەش كردوون. هیواشی خواست، ئارامیی باڵ بەسەر كوردستان و هەموو جیهاندا بكێشێت و لە كارەساتەكان بەدوور بن. هەر لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە بۆ ئارامی زیاتر پڕۆژەمان پێیە لەوەی كە بۆ كارەساتەكان بە ناچارییەوە دەچین بۆ بەهاناوەچوونی خەڵكی لێقەوماو و خزمەتكردنیان". سەبارەت بە پڕۆژەی "ئاوی پاك، تەندروستیی تاك"یش گوتی: "پاراستنی ژینگە لە دروشمە سەرەكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، لە ڕێبازی بارزانیی نەمریشدا، ژینگە شوێنێكی تایبەت و گرنگی هەیە. ئەم بڕیارەمان ڕاگەیاندووە، وەك پاڵپشتیكردنێك لە پڕۆژەكانی دەستەی ژینگە، ئەویش بە ڕاگرتنی بوتڵی ئاو كە هاوكاری بەڕێزمان باسی زیانەكانی دەكات. د. چنار پڕۆژەكەی پێشكەش كردووە لەگەڵ بەشی سەرچاوە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە دەستخۆشییان لێدەكەین. تەمەننا دەكەین كە دامودەزگاكانی حكومەت، ڕێكخراوەكان، كۆمپانیاكان هاوشان لەتەك ئێمە بۆ پاڵپشتیكردن لە دەستەی ژینگە، بەو هەڵمەتە جوانە هەڵبستن ".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی دەزگاشی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە و خزمەتكردن و كاری هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی ژینگە دەربڕى.
دواتر بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، گوتی: "ئەمڕۆ بە شانازییەكی زۆرەوە یادی دامەزراندنی دامەزراوەیەكی گەورەی نیشتمانیی مرۆیی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی) دەكرێتەوە. ئەو دەزگایەی كە بەشێكی گرنگە لە دیوە مرۆییەكەی كۆمەڵگە و دامەزراوەكانی كوردستان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی مرۆیی و ژینگەپارێزی كە دوو دروشمی ئەساسیی دەزگاكەیە و لە ساڵانی ڕابردووش، هەم خەڵكی كوردستان شاهیدی كار و بەخشش و مێهرەبانی و لەئامێزگرتن و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، هەم لە سەرتاسەری عێراق و ناوچەكە و گەلێ جاریش لە وڵاتانی دیكەش شاهیدی بۆ ئەو كارانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەدرێت. ئەوڕۆ لەو ساڵیادەدا وێڕای سوپاس بۆ سەرۆكی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی پێشكەش بە بەڕێزان تەواوی ستافی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و ئەو خۆبەخشە ئازیزانەش دەكەین، كە لە چوارچێوەی كارەكانی دەزگا بەشێكی گرنگی سەرخستنی كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون. ئێمە لە ئیدارەی هەولێر، شاهیدی هەموو ئهو كاره باشانەین كە دەزگا هەماهەنگ و پشتیوانى بووە، لە لایەك پشتیوانی حكومەت بووە، بە دیوە مرۆییەكەشدا خزمەتێكی گەلێك گەورەی پێشكەش كردووە لە باری ئاسایی و نائاسایی".
پارێزگاری هەولێر باسی پڕۆژە ژینگەپارێزییەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پاراستنی ژینگە لەناو ڕێبازی بارزانیدا ڕێچكە و بنەمایەكی بنەڕەتی هەیە و كار و چالاكییهكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو بوارەدا بەرز نرخاند.
دواتر بەڕێز عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی ژینگەی كوردستان، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، گوتی: "دروشمەكان زۆرن، بەڵام هونەر ئەوەیە كە دروشمەكان بگۆڕین بۆ واقیع، ئەمڕۆ لە 19یەمین ساڵیادی دامەزرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كارێكی لەو جۆرە دەبینین".
سەرۆكی دەستەی ژینگەی كوردستان جەختی لەوە كردەوە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1972 وشەی ژینگەی هێناوەتە نێو دیكیۆمێنتە فەرمییەكانی خۆی و شێخ ئەحمەدی بارزان بە دەیان ساڵ لەوەو پێش باسی ژینگەپارێزی كردووە. ئەوەشی خستەڕوو كە دەستەی ژینگەی كوردستان لە مانگی 10ی ساڵی 2020 لە ژێر دروشمی "با لەخۆمانەوە دەست پێبكەین" لە دەستەی ژینگە و گشت فەرمانگەكانی، بەكارهێهێنانی بوتڵی پلاستیكی ئاويان قەدەغە كردووە. جەختی لەوەش كردەوە كە لە كوردستان ئاوێكی پاكژ و خاوێن هەیە و گرفتەكان تەنیا لە تانكییەكانە كە پێویستیان بە خاوێنكردنەوە هەیە. ساردكەرەوەكانی ئاویش ئەو گرفتانە چارەسەر دەكەن. پێشنیاری ئەوەشی كرد، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ڕێگەی وزەی خۆرهوه كارەباى نووسينگهكانى دابین بكات، كە ئەوەش هەنگاوێكی دیكەیە بۆ پاراستنی ژینگە و دەبێت هەنگاوی گەورەتریشی بەدوادا بێت.
رێپۆرتەر : سالار حیسامی - وێنەگر: سەمەد ئەكرەم