د.سامی ڕێكانی مامۆستای زانكۆ- دهۆك: كێشە و كەموكورتیی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە تاكو ئێستا ستراتیژییەكی هاوبەشمان بەرانبەر بەغدا نییە و ناكۆكیی توند لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە

د.سامی ڕێكانی  مامۆستای زانكۆ- دهۆك:  كێشە و كەموكورتیی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە تاكو ئێستا ستراتیژییەكی هاوبەشمان بەرانبەر بەغدا نییە و ناكۆكیی توند لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە

یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بابەتێكی چارەنووسسازە و نابێت هەروا بە ئاسانی و ئاسایی بەبێ لێكتێگەیشتن و تەوافقی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێت، چونكە هەر كاتێك بەغدا بەهێز بێت، مەرجەكانی خۆی دەسەپێنێت و بابەتەكان لە بەرژەوەندیی خۆی ئاراستە دەكات.

ئێستا كە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یاسای نەوت و گازی هەرێم ڕەت كراوەتەوە و بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، دەبێت هەرێمی كوردستان زۆر بە هۆشدارییەوە هەنگاو بۆ دەركردنی ئەم یاسایە هەڵبگرێت، لە ئێستاشدا جۆرێك لە دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ پێكەوە بۆ چارەسەركردنی دۆسێی نەوت و گاز كار بكەن.

 كێشە و كەموكورتیی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە تاكو ئێستا ستراتیژییەكی هاوبەشمان بەرانبەر بەغدا نییە و ناكۆكیی توند لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی لەنێوان هەردوو پارتی سەرەكی لە كوردستاندا، كە لەم قۆناغەدا گەمەیەكی نێوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی گەورە لە كەرتی نەوت و گاز هەیە و، ئەگەر یەكگرتوو نەبین، ئەوا بێگومان دەبینە قوربانی و ناوەند زاڵ دەبێت بەسەر ئاراستەكردنی دۆسێی نەوت و گاز و دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و مەركەزییەت زاڵ دەبێت و هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت و وەكو پارێزگایەكی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

بۆیە خوێندنەوەی بارودۆخەكە بە واقیعییانە فەرزی دەكات، بەوەی پێویستە كورد گەلێك هوشیار بێت و بە وردی دیراسەی بەرژەوەندییەكان و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی كورد لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا و هەر دوو وڵاتی زلهێزی ناوچەكە (توركیا و ئێران) بكات. لەلایەكی دیكەوە واقیعەكە حاڵەتی ئەرێنیشی تێدایە، بەوەی هەمووان لەگەڵ ئەوەدا هاوڕان كە ئەم بابەتە بێتە چارەسەر، چونكە بەرژەوەندیی هەمووانی تێدایە، بۆ نموونە ڕاستە ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا و ئەوروپا و ڕوسیا و تەنانەت توركیا هەیە و بەرژەوەندییان لە دۆسێی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە، بەڵام هاوكێشەكان ئاڵۆزن و چارەسەرەكان هەروا ئاسان نین. بەتایبەتی لە ئێستادا كە عێراق لەم قۆناغەدا هەموو هەوڵەكانی بەرەو مەركەزییەت دەچن، لەگەڵ ئەمەشدا لایەنی ئەرێنی هەیە، بەوەی هەموو وڵاتانی بیانی بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەوەدایە ئەم كێشەیە لە نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕوو لە چارەسەركردن بكات.

 بە بیر و بڕوای من دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لە ئێستادا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم یاسایە گرنگ و چارەنووسسازە، گرنگە پەلەی تێدا نەكرێت. واتا نەبوونی یاسا لە بوونی یاسایەكی خراپ و سەپێنراو باشترە.

 

Top