كەمخوێنی لە منداڵدا

كەمخوێنی لە منداڵدا

كەمخوێنی Anemia واتە كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن یان كەمبوونەوەی ڕێژەی هیمۆگلۆبین كەمتر لە ڕێژەی ئاسایی. كەمخوێنی لە نێو منداڵاندا باوە، جۆرەكانی بریتین لە: كەمخوێنی لەبەر كەمیی كانزای ئاسن كە باوترین جۆرە، كەمخوێنی لەبەر كەمیی ڤیتامین B9 (فۆلەیت) یان ڤیتامین B12، هەروەها كەمخوێنی لە ئەنجامی شیبوونەوەی خوێن Hemolytic anemia. نیشانەكانی كەمخوێنی لە منداڵدا: زوو ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، بێهێزیی لەش، وشكبوون و كاڵبوونی ڕەنگی پێست، هەناسەتەنگی و دڵەكوتێ، سەرسووڕان كە لەوانەیە ببێتە هۆی كەوتن، ناسكبوونی نینۆكەكان، قڵیشانی لێو، ساردبوونی دەست و پێیەكان، سەرئێشە، كەمبوونەوەی تەركیز، دواكەوتنی گەشە و پەرەسەندن، ناڕەحەتی، هەروەها هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج. هۆكارەكانی كەمخوێنی لە منداڵدا: كەمیی كانزای ئاسن یان ڤیتامینەكانی B9 و B12 لە خۆراكدا، نەخۆشیی دریژخایەن یان پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری یان گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس، ونكردنی خوێن لە ئەنجامی برینداربوون یان نەشتەرگەری یان نەخۆشی لە كۆئەندامی هەرسدا، هەروەها گرفتی بۆماوەیی كە كاریگەریی نەرێنی بكاتە سەر دروستبوون و فرمانی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. هەنگاوەكانی خۆپاراستن: خۆراكی هاوسەنگ كە ماددە گرنگەكان لەخۆبگرێت وەكو گۆشت، پاقلەمەنییەكان، سەوزە گەڵا تاریكەكان، لەگەڵ میوەی جۆراوجۆر، هەروەها پێویستە كە یاریدەدەری ئاسن بە چاودێریی دكتۆر بەكاربێت، بۆ ئەو منداڵانەی كە تووشی بەدخۆراكی دەبن یان پەیڕەوی خۆراكی ناتەندروست دەكەن.

 

Top