چۆن جگەرەكێشان زیان بە پێستی دەموچاو دەگەیەنێت؟

چۆن جگەرەكێشان زیان بە پێستی دەموچاو دەگەیەنێت؟

جگەرەكێشان جگە لە زیانە زۆرەكانی لە نەخۆشیی دڵەوە بگرە تا دەگاتە شێرپەنجە، زیان بە پێستی دەموچاویش دەگەیەنێت بە شێوەی پیربوون و لۆچبوونی پێشوەختە كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر شێوەی ڕوخسار و كاردانەوەی دەروونی خراپی لێدەكەوێتەوە، بەتایبەتی لە ئافرەتی جگەرەكێشدا.

 جگەرە ماددەی ژەهراوی لەخۆ دەگرێت كە سەرەڕای لۆچبوونی پێشوەختە، ئەگەری شێرپەنجەی پێستیش زیاد دەكەن، هەروەها لەكاتی بوونی هەر گرفت یان نەخۆشییەكی پێست ئەوا جگەرەكێشان حاڵەتەكە ئاڵۆزتر و نیشانەكانیش سەختتر دەكات. توێژینەوەكان جەخت لەوەش دەكەنەوە كە جگەرەكێشان هۆكارە بۆ دواخستنی چاكبوونەوەی برین، زیادبوونی ئەگەری تۆخبوون، یان پەڵەی پێست Pigmentation، ئەكزیما، لەگەڵ شێرپەنجە و گرفتی دیكەی پێست، بۆیە پێویستە لەسەر جگەرەكێشەكان كە بۆ بەسەركردنەوە بە شێوەیەكی دەوری سەردانی دكتۆر پێست بكەن.

ماددە ژەهراوییەكانی ناو دووكەڵی جگەرە پرۆتینی كۆلاجین و ئیلاستینی Elastin پێست تێكدەدەن، كە پێكهاتەی ڕیشاڵین و گرنگن بۆ پاراستنی تۆن و لووسی و توندیی پێست، دەرەنجام پێست زبر دەبێت و توانا لاستیكییەكی كەم دەبێتەوە، ئینجا تووشی لۆچبوونی قووڵتر و شۆڕبوون دەبێت Sagging، جگە لەمە جگەرەكێشان هاندەرە بۆ زیادبوونی بۆیەی پیست كە بە میلانین ناسراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەڵە، یان قانی تۆخ لەسەر پێستی دەموچاودا، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنی پێست و نەخۆشیی سەدەف Psoriasis زیاد دەكات.

 

Top