پ.د. گۆڤەند شێروانی پسپۆڕ و تایبەتمەند لە سێكتەری نەوت و گاز: جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەركردنە كە وڵاتێكی وەك عێراق كە بڕبڕەی پشتی داهاتەكەی نەوتە، بەڵام یاسای نەوت و گازی نییە
پ.د.گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سێكتەری نەوت و گاز و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری جیۆلۆجیای نەوتدا، ئێستا ڕاوێژكاری سێكتەری نەوت و گازە لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جیا لەوەش كە لە ڕووی ئەكادیمییەوە پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەم سێكتەرە هەستیارەدا، لە هەمان كاتدا خاوەنی ئەزموونێكی گەورەیە و بە دەیان توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەم پرسە كردووە، بە كردەییش لەم بوارەدا كاری كردووە. بۆیە لە ئێستا تەنیا وەك پسپۆڕ و تایبەتمەندێك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان سەیر ناكرێت، بەڵكو وەك یەكێك لە پسپۆڕ و تایبەتمەندە گەورەكان لەسەر ئاستی عێراق لە قەڵەم دەدرێت و بەردەوام لە كەناڵە عەرەبییە عێراقییە جیاوازەكانەوە پەیوەندیی پێوە دەكرێت و لەسەر پرسی نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی دیداری لەگەڵ ئەنجام دەدەرێت. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی. خوێندنەوەو هەڵوێست) بە شێوەیەكی زانستی و یاسایی زۆر ورد لەسەر ئیشكالییەتی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی قسەی كرد و، بەم جۆرە بیروبۆچوون و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.
دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم پرسە هەستیارە (یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی) پۆلێك تایبەتمەند و پسپۆڕی كوردستانی و عێراقیی كۆ كردووەتەوە، كە بەشێكیان بە سكایپ لە بەغدا و تاران و لەندەنەوە لەگەڵمانن، بۆیە سڵاو بۆ ئامادەبووانی گفتوگۆكە و سڵاو بۆ ئەوانەشی بە ڕێگەی سكایپ لەگەڵمان بەشدارن.
سەرەتا دەخوازم بە شێوەیەكی گشتی باسی گرنگیی نەوت بكەم. بۆچی سێكتەری نەوت بۆ عێراق ئەوەندە گرنگە؟ بێگومان لەبەر ئەوەیە داهاتی نەوت بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراق پێك دەهێنێت. لە یاسای بوجەدا بە ڕێژەی 87% لە داهاتی نەوت پێك دێت، بەڵام لە ڕاستیدا سیكتەری نەوت وەك پەیوەندییەكانی لەگەڵ جومگەكانی دیكەی ئابووریی عێراق، ئەم ڕیژەیەی داهاتی نەوت زیاتر لە 90% پێك دەهێنێت.
نەوت شمەكێكی ستراتیژییە، بەهاكەی داهاتە ماددییەكەی تێدەپەڕێنێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندیدارە بە سیاسەت و كاروباری ستراتیژیی دیكەی دەوڵەتەوە كە شمەكێكی دیكەی جیاوازە.
نەوت تەنیا سەرچاوەی وزە نییە، بەڵكو سەرچاوەی چەندین پیشەسازیشە كە پێی دەگوترێت پیشەسازی پترۆكیمیایی، هەروەها سەرچاوەیە بۆ دۆزینەی هەلی كاری زۆر.
بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا دەریخست كە 80% ئابووریی جیهان پشت بە نەوت دەبەستێت، هەربۆیە پەككەوتنی جووڵەی نەوت (بەرهەمهێنان، بەبازاڕكردن و فرۆشتن) كاریگەریی لەسەر ڕێژەیەكی زۆر گەورەی ئابووری بەجێ هێشت.
ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە وڵاتێكی وەك عێراق كە بڕبڕەی پشتی داهاتەكەی نەوتە، كەچی یاسای نەوت و گازی نییە، هەر بۆیە كەمتەرخەمی لە دەركردنی ئەم یاسا گرنگەدا زیان بە هەموو لایەنەكان دەگەیەنێت نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، كە وەك دەركەوێت هەرێمی كوردستان لە هەموولایەكی دیكە لە عێراقدا پەرۆشترە بۆ ئەوەی ئەم یاسایە دەربچێت.
لێرەدا ئاماژە بە هەندێك لەو زیانانە دەكەم كە لە نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لێمان دەكەوێت، وەك:
- نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، وامان لێ دەكات، بگەڕێینەوە بۆ دواوە و كار بە هەندێك یاسای دیكە بكەین كە هی سەردەمی ڕژێمی پێشووی پێش سیستەمی فیدڕاڵییە، ئەمەش لەگەڵ دەستووری عێراقدا هاودژی دەكات و پێشێلكردنی دەستوورەكەشە.
- نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، دەبێتە هۆكاری ئەوەی لە چەند جومگەیەكی وەزارەت و حكومەتدا، بڕیارەكان مۆنۆپۆڵ بكرێن، كە ئەمەش سەردەكێشێت بۆ بەڕێوەبردنی خراپ لەم سێكتەرە گرنگەدا و، كردنەوەی دەرگای جیاواز بۆ گەندەڵی، سەرەنجامیش زیانێكی زۆر بە ژێرخانی ئابووری و دارایی وڵات دەكەوێت.
- نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، ژینگەیەكی ئاڵۆزی ئەوتۆ دروست دەكات، كە لەبار نەبێت بۆ وەبەرهێنان و هاتنی كۆمپانیا گەورەكان بۆ وەبەرهێنان لە سێكتەری نەوت و گازی وڵاتدا، ئەمەش لەبەر ئەوەی وەبەرهێنان پێویستی بە ژینگەیەك هەیە، كە لە ڕووی یاساییەوە سەقامگیر بێت، هەر بۆیە وەك ئێستا دەبینین چەندین كۆمپانیای گەورەی نیودەوڵەتی نەوت وەك «ئیكسۆن مۆبیل، شیل و...هتد» دەستیان بە پاشەكشەی وەربەهێنانەكانیان كردووە لە كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگاكانی باشووری عێراق.
سەبارەت بە قسەكردنیش لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، چەند شتێك هەیە لەو ماددە دەستوورییانەی پەیوەندییان بە نەوتەوە هەیە، كە بە شێوازی جیاواز تەفسیر دەكرێن، یان میكانیزمی جێبەجێكردنیان تێكەڵ دەكرێت، هەر بۆ نموونە ماددەی 110ی دەستوور كە دەڵێت: ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حكومەتی فیدڕاڵییەوە:
یەكەم: ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و ئەنجامدانی دانوستان لەسەر پەیماننامە و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی قەرزكردن و واژۆكردن لەسەریان و یەكلاكردنەوە و ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتە ئابووری و بازرگانییە دەرەكییە سەروەرییەكان.
لەم ماددەیەدا ئەگەر وەك خۆی تەفسیری بكەین، ماددەكە زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێت: «ڕەنگڕێژكردنی سیاسەت» لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حەسریی فیداڕڵیدایە، ئەمەش لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە «ڕەنگڕێژكردن واتە پلاندانان» و پلاندانان و جێبەجێكردنی، یان بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە جیاوازە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی نییە، بەڵكو دەكرێت هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوتیش بەڕێوەی ببەن، هەروەها ماددەی 111 كە دەڵێت: «نەوت و گاز موڵكی گەلانی عێراقە» و ماددەی 112 كە باس لە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی ئێستا دەكات و ئەوانی دیكە بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێن، ئەمانە هەمووی دەكەونە بەشی دەسەڵاتەكانەوە لە نێوان هەرێم و پارێزگاكان و دەسەڵاتەكانی فیدڕاڵییەوە، لەمەش زیاتر لە ماددەی 115 بە ڕوونی ئاماژە بەوە كراوە، هەر شێتك نەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵییەوە، دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، هەرێمی كوردستان چەند ڕەشنووسی هەیە لە ساڵانی (2007، 2011، 2023) لەم ڕەشنووسانەدا تێڕوانینی هەرێمی كوردستان كە پێشنیار كراوە بۆ «یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی» نزیك و هاوتای ئەو ماددە دەستوورییانەیە كە ئەم یاسایە پشتی پێ دەبەستێت، بەڵام لە تەواوی ڕەشنووسەكاندا بە ڕەشنووسی ئێستای حكومەتی فیدڕاڵیشەوە، تێڕوانینی بەغدا بە ڕاشكاوی هەنگاوهەڵگرتنە بەرەو گەڕانەوە بۆ سەنتڕاڵیزم، ئەمەش لەگەڵ دەستووری عێراق و سرووشتی سیستمی سیاسیی تازە (فیدڕاڵی) یەك ناگرێتەوە.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پاشخانی هەوڵەكان بۆ نووسینەوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، هەڵوەستە لەسەر چوار وێستگە دەكەم:
یەكەم: ئەو وەرەقە سیاسییەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە كۆتایی ساڵی 2022 لەسەری ڕێك كەوتوون، بووەتە بەرنامەی حكومەتەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و پەرلەمان پەسەندی كردووە، یەكێك لە گرنگترین بڕگەكانی ئەوەیە كە دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی تێپەڕێندرێت، بەڵام ئەوە چەند شەش مانگیی بەسەردا تێپەڕی و هەتا ئێستاش یاساكە دەرنەچووە و وا خەریكە سێ ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.
دووەم: بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی بارزگانیی پاریسە لە ئاداری ساڵی 2023 كە تیایدا بە دەق هاتووە كە بەبازاڕكردنی نەوت بە شێوەیەكی حەسری لە دەسەڵاتەكانی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییە، دوای ئەم بڕیارەش لە نیسانی ساڵی 2023 هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بەبازاڕكردنی نەوت بە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بێت.
سێیەم: یاسای بودجەی فیدڕاڵی كە لە مانگی حوەزەیرانی ساڵی 2023 لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا و لە ئابی ساڵی 2023 دەست بە جێببەجێكردنی كرا، لەم یاسایەشدا باس لە قۆناغەكانی «بەرهەمهێنان و بەبازاڕكردن»ی نەوت كراوە، بەڵام ئەم یاسایە بە شێوەیەكی باش جێبەجێ نەكرا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە بۆشاییەكی یاساییمان هەیە و یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیمان نییە.
لە هەرێمی كوردستان لێژنە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم پرسە دامەزراوە، كە پسپۆڕانی یاسایی، ڕاوێژكاران، ئەندامانی پەرلەمان تێیدا ئەندامن و كاریان كردووە لەسەر ئەوەی كە هەندێك ڕەهەندی گشتی دیاری بكەن، پێش ئەوەی ئەم یاسایە بنووسرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە مادەی 111 خاوەندارێتی نەوت كە دەستوور دایناوە خاوەنەكەی گەلانی عێراقە، هەروەها ماددەی 112 و 115ی دەستوور كە باس لە هاوبەشیی بەڕێوەبردن لەلایەن هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی دەكات، ئەم ماددە دەستوورییانە «خاوەندارێتیی كێڵگە نەوتییەكان لە بەڕێوەبردنی كێڵگەكان» لەیەكتری جیا دەكاتەوە، بۆیە كاتێك دەڵێت: «خاوەندارێتیی نەوت هی گەلانی عێراقە» ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەموو گەلانی عێراق كێڵگە نەوتییەكان بەڕێوە بەرن، بەڵكو تەفویزی دەكات لایەنێك ئەو كارە بەڕێوە بەرێت.
گرنگترین ماددەی ناو دەستووری عێراق ماددەی 112یە كە دەكرێت بكرێتە بنەما بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، لەبەر ئەوەی ماددەی 112 دەڵێت: «حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوە دەبات، بە مەرجێك داهاتەكانیان بە شێوەیەكی دادپەروەری و بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتووان لە سەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت، لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتووانەی كە ڕژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون و ئەوانەش كە پاشتر زیانیان لێ كەوت، بە جۆرێك گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات، ئەمەش بە یاسا ڕێك دەخرێت». كەواتە لەم ماددەیەدا هاوبەشی چەسپێندراوە، بەڵام دوای دەرهێنانی نەوت نەك پێش بەرهەمهێنانی، ئەمەش ئەو مانایەی هەیە كەپرسی «دۆزینەوەو و بەرهەمهێنانی نەوت» لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم و پارێزگاكاندایە، هاوبەشیی بەڕێوەبردن لە دوای بەرهەمهێنانی نەوت و گازەوە دەست پێدەكات و، ئەم هاوبەشییەش مەرجدارە بەوەی كە دەبێت داهاتی ئەم نەوت و گازە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بە گوێرەی دانیشتووان لەسەرجەم پارچەكانی وڵات دابەش بكرێت، لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ئەو هەرێمانەی كە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو زیانیان لێ كەوتووە، وەك پرۆسە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو لە دژی كوردستان پیادە كراون، دەبێت بەشێك لە داهاتی نەوت بۆ قەرەبووی ئەو زیانانە تەرخان بكرێت.
خاڵێكی دیكە كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، بڕگەی دووەمی ماددەی 112ی دەستوورە كە دەڵێت: «حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بەیەكەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی ستراتیژیی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز، بە جۆرێك كە ببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوود و كەڵك بۆ گەلی عێراق، ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەكنیكی بنەماكانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان». ئەمەش مانای ئەوەیە لە ماددەیەدا بە ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە، كە حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەر پێكەوە پلان دادەنێن بۆ بەرەوپێشەوەبردنی كێڵگەكانی ئێستا، بێگومان لەسەر ئەم ماددەیە بەردەوام هەوڵێك هەیە كە چەمكی «كێڵگەكانی ئێستا» بە جۆرێكی دیكە تەفسیر بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی مەبەستی ماددە دەستوورییەكە لەو ماددەیە ئەوەیە لە «كێڵگەكانی ئێستا» واتە لە ساڵی 2005، لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازدا هاتووە كێڵگەی بەرهەمهێن، كاتێك پێی دەگوترێت بەهەرهەمهێن كە توانای بەرهەمهێنانی 150 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا هەبێت، بۆیە بەم پێوەرە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە ڕێژەی 90% دەبنە كێڵگەی تازەی دوای دەرچوونی دەستووری عێراق، بەمەش بەڕێوەبردنی تا دەگاتە بەرهەمهێنان، دەبێتە مافی هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
لە دوماهیدا دەمەوێت بە چەند خاڵێك باسەكە پوخت بكەمەوە:
• هیچ دەسەڵاتێكی حەسریی فیدڕاڵی لە بەڕێوەبردنی كاروباری نەوتدا نییە، بێجگە لە بەبازاڕكردنی نەوتەكە نەبێت.
• بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی ئێستا بە هاوبەشی دەبێت، بەڵام بەڕێوەبردنی هاوبەش واتە دوای بەرهەمهێنانی نەوتەكە، دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت بەپێی ماددەی 115ی دەستووری عێراق ناكەوێتە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی.
• لە ماددەی 110ی دەستووردا ئاماژە بەوە كراوە كە حكومەتی فیدڕاڵی ڕەنگرێژی سیاسەتی ئابووری و بازرگانی و دەرەوە و سەروەری دەكات، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە نەكراوە.
• لە جێبەجێكردنی ماددەی 112 كە پەیوەندیدارە بە دابەشكردنی داهات، مەرجدارە بە دابەشكردنێكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووان گونجاو بێت.
• سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كە ئاماژە بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە 22ی ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان دەكات، ئاماژەی بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان نەكردووە، كە ئەویش یاسای وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانە و ئەو وەزارەتە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت لەگەڵ یاسای وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان یەك دەگرێتەوە.
ئەو ماددە دەستوورییانەی ئاماژەمان پێ كرد، بۆ نووسینەوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی زۆر گرنگن، ئەگەر بە وردی هەڵوەستەیان لەسەر بكەین و بە شێوەیەكی بێلایەنانە تەفسیریان بكەین. هەروەها گرنگە ماددەكانی (110، 111، 112) ی دەستووری عێراق، هەموویان پێكەوە تەفسیریان بۆ بكرێت، نەك هەر ماددەیەك بە تەنیا و بە جۆرێك تەفسیر بكرێن كە لە بەرژەوەندیی لایەك و لە دژی لایەكەی دیكە بێت.