مەسعود كاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ گوڵان: ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی یەك ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ بودجەی فریاكەوتن تەرخان كردووە
لە دەستپێكی هاتنی وەرزی گەرمای هاوینی ئەمساڵ لە ژمارەیەك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر گرفتی كەمئاوی دەستی پێكرد. بەرزبوونەوەی خواستی بەكارهێنانی ئاو و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، ئەوە دەخوازێت پڕۆژەی نوێی ئاوی خواردنەوە دروست بكرێت. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا لەگەڵ مەسعود كاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ ئەم گرفتە و هەوڵەكانی پارێزگای هەولێر كرد.
* وەكو چاوەڕوان دەكرا، هاوینی ئەمساڵیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كێشەی كەمئاوی لە ژمارەیەك لە گەڕەكەكانی ناو شاری هەولێر سەریهەڵدا، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە وەكو پارێزگای هەولێر چ هەنگاوێكتان ناوە؟
- ڕاستە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هەڵكشانی خواست لەسەر بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە لێرەولەوێ گرفت ڕوودەدات، بەڵام كێشەكە بەو شێوەیە نییە كە تەواوی گەڕەكەكان بێ ئاوی خواردنەوە بن. بۆ نموونە لەگەڕەكەكانی بەختیاری و كوێستان و كرێكاران و ڕووناكی كاتێك باسی كێشەی كەمئاوی دەكرێت، زیاتر لە چەند كۆڵان كێشەی كەمئاوی یان بێئاوییان دەبێت. دەكرێت باسی چەند نموونەی دیكە بكەین، لەوانە لە شەقامی 60 مەتری تا دەگاتە 100 مەتری زۆنێكی گەورە و فراوانە لەم زۆنە فراوانە هەر چەند ماڵێك ئەم كێشەیەیان بۆ دروست بووە، لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆژانە ئەو ماڵانەش كێشەكەیان چارەسەر كراوە و بە ئاسایی ڕۆژانە بڕی پێویستی ئاویان بۆ دابین كراوە. ئەم حاڵەتە بۆی هەیە لە زۆربەی زۆن و گەڕەكەكانی ناو شاری هەولێر هەبێت. ئێمە ناڵێین كێشەكە نییە، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵ و هیممەتی تیمەكانی شارەوانی و پارێزگا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، توانراوە بەشێكی هەرە زۆری كێشەی كەمئاوی چارەسەر بكرێت. ئێمە وەكو تیمێك كار دەكەین و هەموو كاتێك لەگەڵ یەكتر لە پەیوەندیداین و لەسەر هێڵین بۆ بەدەنگەوەهاتنی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان، ڕێگا چارەسەرەكانیش بەپێی ئەو هۆكار و كێشانەیە كە دێتەپێش، لەوانە ئەگەر لە گەڕەكێك، یان كۆڵانێك بیری ئاوەكانیان وشكی كردبێت، یان ئاستی ئاوەكە دابەزیبێت، ئەوە بە لێدانی بیری تازە و بەدیل چارەسەر كراون، یان كێشە لە تۆڕی دابەشكردن هەبێت، بۆ ئەوەش دەمودەست كار لەسەر چاككردن و گۆڕین بە تۆڕی تازەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە كراوە. هەر ئەو كار و پڕۆژە و بەدواداچوونانەیە وای كردووە، لە ئێستادا كێشەی كەمئاوی تا ڕاددەیەكی باش و بە ڕێژەی 99% كۆتایی هاتووە.
* بەڵام باس لەوە دەكرێت هەندێك تۆڕی ئاوی خواردنەوەی هەولێر پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، یان كۆنە و لەگەڵ ئەو فراوانبوونەدا ناگونجێت. لەلایەكی دیكەوە زۆربەی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە لە وەرزی هاویندا كێشەی كارەبایان هەیە، ئایا ئەمە چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- یەكێك لە هۆكارەكانی كەمیی ئاوی خواردنەوەی بیرەكانی ئاوی ناو شاری هەولێر بۆ كەمیی ماوەكانی پێدانی كارەبا دەگەڕێتەوە، چونكە زۆربەی ئەو بیرانەی ئاوی خواردنەوە پشتیان بە تەزووی كارەبای نیشتمانی بەستووە و بۆی هەیە درەنگانێكی شەو، یان بە ڕۆژ چەند كاتژمێرێك كارەبای نیشتمانی هەبێت، واتە بیرەكان بەردەوام كارەبایان نییە، بەگشتی بۆی هەیە ماوەی كارەباكە بگاتە (12) كاتژمێر و بگرە كەمتر و لەو ماوەیەشدا كارەباكە پچڕپچڕە و بەردەوام و لەسەر یەك نییە. بۆیە ئەمە هۆكارێكی گەورەی كەمئاوییەكەیە چونكە لە كاتێك چوار كاتژمێر كارەبا هەیە ئەوە بیرەكان ئاو دەدەنە ناو تۆڕەكانی دابەشكردنی كۆڵان و گەڕەكەكان لەو كاتانەشدا هەندێك كۆڵان ئاویان بۆ دەچێت و هەندێك بە تەواوی ئاویان بۆ ناچێت و لە پاش ئەوەی كارەباكە دەبڕێت و لە جاری دووەم كە كارەبا دێتەوە دووبارە بیرەكە و تۆڕەكان ئاو دەگەیەننەوە هەمان ئەو شوێن و كۆڵانانەی كە لە جاری یەكەم ئاویان بۆ چووە و دووبارە ئەو كۆڵان و شوێنانەی پێشتر كە ئاویان بۆ نەچووە، یان بە تەواوی پێیان نەگەیشتووە ئەوە دووبارە بێئاو دەبن. هەر بۆیە ئەو كێشەیە تەنیا بە كارەبای بەردەوام یان (15تا18)كاتژمێر لەسەر یەكتر چارەسەر دەبێت و كێشە دروست نابێت، بۆ چارەسەری ئەمەش دەبێت دەستكاریی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گەڕەك و كۆڵانەكان بكرێت، كە ئەو كێشەیەیان هەیە، كە بە دانانی قوفڵ لەسەر تۆڕەكان دەبێت، تاوەكو لەو كاتەی دووەم كارەبا دێتەوە و بیرەكان كار دەكەنەوە، قوفڵەكان لەسەر ئەو شوێن و كۆڵان و ماڵە بگیرێتەوە كە جاری یەكەم ئاویان بۆ چووە و بۆ ئەو كۆڵان و ماڵانە ئاو بچێت، كە لە جاری یەكەم ئاویان بۆ نەچووە. هەروەها لە هەر گەڕەكێك تۆڕی دابەشكردنی ئاو كۆن و خراپ بێت، ئەوە وەكو پڕۆژە دەست بە گۆڕینیان كراوە و لە ئێستادا لە چەندین گەڕەك ئەو كار و پڕۆژانە لەژێر جێبەجێكردندان، بۆ نموونە لە گەڕەكی ڕزگاری كە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بەو كارانە هەستاوە.
* شاری هەولێر لە چاو بیست ساڵ پێش ئێستا دەتوانین بڵێین چوار بەرانبەر زیاد و گەشەی كردووە و ژمارەی دانیشتووانەكەی زۆر زیاد بووە، ئەمەش پێویستی بە بڕی ئاوی خواردنەوەی زۆر زیاترە، ئایا چ پلان، یان پڕۆژەیەكی ستراتیژیی تازەتان بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە هەیە؟
- ئەگەر سەیری ئاوەدانی و گەشەكردنی شاری هەولێر بكەین لەچاو (20) ساڵ پێش ئێستا، دیارە بەرفراوانییەكی زۆر ڕووی داوە و چەند بەرانبەر گەشەی كردووە و ژمارەی دانیشتووانەكەشی یەكجار زۆر بووە. لە هەولێر تەنیا ناو بازنەی سەد مەتری و چەند ماڵێك هەبوون لە گەڕەكی گوڵان و بەرانبەر نەخۆشخانەی ڕزگاری كە پڕۆژەی سەد مەتری بەلای گەڕەكی نەورۆز تەواو نەكرابوو، ئێستا چەندین گەڕەكی تازە و سیتیی هاوچەرخی لێ دروست كراوە و شەقامی بازنەیی 120مەتری و 150 مەتری دروست كراون و هەولێر لەگەڵ كەسنەزان و بنەسڵاوە و دارەتوو لێكی داوەتەوە، هەر بۆیە فراوانبوون و گەورەبوونەكەی هەولێر لەو ماوەیەدا ئاسایی و سرووشتی نەبوو، واتە زۆر خێرا بوو، ئەمەش پێویستی بە پڕۆژەی زیاتری خزمەتگوزاری هەیە، بەتایبەتی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەو قەیرانانەی تووشی هات كە ڕیزبەندی بۆ مووچە و قووتی خەڵك بووە، لەگەڵ ئەوەشدا كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەتی بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكە تازەكان و چارەسەری گرفتی گەڕەكە كۆنەكانیش كردووە، توانراوە پڕۆژەی ئیفراز سێ بەرفراوان بكرێت و چەندین بیری نوێ لێ بدرێن و بیرە كۆنەكانیش نۆژەن كراونەتەوە، هەر كێشەیەكیش دروست بووبێت، توانراوە بە پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت. هەر چەندە لەگەڵ گەورەبوونی شاری هەولێر بەرنامە و پلان هەبوو كە پڕۆژەیەكی گەورە بە ناوی «بای وەتر» كە كۆمپانیایەكی بەریتانی لەگەڵ لایەنی پێوەندیداری ئێمە لە ساڵی (2015) ئیمزای كرد، كە دەبووایە جێبەجێ بكرایە، بەڵام ئەو كۆمپانیایە نەیتوانی پابەندی كارەكانی بێت و ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكات. لە ئێستادا هەولێر پێویستی بە پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە هەیە، كە شاری هەولێر و كەسنەزان و بنەسڵاوە و دارەتوو و بەحركە لەخۆ بگرێت.
* ئەنجومەنی وەزیران چ بودجەیەكی بۆ پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی تەرخان كردووە؟
- ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی دەركەوتنی كێشەی كەمبوونی ئاوی خواردنەوە لە ژمارەیەك گەڕەكی ناو شاری هەولێر، ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری وەكو گوژمەیەكی بەردەست بۆ چارەسەری گرفتەكان تەرخان كرد، ئەمەش وەكو بودجەیەكی فریاكەوتن و لەناكاو هاتووە. بودجەكە ئامادەیە و لەبەردەستە و بەمەش دەمودەست دەتوانرێت بیرلێدان بێت، یان چاككردن و گۆڕینی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی هەر شوێن و كۆڵان و گەڕەكێك، جێبەجێ بكرێت. لەو ماوەیەی ڕابردووش زۆر كار بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاوی لە هەولێر كراون. ئەم هەنگاوەی كابینەی نۆیەم زۆر گرنگە بۆ ئاوەدانی و چارەسەری هەر كێشەیەك لە خزمەتگوزارییەكان هەبێت.
* هوشیاری و دەستگرتن بە بەكارهێنانی ئاو بە یەكێك لەو بنەمایانە دادەنرێت كە پارێزگاری لەم سامانە دەكات و دواتریش دادوەری لە دابەشكردنی زامن دەكات، لەم ڕووەوە چیتان كردووە؟
- ئێمە زۆر زیاتر لە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاوی خواردنەوەمان بۆ هەر تاكێك لە هاووڵاتیانمان دابین كردووە، بەڵام بەشێك لەو ئاوە بەداخەوە بە ڕێگای جیا جیا بەفیڕۆ دەچێت، لەوانە نەبوونی تەوافە لەسەر تانكیی ماڵەكان و ئاودانێكی زۆری باخچەی بەردەمی ماڵان و شووشتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن هەندێ هاووڵاتی بە ئاوی خواردنەوەی ماڵەكانیان، كە هەموو ئەوانە و چەندین جۆری دیكەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە وادەكات، هەندێ ماڵ و كۆڵان لە گەڕەكەكان تووشی كەمئاوی بن.
* ئایا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەتایبەتی باڵەخانە بەرز و تاوەرەكان و سیتییەكانیش چ كێشەیەكیان لەسەر كەمئاوی هەیە؟
- ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان كاریگەرییان لەسەر پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان نییە، چونكە خۆیان بۆ پڕۆژەكانیان لەڕێگای بیرلێدانەوە ئاو بۆ باڵەخانە و تەواوی پڕۆژەكان دابین دەكەن و تۆڕی دابەشكردن و ستافی كاركردنی خۆشیان هەیە و هیچ كاریگەرییان لەسەر ئاوی خواردنەوەی ماڵان نییە، پاش چەند ڕۆژێكی دیكە ترومپایەكی دیكەی ئیفراز دەخەینە كار كە بەمەش بڕێكی زۆری ئاو لە ناو تۆڕی ئاوی خواردنەوە زیاد دەكات و بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی ئێستا چارەسەر دەكات.