د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : بــــازنـــەی گـفـتــوگـــۆ پـــلاتــفـــۆرمــێـــك بـــۆ چـــارەســـــەر

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : بــــازنـــەی گـفـتــوگـــۆ  پـــلاتــفـــۆرمــێـــك بـــۆ چـــارەســـــەر

 

 

بازنەی گفتوگۆ، ئەو پلاتفۆرمە كراوە و جیاوازەیە كە هەموو جیاوازییەكان بە جیاوازیی نەتەوەو ئایین و بیر و بۆچوونی سیاسییەوە پێكەوە كۆ دەكاتەوە و، ئامانجیەتی لە كۆكردنەوەی هەموواندا تابلۆ گەورەكە دروست بكات و لەناو ڕەنگە جیاوازەكانەوە بینین گەورە بكات، بینینێك كە فریای ئەو بچووكبینییە بكەوێت، كە ئەرك بین نییە، لە گەڵیشدا نیشتمان بینین نییە.

بۆ یەكەمین جارە حزبێكی سیاسیی، لە كوردستان و، دەتوانم بڵێم لە عێراقیش لە ناو ئۆرگانی فەرمیی خۆیەوە و بە دەنگی بەرز بانگێشە بۆ ئەوە بكات خەمی ئەم نیشتمانە خەمی هەموومانە و دەبێت پێكەوە شانی بدەینەبەر و، دەرگا بكاتەوە بۆ ئەوەی هەموو نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان كۆی لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی عێراق و كوردستان كۆ بكاتەوە و دەرفەت بە هەمووان ببەخشێت بۆ ئەوای ئازادانە لێدوان، پەیڤیین، ڕەخنە و گفتوگۆی ڕاشكاو، دروست، جدی بەرهەم بێت، بۆیە دەشڵێم گفتوگۆی دروست، چونكە ساڵانێكە گفتوگۆ وەك خەسڵەتێكی ژیانی دیموكراسیی كۆمەڵگەكان، بەداخەوە لە ڕەوشێكی ناتەندروست و خراپدایە.

ئەم پلاتفۆرمە كراوەیەمان بۆ گفتوگۆ كردەوە، لە پێناوی ئەوەی شان بدەینە بەر بەرپرسیاریەتی و پێكەوە میكانیزمی گونجاو بۆ كۆی كێشەكان بدۆزینەوە، ببینە پردێك بۆ گەیاندنی خواست و داواكاریی خەڵك، ئالنگاری و هەڕەشەكانی سەر نیشتمان بگەیەنینە ئەو لایەنانەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دامەزاروەیی شەرعین، هێز و لایەنی سیاسین و بزووێنەر پرۆسەی سیاسین لە هەرێمدا و، بۆ ئەوەی هاوكار و هاریكار بین بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و حكومڕانی كە پێویستی بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تێكڕای هاووڵاتیانی كوردستان هەیە.

لە وەرزی یەكەمدا، بە خواست و داواكاری و كێشەكانی ژن و بەرپرسیارێتی میدیا و هۆكاری كەمیی خزمەتگوزاری و كەموكورتییەكانی سەروەریی یاسا دەستمان پێكرد، لەم ئەزموونە تازەی گفتوگۆی ڕاشكاو و جدی هەستمان كرد نیشتمانپەروەرانی ئەم وڵاتە، بۆ مینەرێك دەگەڕێن قسەی تێدا بكەن، بۆ ئۆرگانێك دەگەڕین گوێیان لێ بگرێت، لە دامەزراوەیەك دەگەڕێن كە ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە لەگەڵ ئەو داتا و ئامارانەی ڕاپرسییەكان دەیخەنە ڕوو، كاری لەسەر بكرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاو بكرێتەوە و، پاشان بكرێتە ڕاسپاردە و پێشنیار و پێشكەشی سەركردایەتیی سیاسیی ئەم وڵاتە بكرێت، بۆ ئەوەی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بیروبۆچوونە جیاوازنەدا میكانیزمی گونجاو و وەڵامی خواست و ناڕەزاییەكانی خەڵكی پێ بداتەوە، لەم هەنگاوەدا سەركەوتوو بووین، بۆیە هەر شەش ئەڵقەی گفتوگۆمان ناو لێ نا (گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك) و لە دوو كتێبدا بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپمان كرد و لە مەراسیمی شایستەدا پێشكەشمان كرد.

لە وەرزی دووەمدا، گفتوگۆكانمان گواستەوە بۆ ئەو پرس و هەڕەشە و ئالنگارییانەی كە بوونەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەم وڵاتە، بۆیە بە مەترسی و هەڕەشەكانی (بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، ئیسلامی سیاسی، هەڵوێستی نامرۆڤانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر پرسی ڕیفراندۆم، ئەو شەڕە ئابوورییەی بە چەندین شێوە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكرێت، كورسیی پێكهاتەكانی كوردستان و مەترسیی دەستكاریكردنیان، هەوڵی بەردەوام بۆ گۆڕینی دیموگرافیا لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و لە پارێزگاكانی هەرێمیشدا) ئەم گفتوگۆیانە مانگە بۆ ڕای گشتی بڵاو كراوەتەوە، بەڵام كۆكراوەی هەر شەش ئەڵقەی گفتوگۆكە لە ژێرناوی (ئالنگارییەكانی ئاسایشی نیشتمانی) لە دوو كتێبدا بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپكرد و لە مەراسیمی شایستەدا پێشكەش كران.

بارودۆخی وەرزی سێیەمی (بازنەی گفتوگۆ) كە لە سەرەتای كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستمان پێ كرد، بارودۆخێكی تەواو تەواو ئاڵۆز بوو، قۆناغێك بوو بە هەموو شێوەیەك هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی (موشەكبارانكردنی دەوڵەتانی دراوسێ، لەسەر ئاستی عێراق گرووپە چەكدارە لە یاسا دەرچووەكان و هێرشی بەردەوامیان بۆ سەر هەرێم بە درۆن و ڕۆكێت، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكان، ململانێی ناتەندروستی حزبە سیاسییەكان و نەبینیی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق چۆن سەیری كوردستان، هەرێم چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە كردووە). بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە مەترسی و هەستیارانە، ئاستی گفتوگۆكانمان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانەوە گواستەوە بۆ سەر ئاستی عێراق، بانگهێشتی سیاسەتمەدار و دەستەبژێری عەرەبی سوننە و شیعەمان كرد لەگەڵ لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی كوردستان و، نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانمان پێكەوە كۆ كردەوە و زۆر ڕاشكاوانە گفتوگۆمان لەسەر كرد، ئەوەی لە تێكڕای ئەم شەش گفتوگۆیەی وەرزی سێیەم تیبینمان كرد و لە بیروبۆچوونە جیاوازەكانی كوردستان و عێراقەوە گوێبیستی بووین، سەرسامییەكی گەورە بە لۆژێك و بەڕێوەبردنی ئەو تەنگژە گەورانە لە لایەن جەنابی سەرۆك بارزانی و دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان هەبوو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەردانی واشنتۆنی كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی تارانی كرد، هاوكێشەی سیاسیی وەرچەرخانی گەورەی بە خۆیەوە بینی، بۆیە شەش ئەڵقەی وەرزی سێیەمیش كە هەموو مانگێك لەسەر لاپەڕەكانی گوڵان بڵاو كراوەتەوە، ئەمەشیان بە دوو كتێب بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بڵاو دەكرێنەوە و لە مەراسیمێكی شایستەدا پێشكەش دەكرێن.

ئەوەی ماوەتەوە خوێنەری ئەم ژمارەیەی گوڵانی لێ ئاگاداربكەمەوە، ئەوەیە كە ئەم ئەڵقەیەی بازنەی گفتوگۆ (مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە) لە ڕۆژی 22ی حوزەیرانی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی بازنەی گفتوگۆ بڕیاری لەسەر دراوە، لە ڕۆژی 30 حوزەیران گفتوگۆكە لە هۆڵی بەشی ڕاگەیاندن بەڕێوە چووە و، ڕاستەوخۆ سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدای بەدواداهات و، ئەوەی لەم ئەڵقەیەدا گفتوگۆی لەسەر كراوە، پیشاندانی ئەو كەشە سیاسییە ئەرێنییەیە كە لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و لە میانی دیدارەكانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بینمان، پشتیوان بە خودا لە وەرزی چوارەم كاری جدی لەسەر دەكەین.

 لە دوماهیدا سوپاسی هەڤاڵانم دەكەم لە بازنەی گفتوگۆ، سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، سوپاسی گشت ئەو كادیرانە دەكەم كە لە تەنیشت هەڤاڵانی بازنەی گفتوگۆ ماندوو دەبن و دیار نین، سوپاسی میدیاكاران دەكەم كە مانگانە گفتوگۆی ئەم بازنەیە دەگوازنەوە و ڕەونەقدارتری دەكەن، سوپاسی گەرمی هەموو ئەو میوانانە هێژایانەش دەكەین كە بەشداریی ئەڵقەكانی بازنەی گفتوگۆ دەكەن و بازنە مانادار دەكەن.

 

Top