ســـەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی بۆ گوڵان:   گەورەترین دەستكەوت بۆ جووتیاران و بووژانەوەی كشتوكاڵ ساخكردنەوەی بەروبوومیان بوو

ســـەروەر كەمال هاواری  بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی بۆ گوڵان:     گەورەترین دەستكەوت  بۆ جووتیاران و بووژانەوەی كشتوكاڵ ساخكردنەوەی بەروبوومیان بوو

 

 

 لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كەرتی بازرگانی و زیادبوونی ئاڵووێری بازرگانی وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، وەرچەرخانێك كە بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و هێمای بازرگانی، لەمەش گرنگتر ژمارەی مۆڵەتی هاوردەی كاڵا لە خاڵە سنوورییەكانەوە بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە هەڵكشان كرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ و چاودێری و ڕێكخستنی هەناردە و هێنراوەكان و پارێزگاریكردن و پاڵپشتیكردنی فرەچەشنكردنی ئابووری، كە لە ڕێگەی ئەم كەرتەوە دەتوانرێت هانی برا جووتیارەكان بدرێت بۆ ساخكردنەوەی كاڵا و بەروبوومەكانیان و هاندانی بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆیی، كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتی بازرگانی و دروستكردنی چەندین سایلۆ و كۆگا و هەمواركردنەوەی دەیان یاسا و دەركردنی ڕێنمایی نوێ، تەوەری سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی.

 

* با سەرەتای پرسیارمان لەو دیدگایەوە دەست پێبكەین كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ ساڵی 2020-2024 ئامادەی كردبوو، كە پەیام و ئامانجێكی ستراتیژیی بەرنامەی كاری وەزارەتی تێدا ئامادە كرابوو. ئایا تا چەند توانراوە ئەم دیدگایە جێبەجێ بكرێت و سەركەوتوو بوون لە جێبەجێكردنی كارنامە وەزارییەكەی سەرۆك وەزیراندا؟

-  وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی دیدگای بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامی ئابووریی نیشتمانی داڕشت، ئەمەش لەو چوارچێوەیەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كە هەر لە دەستپێكی كابینەكەدا هەنگاو بۆ ئەوە نراوە وەبەرهێنان لە خاڵە بەهێزەكانی ئابووریی كوردستاندا بكرێت و، ئابوورییەكە بەرەو ئابوورییەكی فرەچەشن ببرێت و، ژێرخانی ئابووری بونیاد بنرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە بە سەركەوتوویی هەنگاو بەرەو هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات نرا و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە ئاراستەكردنی كۆمپانیاكاندا بەرەو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری كراوە، كەرتی بازرگانییش دوای ئەوەی لە ساڵانی سەرەتای كابینەكەدا بە هۆی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و وشكەساڵییەوە ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست كرا، گەشەیەكی باشی بە خۆیەوە بینی، تەنانەت لەو قەیرانانەشدا بە ئیرادەی پۆڵایین و خۆڕاگریی حكومەت بوو توانرا لە ڕێگەی بۆردێكی خۆراكەوە نەهێڵدرێت قەیرانی خۆراك و هەڵاوسانی نرخەكانی لێ بكەوێتەوە، بەمەش بە پاڵپشتیی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا توانرا زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەكانی ئەم دیدگایە و خاڵە سەرەكییەكانی كارنامە وەزارییەكەی كابینەی نۆیەم جێبەجێ بكرێت، كە خۆی لە چەندین خاڵدا دەبینییەوە. ئەوەی پەیوەندی بە كەرتی بازرگانییەوە هەیە، لێرەدا ئاماژە بە هەندێكی دەكەم، لەوانە (هێنانە كایەی ژینگەیەكی یاسایی لە هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا، بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی و ئەنجامدانی دەیان خولی پێگەیاندن، ڕێكخستنی چالاكییە بازرگانییەكان و پاڵپشتیی بەهێزكردنی پەیوەندیی بازرگانیی دەرەكی، دابینكردنی مافی بەكاربەر و هەمواركردنەوەی دەیان یاسا و دەركردنی ڕێنمایی نوێ، بەشداریكردن لە جێبەجێكردنی سیاسەتی ئاسایشی خۆراكی و پاڵپشتیكردنی بەرهەمی نێوخۆیی) كە لە پاڵ دەیان پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی دامەزراندنی پیشەسازیی خۆراك و پڕۆژەی بازرگانیدا گۆڕانكاریی گەورە لە پەیكەری ئابووریی هەرێمدا ڕوویان دا.

* وەكو ئاماژەت پێدا، وێڕای ئالنگارییەكان و كێشەكانی بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بازاڕ و بازرگانی لە جووڵە ڕانەوەستا، بگرە لە زۆر ڕووەوە گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، ئایا ئاستی گەشەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا لەم چەند ساڵەی تەمەنی كابینەكەدا چۆن بوو؟

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا چەندین پڕۆژەی بازرگانی ئەنجام دراون، چەندین كۆمپانیای بازرگانی و هێمای بازرگانییش تۆمار كراون، تەنیا ئەو پڕۆژە بازرگانییانەی كە دەستەی وەبەرهێنان ڕەزامەندییان پێ داوە 266 پڕۆژەن، هاوكات یاساو ڕێنمایی باش دەركراوە و هەموار كراونەتەوە، لەمانەش گرنگتر لە كابینەی نۆیەمدا كێشەی بەروبوومی دانەوێڵەی جووتیاران چارەسەر كراوە توانرا بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆ بكرێتەوە و بكڕدرێتەوە و بەرهەمەكانی جووتیاران ساخ بكرێنەوە. هاوكات لە بواری پێدانی هێمای بازرگانی بە كۆمپانیاكان لەم كابینەیەدا بەم شێوەیە ڕووی لە زیادبوون كرد، لە ساڵی 2019دا - 407 هێما بوو، تا مانگی حوزەیرانی 2023 - 799 هێما بوو، بەمەش لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا 3،833 هێمای بازرگانی بە كۆمپانیاكان دراوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی مۆڵەتی هاوردەی كەلوپەل لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكان بۆ سەرووی 30،040 مۆڵەت و هاوردەی ئۆتۆمبێلیش بۆ 4،906.

* خاڵێكی گرنگی سەركەوتوو، ساخكردنەوەی گەنم و بەروبوومی جووتیارانی كوردستان بوو، ئایا لەم ڕووەوە چی كراوە؟

- دوای چەندین ساڵ بە هەوڵ و كۆششی سەرۆك وەزیران و تیمەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران توانرا ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە كۆتایی پێ بهێنرێت كە لە بواری ساخكردنەوەی بەرهەمەكانی جووتیاراندا هەبوون، بەتایبەتی بەروبوومی گەنمی جووتیاران، ئێستا لە هەر سێ پارێزگای (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) سێ سایلۆ لە (قوشتەپە و كەلار و ڕۆڤیا) دروست كراون، هەریەكە بە توانای 40 هەزار تەن، ئەمە جگە لەو كۆگایانەی كە هەر یەكەیان هەشت كۆگای هەیە و لە كاتی پێویستدا دەتوانرێت گەنمی تێدا ئەمبار بكرێت، بە شێوەیەكی گشتی لە ساڵی 2019 وە بۆ 2023 بڕی گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان 1،692،186 تەن بووە، كە لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵانی پێشوو بۆ 499،633 تەن بەرز بووەتەوە، دوای ئەوەی لە سەرجەم سایلۆكانی كوردستان گەنم بە شێوەیەكی ڕێكوپێك لە هاووڵاتیان وەرگیراوە، لە سەرجەم سایلۆكانی (مەخموور و هەولێر و قوشتەپە و پیرەمەگروون و ڕانیە و شارەزوور و چەمچەماڵ و كەلار و فایدە و شێخان و زاخۆو بەردەڕەش و ڕۆڤیا).

لە بواری بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و دڵنیاییدان بە جووتیاران تاوەكو بەرهەمەكانیان ساخ بكرێتەوە، ئەمەش گەورەترین پاڵپشتییە بۆ جووتیاران و كەرتی كشتوكاڵ، توانرا بۆ یەكەمین جار بەرهەمەكانی هەنار و سێو و هەنگوین و چەندین بەرهەمی دیكە لە بازاڕەكانی كەنداو و ئەوروپا ساخ بكرێنەوە، لە ڕێگەی كەرتی بازرگانییشەوە پاڵپشتی بەرهەمەكانی نێوخۆیی مریشك و هێلكە و ماسی و ئاژەڵ كران، كە وای كردووە لە زۆر بواردا بگەنە قۆناغی خۆبژێوی، لە لایەكی دیكەوە توانرا چەندین كۆگای ساردكەرەوە و كارگەی پیشەسازی لە ناوچە جۆراوجۆرەكاندا دروست بكرێت. بۆ ئەمساڵیش لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری كراوە و هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو جووتیارانە پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی گەنمەكانیان ڕادەست بكەن، كە بۆ هەرێمی كوردستان ٧٠٠ هەزار تەن دیاری كراوە، كە ٢٠٠ هەزار تەنی لە ساڵی پار زیاترە و ٢٨٢ هەزار تەنی بۆ سلێمانی، ٢٢٨ هەزار تەنی بۆ هەولێرە، ١٨٩ هەزار تەنیشی بۆ دهۆكە، داوامان لە برا جووتیارەكان كردووە كە پابەندی ئەو ڕێنمایی و ڕێكارانە بن كە لە بەڕێوەبەرایەیتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگەكانەوە لە بنكەكان هەیە، كە بتوانن گەنمێكی خاوێنمان ڕادەست بكەن.

* باسی هەمواركردنەوەی یاساكان و دەركردنی ڕێنمایی نوێی بازرگانیت كرد، كە وەكو ژێرخانێكی یاسایی و ئاراستەكردنی كەرتی بازرگانی زۆر پێویست بوو. ئایا گرنگترینی ئەو یاسا و ڕێنماییانە چین كە لەم كابینەیەدا دەر كراون؟

- لێرەدا تەنیا ئاماژە بە گرنگترینی ئەو هەمواركردنی یاسا و ڕێنماییانە دەكەم كە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی گرنگ بوون، لەوانە (یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانیی عێراقی ژمارە 30ی ساڵی 1984 بە یاسای 15ی ساڵی 2021، یاسای هەمواركردنی یاسای ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، یاسای هەمواری یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیڕەوی تۆماری ناوی بازرگانی، ئامادەكردنی پەیڕەوی یاسای كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاری لە هەرێمی كوردستان، ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای جێبەجێكردنی یاسای ڕێكخستنی بریكارنامەی بازرگانی، ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای ناوچە پیشەسازییە ڕێكخراوەكان، ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای ناوچە پیشەسازی و بازرگانی و لۆجیستییە ئازادەكان، ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەت)، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 16 ڕێنمایی بۆ كەرتەكانی بازرگانی و پیشەسازی دەرچووە، بۆ بەخشینی بەشەخۆراك و ئاردی هاووڵاتیانی پارێزگاكانی كوردستان و مۆڵەتی هەویركاری و ڕێنمایی تایبەت بە هاوردن و هەناردە و چاودێریی بازرگانی و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و مۆڵەتی كاركردنی نووسینگەكانی ژووری بازرگانیی بیانی و سەنتەرە بازرگانییەكان و، دامەزراوە ئابوورییەكان و چەندین ڕێنمایی دیكەی پێویست كە ڕۆڵیان لە گەشەی بازرگانی و زیادكردنی جووڵەی بازاڕدا هەبووە، لە بواری پەرەپێدانی مرۆییش 1،288 خول بۆ فەرمانبەران و كەرتی تایبەت ئەنجام دراون.

* باسی چاودێریكردنی بازاڕ و بەدواداچوونت بۆ بەرهەمی ماوەبەسەرچوو كرد، گەمەكردن بە ماركە و ساختەكاری لە بازاڕێكی وا گەورەی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا كارێكی هەر وا ئاسان نییە، ئایا چۆن توانیوتانە سەرپێچییەكان ئاشكرا بكەن و بەردەوام چاودێرییەكی باشی دۆخی بازاڕ بكەن و قۆرخكاری نەهێڵن و سەقامگیریی بازاڕ بپارێزن؟

- پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن كە حكومەت و هاووڵاتی هاوكار و پاڵپشتی یەكتر بوون. هوشیاریی تاك وای كردووە خەڵك حكومەتەكەی خۆیان خۆش بوێت و هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ دەستنیشانكردنی ساختەكاری و دووركەوتنەوە لە ماركەی خراپ و بەكارنەهێنانی مەوادی ئیكسپایەر. بەڕێوەبەرایەتییەكانی بازرگانی و چاودێریی بازاڕیشەوە ڕۆڵی گەورە و گرنگیان هەبووە هەر لە پشكنین و چاودێریكردنی نرخ و كوالێتی و مادەی ماوەبەسەرچوو، ئەمەش لە ڕێگەی لێژنەكانی چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕەوەیە، بە هاوبەشی لەگەڵ لێژنەكانی پارێزگاكان سزای توندی سەرپێچیكاران دراوە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تا مانگی حوزەیرانی 2023 لێژنەكانمان 227،193 سەردانیان كردووە و 7،641 كەس سزادراون و 1354،201 مەوادی ئیكسپایەر دەستی بەسەردا گیراوە و فەوتێندراوە، ئەمە وێڕای دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك.

Top