پڕۆفیسۆر ئیان لەستیك بۆ گوڵان: ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەئارادایە
ئیان ستیڤن لەستیك، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستە سیاسییەكان كە لە زانكۆی كالیفۆڕنیا بەدەستی هێناوە، ئێستاش پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پەنسلڤانیا و وانەبێژی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرفراوانبوون و داكشانی دەوڵەتان و چەند بوارێكی دیكەیە، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە بواری سیاسەتی بەراوردكاری و سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، لەگەڵ جەختكردنەوە لە كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و ئیسرائیل و فەلەستین. بۆ زانینی بیروبۆچوونەكانی لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لەبارەی پەرەسەندنەكانی شەڕی غەززە لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس و ئەگەرەكانی پەرەسەندنی زیاتری ئەم شەڕە بۆ نێو لوبنان و تەنانەت پرسی پێكدادانی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل و و ڕۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە نێو هەموو ئەم پەرەسەندنانەدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام دا.
* هەروەك ئاشكرایە هێرشەكانی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل مایەی هەژانێكی گەورە بوو، بە چەشنێك كە باس لەوە دەكرێت كە دەبێت باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای ئەم هێرشانە بكەین، بە تێڕوانینی ئێوە چی سەری كێشا بۆ سەرهەڵدانی دۆخێكی لەم شێوەیە و ئایا ئێوە چۆن لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕەی ئێستای غەززە دەڕوانن؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە باشترین تێگەیشتن لە بارەی هێرشەكانی 7ی ئۆكتۆبەرەوە ئەوەیە كە بڵێین هێرش و پەلاماری زۆر دڵڕەقانە و بێبەزەییانە بوون و دەكرێت بڵێین، یان بیشوبهێنین بە هەڵگەڕانەوەی بەندكراوەكانی نێو زیندانییەك، كە لێرەدا كەرتی غەززە زیندانییەكەیە و بزووتنەوەی حەماسیش وەك ڕێكخراوی بەندكراوەكانە و ئیسرائیلیش وەك ئەو دەوڵەتەی كە زیندانییەكەی تێدایە، بەڵام پێوستە ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم هەڵگەڕانەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە كەمئەزموونی پێوە دیار بوو. هەروەها كاردانەوەی ”دەسەڵاتدارانی زیندانەكەش“ نامرۆییانە و دڵڕەقانە بوو لە مامەڵەكردنیدا لەگەڵ ئەو هەڵگەڕانەوەیەی لە نێو زیندانییەكەیدا ڕووی دا. لە دەرئەنجامی هەموو ئەوانەدا دەكرێت بڵێین، كە ئاست و ڕاددەی توندوتیژییەكە و كاردانەوە كوشندەكە لە ئاست ژمارەیەكی زۆری كەسانی مەدەنی وەك جینۆساید وەسف دەكرێت، ئەگەرچی من كردارەكانی ئیسرائیل بە جینۆساید وەسف ناكەم، بەو مانایەی كە من ئەم دەستەواژەیە بەكار دەهێنم.
* لە میانەی هەوڵەكانی هێوركردنەوە و گەیشتن بە ئاگربەستدا چەندین دەستپشخەری ئەنجام دراون، بەڵام پرسەكە تەنیا پەیوەست نییە بە ڕاگرتنی كردەوە سەربازییەكانەوە، بەڵكو دەبێت نەخشە ڕێگایەكیش هەبێت بۆ دوای ڕاوەستانی شەڕەكە، وەك پرسی حوكمڕانیی غەززە و ئاوەدانكردنەوە و ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی بارودۆخێكی لەم چەشنە، ئێوە چۆن لە سیناریۆكانی دوای شەڕ دەڕوانن؟
- بە تێڕوانینی من ڕێگایەك لە ئارادا نییە كە بتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لە ڕێی گفتوگۆوە كار بكرێت بۆ بەدیهێنان و هێنانەئارای چارەسەرێكی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ ئەم ناكۆكییە، لەبەر ئەوەی چارەسەرێكی لەم چەشنە پێویست بەوە دەكات كە حكومەتی ئیسرائیل و فەلەستینییەكان ئامادە بن بۆ ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی وڵاتەكە، كە ئەمەش بەو مانایە دێت كە كەرتی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لە دەوڵەتی ئیسرائیل جیا ببنەوە. هەر چۆنێك بێت، سەرەڕای ئەوەی ئاماژەم پێكرد، ئەوا سەركردەكانی جیهان هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ گەیشتنی بە ڕێككەوتنێكی لەم چەشنە، هەرچەندە سەركردە ڕاستگۆ و ئاگادارەكان دەزانن كە چارەنووسی هەوڵێكی لەم چەشنە شكست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن خۆیان لە خستنەگەڕی هەوڵێكی لەم شێوەیە لابدەن. ئەم پرۆسەی ئاشتییە لە بازنەیەكدا دەخولێتەوە و بۆ ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، پێش ئەوەش بە شكست كۆتایی پێ بێت. لە هەمان كاتدا، هەر هەوڵێك بۆ دووبارە بنیادنانەوەی غەززە ئومێدی ئەوەی لێ ناكرێت، سەربكێشێت بۆ گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕێكی ڕاستەقینە و گەورە، ئەگەر جڵەوی دۆسییەی ئەمنی لە دەستی ئیسرائیلدا بێت، ئەمەش زەمینەكە خۆش دەكات بۆ دووبارە داگیركاری ئیسرائیل و حوكمڕانیی كەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە. هەرچۆنێك بێت، گرنگترین پرس لە ئێستادا ئەوە نییە پلانێك هەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر، بەڵكو گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێكارە بۆ ئەوەی بە هۆیەوە بتوانرێت ئاسایش دەستەبەر بكرێت بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەكان و زەمینەڕەخساندن بۆ بەرەوپێشچوونی سیاسی بە ئاراستە و ئاقاری هاتنەئارا و جێگیربوونی دیموكراسییەتی ڕاستەقینە لە ئیسرائیلدا (لە ڕووبارەوە بۆ دەریا) بە درێژایی چەند نەوەیەك. بەڵام لە نێو هەموو پرسەكانی دیكەدا، ئەمە پێویستی بەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجەكانی چڕ بكاتەوە و بە بەردەوامی چاودێریی ئەوە بكات كە بە ڕاستی ڕوو دەدات لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا.
* هەر لە پەیوەندی بە شەڕەوە، ئەوا ئاشكرایە كە شەڕێكی گەورەی دیكەش لە ئارادایە و بۆ پتر لە دوو ساڵە درێژەی كێشاوە و ئێستاش بەردەوامە، ئەویش شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیایە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم شەڕەی لە غەززە هاتووەتە ئاراوە، چ كاریگەرییەكی لەسەر پەرەسەندنەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كردووە؟
- ئەو لۆژیكەی بەكارهێنراوە بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانی بۆ ئۆكرانیا دژ بە دەستدرێژیی ڕووسیا هاوكار دەبێت بۆ چڕكردنەوەی سەرنجی ڕای گشتی جیهانی، لە نێویاندا ڕای گشتی لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەسەر بارودۆخی نالەباری فەلەستینییەكان و قبووڵنەكردنی ئەو دەوڵەتانەی كە پێیان وایە ڕێساكانی جەنگ، یان ژیانی مەدەنییەكان ئەوەندە بایەخ و بەهایان نییە كە ببنە هۆی ڕێگریكردن لە كەوتنەوەی كۆمەڵكوژی وەك دەرئەنجامێكی لاوەكیی شەڕەكان. خواستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوروپا بۆ بەرهەڵستیكردنی دەستدرێژكاریی ڕووسی هانیان دەدات بۆ ئەوەی هەڵوێستی توندتریان هەبێت لە ئاست ئیسرائیلدا، كە ئەگەر وانەبووایە ئەوا ئەم هەڵوێستەیان نەدەبوو.
* ئایا ئەو گۆڕانكارییانەی لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونەتە ئاراوە لە ئەنجامی ئەم شەڕەوە چین، بەتایبەتی كە لە ئێستادا ئاشكرایە چیتر ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و ئێران وەك شەڕی سێبەر نەماوەتەوە، پێتان وایە دژومنایەتیی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەرەو كوێ دەچێت؟
- من پێم وایە هێشتا هەڕەشەی هەڵگیرسان و هاتنەئارای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئارادایە، ئەم ئەگەرە پتر بەهێز دەبێت ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا شكست بهێنێت لە هەوڵەكانی بۆ ڕێگریكردن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان، یان ئەگەر سەركەوتوو نەبێت لە هێنانەدی ئاگربەستێك لە كەرتی غەززە كە دەكرێت بۆ لوبنانیش درێژ ببێتەوە. كەواتە ئەگەر حزبوڵڵا بەشێكی گەورەی چەكەكانی دژ بە ئیسرائیل بەكار بهێنێت، ئەوا كاردانەوە و پەرچەكرداری ئیسرائیل هێندە توند دەبێت كە ئێران بە شێوەیەكی پتر ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت بە شێوەیەك كە بەلای كەمەوە ئیسرائیل پێی وایە ئێران هێرش دەكات، كە ئەمەش وا دەكات كە كردەوەیەك لە دژی ئێران بگرێتەبەر.
* ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕۆڵ و دەستڕۆیشتووییەكی گەورەی هەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە چەشنێك كە ناكرێت كێشە و ململانێ و ناكۆكییەكانی ئەم ناوچەیە بە بێ بەشداریی ئەمریكا یەكلا بكرێنەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا دەبوو و دەیتوانی چ شتێكی جیاوازی بكردایە بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە ئاشتی و گەشەكردنێكی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت؟
- من پێم وایە پێویست بوو واشنتۆن زۆر پێش ئێستا لەسەر ئەو بنەمایە كاری بكردایە كە ئیسرائیلی و فەلەستینییەكان- هەروەك چەندین جار سەرۆك جۆ بایدن و وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینكن ئەمەیان ڕاگەیاندووە و دووپات كردووەتەوە- خاوەن مافی یەكسانن لە ڕووی بەهرەمەندبوون لە شكۆ و كەرامەت و دیموكراسی و ئاسایش و گەشەكردنەوە. ڕەنگە ئەمە بەو مانایە بێت كە لە مەودای كورتدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەشنێك سیاسەتەكانی بگۆڕێت كە ئیسرائیل هەست بە باجی كاركردن وەك دەوڵەتێكی لادەر بكات. بەڵام كارێكی لەم چەشنە هەڵگری مەترسییەكی سیاسیی زۆر گەورەیە بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە تایبەتی لە ساڵی هەڵبژاردندا.