ڕۆبی بارێت پسپۆڕ و توێژەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:   ڕێككەوتنەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین كاتیین و سەردەكێشن بۆ ناكۆكیی بەرفراوانتر

ڕۆبی بارێت  پسپۆڕ و توێژەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:     ڕێككەوتنەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین كاتیین و سەردەكێشن بۆ ناكۆكیی بەرفراوانتر

 

 

ڕۆبی بارێت، توێژەرە لە كۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە زانكۆی كامبریج و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی تێكساس بەدەستی هێناوە، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك تیرۆریزم و پرسە ئەمنییەكان، بزووتنەوە سیاسییەكان، سیاسەتی دەرەكیی ناوچەكە و پرسەكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی غەززە لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە و ڕۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە بەگشتی و لە ئاست ئەم شەڕەدا بەتایبەتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* ئاشكرایە كە بە بەردەوامی دۆخی ناسەقامگیری و نادڵنیایی باڵی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، كێشە و تەنگژە چارەسەرنەكراوەكانیش وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو لە كتوپڕێكدا دەتەقنەوە و كارەسات و كاولكاری بە دوای خۆیاندا دەهێنن، زەقترین بەرجەستەبوونی ئەم حاڵەتە شەڕی غەززەیە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە شەڕی غەززەوە، ئەوا دەكرێت بڵێین كە لەم شەڕەدا هیچ لایەنێك براوە و سەركەوتوو نابن، ئەویش بەو واتایەی ئەگەر بزوتنەوەی حەماس دەستڕۆیشتوویی و باڵادەستیی خۆی بەسەر كەرتی غەززەشدا لە دەست بدات، ئەوا هێشتا كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان بەردەوام دەبێت و درێژە دەكێشێت. دوای ئەوەش من پێم وایە بڕیاری حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل لە سۆنگەی پەرۆشی و خەمخۆرییانەوە نەبوو بۆ خەڵك و دانیشتووانی غەززە، بەڵكو ئامانجی ئەوان بریتی بوو لە ئەنجامدانی مانۆڕێكی سیاسی بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەری لە بەرانبەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا بەدەست بهێنن.

* ڕوونە كە كێشە و ململانێكانی ئەم ناوچەیە ئاڵۆزن و ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتییان هەیە، كە ئەمە بەسەر شەڕی غەززەشدا جێبەجێ دەبێت، واتە ئەم شەڕە تەنیا لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا قەتیس نەبووە، بەڵكو وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییش ڕوڵیان هەیە و كاریگەرییان هەیە لەسەر بڕیارەكانی شەڕ و ئاشتی، ئێوە چۆن ئەم پرسە لێك دەدەنەوە؟

- ئەگەر ئێمە لەم ڕووەوە لە ڕۆڵی وڵاتێكی هەرێمیی وەك ئێران بڕوانین، ئەوا من پێم وایە ئێران پشتیوانی موقاوەمەی چەكداری دەكات، بەلای كەمەوە لە ڕووی تیۆرییەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەری ئاشتبوونەوە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و لێك نزیكبوونەوەی دیپلۆماتی لە نێوان دەوڵەتانی كەنداو و ئیسرائیلدا هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بوو لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئێران لە كەنداودا.

* باشە ئەگەر بارودۆخەكە بەو شێوەیە بێت كە ئێوە لێكدانەوەی بۆ دەكەن و وەسفی دەكەن، ئایا دەكرێت بڵێین ئێران لەم ئامانجەیدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە و توانیویەتی ڕێگری لەو پەرەسەندنە بكات كە هەوڵی لەباربردنی دەدات، چونكە ئێستا ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و سعودیە لاواز بووە، ئەگەر نەڵێین لەبار چووە؟

- من پێم وانییە ئێران لەم ڕووەوە سەركەوتنی بەدەست هێنابێت، چونكە ئەوەی ڕووی دا و پەرسەندن و پێشهاتەكان بە چەشنێك بوون كە تەنیا بوونە هۆی باسك ئەستوربوونی كەس و لایەنە توندڕەوە و سەختگیرەكانی نێو دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێوە بڕوانن كە لە ئێستادا مشتومڕی نێو سەركردەكانی ئیسرائیل پەیوەست نییە بەوەی ئایا پێویستە حەماس لە نێو غەززەدا تێك بشكێندرێت و لەناو ببردرێت، یان نا، بەڵكو پرسەكە بۆ سەركردەكانی ئیسرائیل ئەوەیە، ئایا دوای تێكشكاندنی حەماس كێ حوكمڕانیی غەززە بكات.

* ئێوە ئاماژەتان بە دۆخی دوای تێكشكاندنی حەماس لە كەرتی غەززەدا كرد، یان وردتر بڵێین، كێ حوكمڕانی بكات دوای لەناوبردنی حەماس، كە ئەمەش پرسێكە پەیوەستە بە ڕێگەچارە و نەخشەڕێگەی دوای شەڕەكە، ئێوە پێتان وایە ڕەهەند و ڕواڵەتەكانی ئەو چارەسەرە چی دەبن كە ڕێگری بكەن لەوەی جارێكی دیكە دۆخەكە بەم شێوەیە نەتەقێتەوە؟

- ئێمە نابێت ئەوە فەرامۆش بكەین، كە ئەم ناكۆكییە لە ساڵی 1936 و ڕاپەڕینی مەزنی فەلەستینییەكان دژی بەریتانیا و كۆچی جوولەكەكانەوە بەردەوامە، واتە لەو كاتەوە جار بە جار ئەم ناكۆكییە هەڵدەكشێت، ئەم دۆخەش بەم شێوەیە دەمێنێتەوە و گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت. ئەوەی پەیوەست بێت بە وەڵامی پرسیارەكەی ئێوەوە، ئەوا پێم وایە دوای هێرشەكانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەوا تەنانەت لە نێو ڕاستڕەو و لیبڕاڵییەكانی ئیسرائیلیشدا پشتیوانیكردن بۆ دەستەبەركردنی دەوڵەتێكی فەلەستینی لە ئارادا نەماوە، واتە هێرشەكانی حەماس بوونەتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی ڕاستڕەوەكانی نێو ئیسرائیل، واتە هەر ڕێككەوتنێك بكرێت كاتی دەبێت و ناكۆكییە بەرفراوانەكە بەردەوام دەبێت.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەگەر ئۆباڵی بەشێك لە كێشە و تەنگژەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەستۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێت، ئەوا ناكرێت كێشە و ناكۆكییەكانی ئەم ناوچەیەش بە بێ بەشداری و ڕۆڵی ئەمریكا چارەسەر بكرێن، ئایا دەكرێت ئەمریكا چی بكات بۆ ئەوەی هاوكار بێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیەدا؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە یەكلا بكەینەوە كە ئەرك و بەرپرسیارێتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەوەیە كار بكات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی وڵاتەكەی، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگ نییە خواستی ئەمریكا چییە و چۆن لە بەرپرسیارێتییەكانی دەڕوانێت، ئەوا خەڵك و گەلانی ناوچەكە خۆیان بەرپرسیارن لە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانیان، هەرچۆنێك بێت، جگە لە هاوكاریكردن ئەمریكا ڕێگەچارەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نییە.

* ئەی كێشە و گرێكوێرە ڕاستەقینەكە لەم ناوچەیەدا چییە؟

- من پێم وایە كێشە ڕاستەقینەكە ئەوەیە كە ناتوانرێت چارەسەرێكی ڕاستەقینە بەدی بهێنرێت، چونكە هەر گرووپێك لەم ناوچەیەدا وا دەركەوێت كە هاوتەریبە لەگەڵ ئێراندا و، خۆی لە دۆخێكی دژوار و سەختدا دەبینێتەوە لە بەرانبەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە چاوپۆشین لەوەی كێ جڵەوی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە لە ئیدارەی ئەمریكادا، لە تێڕوانینی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ئێران كێشەیە بۆ ناوچەكە و بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، لەم ڕوانگەیەوە ئەمریكا پشتیوانیكردن لە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا كردووەتە پێشینەی كارەكانی، بەتایبەتی ئەگەر تووشی ناكۆكی ببنەوە لەگەڵ ئێراندا.

* كەواتە بۆچی گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان جڵەوی كاروبارەكان ناگرنەدەست و هەوڵ و كۆششی ڕاستەقینە ناخەنەگەڕ بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان؟ بۆچی هێندە ئومێدی ئەوەیان هەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێت و كێشە و ناكۆكییەكانیان بۆ چارەسەر بكات؟

- من پێم وایە پێویستە گەلانی ئەم ناوچەیە بە وردی لەوە بڕوانن كە ئەنجامی دەدەن و هەوڵی ئەوە بدەن كە دەتوانن چی بكەن و چ ڕێگەچارەیەك ڕێی تێ دەچێت بۆ ئەوەی بیگرنەبەر و هەنگاوی بۆ هەڵبگرن، خۆ ئەگەر ئەمە گرێ بدەینەوە بە بارودۆخی ئێستاوە و بەتایبەتی شەڕی غەززەوە، ئەوا من باوەڕم وایە كە ڕووداو و هێرشەكانی 7ی ئۆكتۆبەر بە هیچ شێوەیەك نەبوونە هۆی باشتركردنی بارودۆخی خەڵكی فەلەستین، واتە ڕاستە نائومێدی و تووڕەییەك هەبوو لە ئاست هەلومەرجەكەدا، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە ئەگەری هاتنەئارای دەوڵەتی فەلەستینەوە، ئەوا ئەوەی بزووتنەوەی حەماس و پشتیوانكارەكانی ئێران كردیان وەشاندنی گوزرێك بوو لەم ئەگەرە. هەروەها ئەمە شكستپێهێنان بوو بە دەوڵەتە عەرەبییەكان بۆ پشتیوانیكردن لەو هەوڵانەی دەدران بە ئامانجی باشتركردنی دۆخەكە، ئەگەر نەڵێین بەدیهێنانی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە.

* دوایین پرسیار پەیوەستە بەوەی ئایا شەڕی غەززە هیچ ئاكام و لێكەوتەیەكی دەبێت لەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا؟

- من پێم وایە شەڕی غەززە لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا مایەی پەرتكردنی سەرنجەكانە، لە كاتێكدا پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرنجەكانی لەسەر ڕووسیا و چین چڕ بكاتەوە، جگە لەم مەسەلەیە ئەوا پێم وانییە شەڕی غەززە ڕەنگدانەوە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا هەبێت.

Top