ماهیر محەمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەكەكە بەپێی ویست و داخوازیی داگیركەران و دوژمنانی كورد دەجووڵێتەوە

ماهیر محەمەد  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەكەكە بەپێی ویست و داخوازیی داگیركەران و دوژمنانی كورد دەجووڵێتەوە

 

 

كێشە و گرفتی پەكەكە هەر لەوەدا نییە كە قەندیل و چەند ناوچەیەكیان لە هەرێمی كوردستان داگیر كردووە و ڕێگرن لەوەی خەڵكەكەی بچنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانی خۆیان، بەڵكو لە ئێستادا دژی هەموو لایەنێكی سیاسی و كەسایەتییەكن كە هەڵگری بیری نەتەوەیی بێت. ئەوان بەپێی ویست و داخوازیی نەیاران و دوژمنانی كورد هەڵسوكەوت دەكەن، ئەوەتا زیاتر لە دوو ساڵە بە شێوەی گرووپ گرووپ بەتایبەتی لە دەڤەری ڕانیە و سلێمانی و گەرمیان دەردەكەون و كاری تێكدەرانە و دوور لە بیر و هەستی نەتەوەیی ئەنجام دەدەن. بۆ زیاتر تاوتوێكردنی ئەو پرسانە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەندامی پێشووی پەكەكە ماهیر محەمەد سازدا.

 

* چەكدارانی پەكەكە بۆچی پەلاماری هەرێمی كوردستانیان داوە، بۆ ناچن لە چیا و گۆڕەپانی باكووری كوردستان خەبات بكەن؟ خۆت شارەزایی زۆرت لە سەریان هەیە، ئایا ئەمە كوردایەتی و بیری نەتەوەییە، یان دژایەتیی گەلی كوردستان دەكەن؟

-  وەكو مێژوو بۆمانی تۆمار كردووە، هەموو سەردەم و كاتێك پاش پارچە پارچەكردنی كوردستان و داگیركردنی هەر پارچەیەك لەلایەن وڵات و نەتەوەیەكی دیكەوە، وەكو ڕژێمەكانی عەرەب و تورك و فارس، هەر پارت و لایەن و حزبێكی نەتەوەیی و كوردستانی لەهەر پارچەیەكی كوردستان دروست بووە، بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی ئەو بەشە شۆڕشی ڕزگاریخوازی خۆی كردووە، هەر وەك مێژووش سەلماندوویەتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سەردەمەی لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی دەستی بە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی بۆ كوردستان كردووە تا ساڵی 1991 و ئێستاكەش بە سەرۆكایەتیی جەنابی مسعود بارزانی لە باشووری كوردستان هەوڵ درا، سیستەمی دیموكراتی و ئازادیی تەواو دروست بێت. بەرهەمی خەبات و شۆڕشی ئەم پارچەیەی كوردستان، لەدایكبوونی پەرلەمان و حكومەت و دەزگا تەشریعییەكان و دامەزراوە ئیداری و ئابوورییەكەیەتی، خۆ پێش ساڵی 1991 بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لەم بەشەی باشووری كوردستان كاتێك پەنایان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان بردووە، هەرگیز نەبووەنەتە هۆكاری كێشە و سەرئێشە بۆ كوردەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، بە پێچەوانەی پەكەكەوە لەو ڕۆژەی هاتوونەتە باشوری كوردستان بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دوایی بوونەتە هۆكاری كێشە و گرفت و نانەوەی پشێوی و هێرشی چەكداری، پەكەكە لەبری ئەوەی لە باكووری كوردستان كار بكەن، هاتوونە چیای قەندیل و چەند شوێنێكیان لە باشوری كوردستان داگیر كردووە، بەم هۆیەوە سوپا و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیایان پەلكێش كردووە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، هەر بەم هۆیەوە بە بۆنەی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زیاتر لە (600) گوندی ئەو سنوورەی باشووری كوردستان چۆڵیان كردووە. خۆ ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، دەبینین پەكەكە بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر، پڕۆپاگەندەی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و ڕزگاری و سەربەخۆی كوردستانیان دەكرد، بەڵام پاش ماوەیەكی زۆر كورت واتە كەمتر لە ساڵێك ئەوە پەكەكە هیچ پەیوەندییەكیان بە نەتەوە و نیشتمان و خاكی كوردستان نەما، بەڵكو گرووپ و جۆرە چەكدارێكن بۆ دوژمنایەتی كوردستان بە پشتگیری وڵاتانی هەرێمایەتی و داگیركەرانی كوردستان دروست كراون. هاوكات ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە چەكدارانی خۆیان زیاتر بە گرووپ گرووپ لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و چەمچەماڵ بڵاوە پێ كردووە و هەر گرووپێك سەر بە سەركردەیەكی سەرلێشێوای پەكەكەن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و سەركردەكانیان بەتایبەتی بۆ دەستكەوتنی پارە دەجووڵێنەوە و بوونەتە هۆكاری سەرئێشە و تێكدانی بارودۆخی سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

* جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر هەوڵی دا و هەنگاوی باشیشی نا بۆ ئەوەی بە ڕێگەی ئاشتی كیشەی كورد لە باكووری كوردستان چارەسەر بكات، كەچی پەكەكە ئەو پڕۆسە مۆدێرن و سەردەمییانەی لەناو برد. چۆن لەگەڵ پەكەكە مامەڵە بكرێت، كە لە زمانی ئاشتی و دیالۆگ تێناگەن؟

- ئێمە ئەندامانی پێشووی پەكەكە كە لەسەر بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ ڕزگاریی كوردستان شەرەفی ئەوەمان پێ بڕا، بە خوێنی خۆمان بەرگری لە كوردستان بكەین، بەڵام پاش ئەوەی بۆمان ئاشكرا بوو، كە پەكەكە ئەوە نییە كە كورد پشتی پێ ببەستێت، بۆیە هاتینە ژێر ئاڵای شەكاوە و بەرز و هەرێمی خاوەن یاسا و پڕ لە ئازادی كە هەرێمی كوردستانە. بەداخەوە لەلای پەكەكە لە پەیڕەو و پڕۆگرام و بەرنامەكەیاندا وشەی ئاشتی بوونی نییە، لەو كاتەی جەنابی سەرۆك بارزانی هەوڵی دا، پڕۆسەی ئاشتیی لە نێوان پەكەكە و توركیا بگەیەنێتە ئەو شوێنەی كە كورد و باكووری كوردستان بچێتە قۆناغێكی ئاشتی و دوور لە شەڕ و لەناوچوونی خەڵكی سڤیل و مافەكانی خۆیان بەدەست بهێنن، بەڵام پەكەكە لەپێناو لەباربردنی ئەم دەستكەوتە دژی وەستانەوە و پڕۆسەكەیان لەبار برد، چونكە لە كار و پڕۆسەی ئاشتیدا بەرژەوەندیی ئەوان لەبار دەچێت، بۆ لەباربردنی پڕۆسەكەش شەڕی خەندەقی دۆڕاویان كرد و شەڕی لەناوچوونی گەلی كوردی باكووریان هەڵگیرساند. هاوكات كە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی شەڕی كورد و كورد نابێت بكرێت و حەرامە، ئەوە چەكدارنی پەكەكە چوونە ئەو چوارچێوەیەی كە خۆیان هەیانە كە ئەویش خۆ بە گەورە زانینە و فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانییان بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی كێشە و گرفتی زیاتر بۆ باشوور و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست بكەن.

* بۆچی چەكدارانی پەكەكە لەبری دۆستی ئەو لایەنانە بن كە خەبات بۆ كوردستان دەكەن، كەچی دەبینین دۆستی هەموو دوژمن و داگیركەرانی كوردستانن؟

- چەكدارانی پەكەكە بەردەوام لە هەوڵی نانەوەی كێشە و گرفتن بۆ گەلی كورد و كوردستان، هەموو كات و سەردەمێك لە دوژمن و داگیركەرانی كوردستان نزیك بوون، هەر بۆ نموونە ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ناسەقامگیرییەی لە شنگال هەیە، بۆ چەكدارانی پەكەكە دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە ڕفاندن و هەڵخەڵەتاندنی كچ و كوڕانی خوار تەمەن 18 ساڵان و چەكداركردنیان، چەكدارانی پەكەكە لەژێر ڕكێفی ئێران و حەشدی شەعبیدان و هەر لەوانیش هاوكاری و خەرجی و پارە وەردەگرن، تاوەكو زیاتر ببنە كێشە و گرفت بۆ شنگال. بە تەئكید هەر شوێن و دەڤەرێك ئەو چەكدارانەی پەكەكەی تێدا بێت، ناسەقامگیری و كێشە و گرفتی زۆری دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و كار و كاسبی و دۆخی ئەمنییەوە. 

پەكەكە كاتێك خۆی ناساند و بووە هێزێكی چەكداری لە كوردستانی باكوور، ئەو دەمە شۆڤێنیەتی تورك لەو پەڕی توندوتیژیدا بوو، لەو سەردەمەدا پەكەكە بە ناوی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە خەڵكانێكی فریو دا، بەڵام هەر زوو ڕووی ڕاستەقینەی پەكەكە دەركەوت، بەوەی بەرنامەیەكی كۆمۆنیستییە و دژی هەموو حزب و لایەنە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی دیكەشە و دژی سەربەخۆیی كوردستانە، هەر بۆیە لایەنگران و ئەندامانی ڕووی لە كەمی كرد و خەڵكی لێی دوور كەوتنەوە. دوژمنایەتی پەكەكە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەزموونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم دژایەتییەی كورد و كوردایەتی و ڕەتكردنەوەی هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەكە دەگەڕێتەوە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی داوە و بە پارێزەری ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دادەنرێت و پارێزەری دامەزراوە و سەرۆكایەتی و پەرلەمانییە، بەمەش پەكەكە و تاقمەكەی قەندیل ئەوەندەی دیكە دژی هەرێمی كوردستان و پارتی ڕاوەستاونەتەوە، هەموو هەوڵ و پیلانێكیان بۆ تێكدانی بارودۆخی ئەو هەرێمە ئازاد و سەربەخۆیە بووە، خۆ ئەگەر بۆیان بگونجێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، لە هەر جێگا و شوێنێكی هەرێمی كوردستان بێت، كاری تەقینەوە و تیرۆریستی بە فەرمانڕەوایی گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجام دەدەن.

* چۆن هێزێكی كوردی بووەتە داردەستی ئەو گرووپە نایاساییانەی بەدەرن لە حەشدی شەعبی و دژایەتیی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵییەت دەكەن؟

- پەكەكە بووەتە چەند گرووپێكی چەكداری بەكرێگیراو بۆ ئەو لایەن وڵاتانەی كە داگیركەر و دوژمنی كوردستانن، جگە لە هاوپەیمانی و داردەستییان بۆ حەشدی شەعبی لە عێراق، زیاتر كار بۆ ئەو میلیشیایانە دەكەن، كە سەر بە ئێرانن، هەروەها چەندین ساڵە دەتوانم بڵێم لەوەتەی پەكەكە دامەزراوە، پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ ڕژێمی سووریا هەیە لە دژی هەموو لایەن و حزبێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و كوردستانی، هەر بۆ نموونە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو پەلاماری بارەگای ئەنەكەسەیان دا و ئاڵای كوردستانیان سووتاند، هاوكات داردەستی ئێران و سوپای پاسدارانن، بۆ هەر داواكارییەك كە لێیان بكرێت، بۆ نموونە لە 16ی ئۆكتۆبەر لەگەڵ دوژمن پەلاماری شاری كەركووكی كوردستانیان دا.

* زۆر باس لەوە دەكرێت كە چەند سەركردەیەكی پەكەكە لە دەزگا هەواڵگرییەكانی توركیاوە نزیكن و كار بۆ جێبەجێكردنی ئەجندەكانی ئەوان دەكەن لە ناوچەكەدا، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

- مستەفا قەرەسوو كە ئەندامێكی سەركردایەتیی پەكەكەیە دەڵێت: «پێویستە هەمووان بزانن كە نییەتی پەكەكە پارچەكردن و دابەشكردنی توركیا نییە»، هاوكات دووران كالكان لە وتاردانێك بۆ كۆمەڵێك كادیر و چەكدارانی پەكەكە وتوویەتی «لە ڕاستیدا ئێمە بزووتنەوەیەك نین كە بمانەوێت دەوڵەتی تورك هەڵبوەشێنینەوە و، ئەڕتەشەكەی لەناو ببەین و دەوڵەتێكی دیكە بنیاد بنێین و لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ ئەڕتەش شەڕ بكەین، ئێمە ئەوە نین». لە هەموو ئەوانە گرنگتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتوویەتی «من خۆم لە هەموو توركێك زیاتر بە تورك دەزانم، من هەمیشە ئەمەم گوتووە»، هەروەها سەركردەكانی پەكەكە دەربارەی ڕژێمی سووریا دەڵێن، لەوانە باهۆز ئەردال دەڵێت: «ئەگەر یەپەگە و سیاسەتی بەڕێوەبردنی خۆسەر نەبووایە، ڕژێمی سوریا دەمێك بوو لە مەیداندا نەمابوو»، هەروەها جەمیل بایك  دەڵێت: «كوردەكان هەتا ئێستا ڕژێمی سووریایان پاراستووە و لەسەر پێ ڕایان گرتووە». ئاڵدار خەلیل لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان وتوویەتی «ئێمە جگە لە ناوی سووریا هیچ ناوێكی دیكەمان لەسەر ئەو خاكە دانەناوە، بەڵكو ئەم خاكە بەشێكە لە سووریا»، هەروەها پەكەكە پێشتریش پێش ساڵی 1991 و دواتریش هەڵویستیان پشتگیریی لە سەدام حسێن بووە، بەتایبەتی لە دژی ئەمریكا، لە ساڵی 1991 لە ئەوروپاوە لە خۆپیشاندان لایەنگریی خۆیان بۆ سەدام لە دژی ئەمریكا دەربڕی و لە ساڵی 2003 ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی سەدامیان ڕەت كردەوە و لە ئەوروپاش ڕێپێوانیان بۆ پشتگیریی سەدام ئەنجام دا. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات ئەو كات هاریكار و داردەستی سەدام بوون و ئێستاكەش لایەنگری میلیشیاكانی حەشدی شەعبین، ئەو جۆرە وتە و ڕەفتارانە زۆرن بیخەینە ڕوو، بەتایبەتی هی سەركردەو ڕابەركانیان، چەكدارانی پەكەكە بەتایبەتی لەو كاتەی پەلاماری باشووری كوردستانیان داوە، گورگی دڕندەن لە پیستی مەڕدان.  

 

Top