هـــەمــــوو قـــوتـــابــیـــەك خـــەونــێــــكـــی هـــەیــــە
(زیبح ریجلار) نوسەر و وتاربێژی ئەمریكی دەڵێ" خەون بریتییە لە یەكەم ڕێگای دەستكەوتەكان".
بێگومان بۆ ئەنجامدان و سەركەوتنی هەر كارێك گەربمانەوێ بەرهەم و دەستكەوتی هەبێت، پێویستە خەون و ئاواتمان بێت و پلانی پێویستی بۆ دابڕێژین و هەوڵی بەردەوامی بۆ بدەین و سوور بین لە سەر هەوڵەكانمان و دەستبەرداری خەونەكان نەبین، بێگومان پڕ دەستكەوتوو بەرهەم دەبیت. لە بیرمان نەچێت ئەو كەسانەی كە ئەنجامیان دەبێ و سەركەوتوو دەبن گەركارەكانیان خۆش بوێ و لە دڵەوە هەوڵی كاركردنی بێ وچان بدەن و ئەو كات دەتوانن بە پێی پلان و دیدگا داهێنان ئەنجام بدەن، هەمیشە خەونەكانیان بهێنێتە دی، چونكە كەسانی خاوەن خەون و ئاوات دەتوانن بگەنە ئامانجەكانیان و سەركەوتن بەدەست بهێنن، هەموو كات خەون كلیلی سەركەوتنەكانە.
مامۆستایەك دەگێڕێتەوە دەڵێ" گواسترامەوە بۆ قوتابخانەیەكی بنەڕەتی، بەرێوەبەر پۆڵی سێیەمی بنەڕەتی دا پێم و بانگی ژوورەكەی كردم و پێی گوتم پێویستە لەگەڵت ڕاشكاوبم لە پۆڵی سێ (سێ هۆبەمان) هەیە ئەم ساڵ، لەگەڵ مامۆستایان بڕیارماندا دوو هۆبە باشترین و زیرەكترین قوتابییەكان بگرنە خۆ، وە هۆبەی سێیەم كە دەدەینە تۆ هەموو قوتابیەكانی بێزار و ئاستیان زۆر لاوازە و كەمتەرخەمن، ئەگەر توانیت دوو ئاستی قوتابی لەم قوتابیانە دەربچن ئەوا هیچ لۆمە و گلەیت لێ ناكەین، چونكە خانەوادەكانیشیان دەزانن منداڵەكانیان ئاستیان زۆر لاوازە و فێر نابن. مامۆستا دەڵێ چوومە هۆبەكە و یەك یەك لە قوتابیەكانم پرسی حەز دەكەی ببیی بە چی كە گەورەبووی، هەندێكیان گوتیان ئەفسەر و بەشێكی دیكەیان گوتیان مامۆستا و هەندێكی دیكە گوتیان پزیشك و ئەندازیار و تا دوایی... دەڵێ دڵم زۆر خۆشبوو لە دڵەوە گوتم سوپاس بۆ خوا خەونەكانیان نەمردیە تا ئێستا خەونیان هەیە. ڕۆژی دواتر شێوەی دانیشتنی قوتابیەكانم ڕێكخست بە پێی خەونەكانیان ئەفسەرەكان لای یەكتر دابنیشن و مامۆستاكان لەلای یەكتر دابنیشن بە هەمان شێوە ئەندازیار وپزیشكەكانیش لای یەكتر دابنیشن، وە بۆ هەر یەكێكیان لە سەر دەفتەر و پەرتووكەكەی نازناو و ناوەكەم نوسی بۆ نموونە ئەفسەر محەمەد و مامۆستا ئەحمەد ئەندازیار ئازاد تا دوایی. دەستم بە كاری خۆم كرد وەكو مامۆستا ئەركی ماڵەوەم دا و هەستم كرد هەیە ناخوێنێ و ئەرك شیكار ناكات و تەوەزەلی و كەمتەرخەمی دەكات، لێرەوە سزا دەستی پێكرد سزادانی من لێدان و هەڕەشە نەبوو بریتی بوو لە لێ سەندنەوەی نازناوەكە لە سزادراوەكان واتە خەونەكانیان لێ وەردەگرمەوە و لە شوێنی تایبەت دایاندەنێم ناوم لێ نابوو(شەقام). ئەوەش ئەوانی بێزار دەكرد و زیاتر هەوڵیان دەدا و خۆیان ماندوو دەكرد و بگەرێنەوە شوێنی دانیشتنی پێشوویان و نازناوەكە وەربگرنەوە كە خەونی ئەوانە، بەم جۆرە ئاستیات بەرز بووەوە و ئەركیان جێ بەجێ دەكرد و دەیانخوێند بە هەوڵدان و كۆششی زۆر و كێبڕكێ توند لە نێوانیان دروست بوو، وە منیش بەردەوام هانم دەدان و جارجار دیاریم بۆیان دەكڕی هەریەكە لە بواری خەونەكەیان دوای كۆتایی هاتنی وەرزی یەكەم هەموو قوتابیەكانی هۆبەكەم پۆڵیان خۆش دەویست و خوێندن و قوتابخانەیان خۆشدەویست بۆ كۆتایی ساڵ تاك و تەرا نەبوو قوتابیەك لە شوێنی شەقام دابنیشێت بە سەر هەردوو هۆبەكەی تر سەركەوتووین بە جیاوازی زۆر. ئەوە بوو بەرێوەبەر و هاوڕێیەكانم مامۆستاكان لێیان پرسیم توخوا پێمان بڵێ ئەو ڕێگای وانە گوتنەوەیە چی بوو توانی هەموو قوتابیەكان بگۆڕێ و ئاستیان بەرز بكاتەوە بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراوو ئەفسانەیی پێیانم گوت" ڕێگای وانەگوتنەوەكەم هەمان شێوازی ئێوەیە تەنها من وام كرد هەموو قوتابیەك خەونێكی هەبێت و بەرگری لە خەونەكەی بكات.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی