سەربەست ئامێدی سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ گوڵان:   لابردن و دەستكاریكردنی كۆتای پێكهاتەكان گەورەترین ئاستەنگی بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان درووست كردووە

سەربەست ئامێدی  سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ گوڵان:     لابردن و دەستكاریكردنی كۆتای پێكهاتەكان گەورەترین ئاستەنگی بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان درووست كردووە

 

 

بۆ ئەوەی بزانین دەستتێوەردانی دەرەكی و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق تا چەند كاریگەرییان لەسەر دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە، هەروەها ئایا دەستی دەرەكی لە ناو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەیە و گەڕانەوەی پێنج كورسی كۆتاكان بەپێی پێویست و دادپەروەریی دابەش كراوە و، تا چەند گرنگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵ بدات گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكات، بۆ دانانی وادەی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی پڕۆسەكە. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەربەست ئامێدی سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و سەرۆكی ڕێكخراوی ستێپ بۆ دیموكراسی و هەڵبژاردن و سەرۆكی تۆڕی چاڤ بۆ چاودێریی دیموكراسی و مافی مرۆڤ ئەنجام دا.

 

* وەكو سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئایا تا چەند پێت وایە ئەم دەستتێوەردان و بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق زیانی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان گەیاندووە و بووەتە هۆی دواكەوتنی وادەی هەڵبژاردنەكان؟

- بەڕاستی ئەو تانەیەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان درا، ئەوە زۆر دواكەوت تا دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لێدا، ئەمەش وای كرد، هەڵبژاردنی پەرلەمان تا وادەیەكی زۆر دوا بكەوێت. جۆری بڕیارەكەش بە شێوەیەك بوو كە ئێستاكەش كێشەی بەدواوەیە، چونكە ئەو یانزە كورسییەی كۆتاكان كە لایان دا، لە هەقیقەتدا كێشەی دروست كردووە. ئەگەرچی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، پێنج كورسی گەڕاندووەتەوە، ئەمەش لەلایەكی دیكەوە كێشمەكێش و گرفتی دروست كردووە، لەسەر ئەو دابەشكردنە جوگرافیایەی كە كراوە لە سێ پارێزگای (هەولێر و سلێمانی و دهۆك)، ئایا ئەمە لەسەر بنەمای نەتەوەییە، یان دینییە؟ دیسان ئەمە بابەتێكە بەو شێوەیە نادادپەروەریی تێدایە، چونكە چ توركمان و چ كریستیانەكان ژمارەیان دیارە لە چ شار و ناوچەیەك زۆرترن، بۆ نموونە كریستیانێكی زۆر لە دهۆك هەن، كەچی یەك كورسییان بۆ دانراوە، بەڵام بەگشتی ئەو بڕیارەی دەستەی دادوەری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بڕیارێكی باشە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت.

بەگشتی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی وای كرد، هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێك دوا بكەوێت، ئەمە وێڕای ئەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەگەڵ زۆر خاڵی دەستووری عێراق ناگونجێت، چونكە وەكو دەوڵەتێكی فیدڕاڵی پێویستە هەموو بڕیار و كارەكان بەپێی دەستوور بێت، ئەمەش بە ئاشكرا لە ماددەی (93)دا دەستنیشان كراوە . 

* ئایا تا چەند فشاری سیاسی و دەستتێوەردانی دەرەكی لەم بڕیارانەی دادگا و تەنانەت لەناو خودی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەیە؟

- بە بۆچوونی من، دەبێت دەستەی كۆمیسیۆن بە هیچ شێوەیەك بە ئاراستەی سیاسیی هیچ لایەن و كەسێك پابەند نەبێت. هەر كارێكی سیاسی، كاریگەریی لەسەر تایبەتمەندی و كارەكانی كۆمیسیۆن دروست دەكات و خراپە، لەلایەكی دیكە بە هیچ جۆرێك كاری دادگای فیدڕاڵی، یان هەر دادگا و دادوەرێك ئەوە نییە لە بری پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدەن. دیارە دەستتێوەردانی دەرەكی لە كاروباری كۆمیسیۆن نییە، بەڵام بۆی هەیە، كاریگەریی لابەلا و سیاسی لەسەر دادگای فیدڕاڵی هەبێت، یان بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەریی كۆمیسیۆن باش و بەپێی پێویست نەبن، چونكە كاری كۆمیسیۆن جێبەجێكردنی هەر بڕیار و ڕێنماییەكە لەهەر شوێنێكی پەیوەندیدار لە دەستەی دادوەریی كۆمیسیۆن، یان دادگایەكی دیكە دەربچێت، كە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن هەبێت، كاری كۆمیسیۆنیش تەنیا جێبەجێكردنە. هەروەها باوەڕ ناكەم كاریگەریی دەرەكی، یان ناوخۆیی لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەبێت. هەروەها من گلەییم لەودایە كە بۆچی كۆمیسیۆن بۆ هەموو میدیا و ڕاگەیاندنەكان ڕوونی ناكاتەوە و بە ئاشكرا بڵێت، ئەو بڕیارە یان ئەو یاسایەی لە فڵان شوێن دەرچووە، گونجاو و باش نییە و كاری ئێمەش تەنیا جێبەجێكردنەوە و بەس، تاوەكو هەموو خەڵك بزانێت هەڵە و كەموكوڕییەكان لە كوێوەیە و كۆمیسیۆن پەیوەندی بەو بڕیار و كارانەوە نییە. 

* گرنگترینی ئەو ئالنگاری و كێشانە چین كەوا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە؟

- هەندێك جار ئەو كێشە و ئالنگارییانەی كە دێتە پێشی كۆمیسیۆن، لە ئەنجامی یاسا و بڕیارەكانە، بۆیە پێویستە ئەو ماددە و دەق و یاسایانەی دەردەچن، گفتوگۆ و هاریكاری و دانیشتن دەربارەیان لەگەڵ كۆمیسیۆن بكرێت، چونكە كۆمیسیۆن تایبەتمەندە بە هەڵبژاردن و كارەكانی چ تەكنیكی بێت، چ یاسایی و ئەنجامدانی بێت، لەلایەكی دیكەوە ئالنگاریی دارایی هەیە، ئەگەر حكومەت بودجە بۆ هەڵبژاردنێك تەرخان نەكات، واتە ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت، هەروەها خاڵێكی دیكەش كێشە و گرفت دروست دەكات بۆ كۆمیسیۆن، ئەویش ئەوەیە كە ماوەی كاركردنی كۆمیسیۆن لە یاساكە كرا بە چوار ساڵ، ئەگەرچی باشترە شەش ساڵ بێت، یان ماوەی كۆمیسیۆن لە پێنج ساڵ كەمتر نەبێت، چونكە لە كاتێك كۆمیسیۆن ماوەی پێنج ساڵ بووایە، پێویستی بەوە نەدەكرد، یاسای كۆمیسیۆن هەموار بكەنەوە. ئالنگارییەكی دیكە میدیایە، چونكە زۆربەی میدیا و كەناڵەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق حزبین ئەو میدیا و ڕاگەیاندكارانەش لەڕووی حزبییەوە سەیری كارەكانی كۆمیسیۆن دەكەن، كە زۆر جار هەواڵی ناڕاست و دوور لە واقیعەكە بە خەڵك دەگەیەنن، ئەمەش كاریگەریی زۆر نەرێنی و خراپ دروست دەكات، هەر ئەم هۆكارەشە وای كردووە، ساڵ لە دوای ساڵ و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان كەمتر ببێتەوە، چونكە خەڵك باوەڕی بە حزب و لایەنە سیاسییەكان نەماوە، یان كەمی كردووە.

* پێكهاتەكانی كوردستان ناڕازین و نیگەرانن لەسەر دوا بڕیاری (ژمارە و دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان) و پەرشوبڵاوكردنەوەی دەنگەكانیان بە سەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا و تێبینی و سەرنجی خۆیان هەیە. ئایا ئەمە تاچەند كێشە دروست دەكات، بەتایبەتی كە پێكهاتەكان بەشێكی ڕەسەنن لە گەلی كوردستان؟

- بێگومان ئەو بڕیارەی گەڕانەوەی پێنج كورسییەكەی كۆتاكان كێشە و بێنەوبردەیەكی زۆری دروست كردووە، بەتایبەتی لە ڕووی دابەشكردنەكەیدا كە دادپەروەری تێدا نییە، بەڵام ئەوەی لێرە گرنگە ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان زۆر دوا كەوتووە، بۆیە پێویستە و نابێت جارێكی دیكە دوا بكەوێت، لەبەر ئەوەی كاریگەریی زۆر خراپ و مەترسیدار لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات، هەر چەندە ئەو گەڕانەوەی پێنج كورسیی كۆتایە كێشە و گرفتی زۆری هەیە، بەڵام پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆك بن و لەگەڵ ئەوە بن كە هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، سەرەڕای ئەمەش پێكهاتەكان بۆیان هەیە و دەتوانن تانە لەو بڕیارەی دەستەی دادوەریی كۆمیسیۆن بدەن. لەلایەكی دیكەوە بە بۆچوونی من دەبێت و پێویستە پێكهاتەكان لە هەڵبژارنەكەدا بە یەك بازنە بەشداری بكەن، بۆ ئەوەی دەنگیان بزر و پەرشوبڵاو نەبێت، وەكو ئەوەی لە عێراق پەیڕەو دەكرێت. لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە كە پێویستە لەو كاتەی ئەمجارە كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكرێت كە 5/9 یان كۆتای مانگی(9)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، بۆ هەرێمی كوردستان دەرئەنجامەكەی زۆر باش دەبێت. 

* كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توانایدا هەیە لەو وادەیەی ئەمساڵ بۆ هەڵبژارنەكان خۆی ئامادە بكات، بەتایبەتی كە خەرجی و خۆئامادەكردنی پێویستە، بەتایبەتی كە خۆت لە ساڵی 2023 پێشبینیی ئەوەت كرد كە لەو ساڵەدا هەڵبژاردن ناكرێت؟

- ئەو كات ساڵی 2023 زۆر ئاشكرا بوو كە كێشەكان بە جۆرێك بوون كە نەدەتوانرا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەر دەرئەنجامەكەش ئەوە بوو كە هەڵبژاردنەكە نەكرا، بەڵام ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت و لایەنەكانیش دەبێت هەموو هەوڵ و كارەكانیان بۆ ئەوە بێت، ئەو وادەی دیاری دەكرێت لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە، ئەمجارە پڕۆسەی هەڵبژارنەكەی تێدا ئەنجام بدەن و، هەرێمی كوردستان پەرلەمانەكەی دەست بە كارەكانی خۆی بكاتەوە، بەتایبەتی لە ڕووی دانانی چەندین یاسای پێویست كە تاوەكو ئێستا وەكو پڕۆژە ماون و پێویستن بۆ ئیدارەدانی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە كۆمیسیۆن لە ماوەی ڕابردوو كارێكی زۆر و خۆئامادەكردنێكی باشی ئەنجام داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش بودجە تەرخان كراوە و ئەو ماوەیەی كە ماویشە و نزیكەی چوار مانگە بۆ كارەكانی كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەكە بەڕای من بەسە و دەتوانێت هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدات.

* تا چەند هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنی لایەنە سیاسییەكان و كەمكردنەوەی گرژییەكان گرنگن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن؟ ئایا هەماهەنگیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا چەند گرنگە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن؟

- هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم لەم بوارەدا زۆر پێویست و گرنگن و هەوڵیشیان داوە، ئەگەرچی لە پێش ساڵی 2024 دیار بوو كە لایەنێكی كوردستانی نەیدەوێست هەڵبژاردن بكرێت، لە پاشان كە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر لابردنی كورسیی كۆتاكان درا، پارتی دیموكراتی كوردستان نەیدەویست لە هەڵبژاردن بەشداری بكات. هەر كاتێكیش لایەنێكی وەكو یەكێتی، یان پارتی كە دوو لایەنی دیار و كاریگەرن، لە هەڵبژاردن بەشداری نەكەن، هەڵبژاردنەكە لە ڕووی پراكتیكییەوە ناكرێت. بێگومان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت لەگەڵ لایەنەكان بە گشتی گفتوگۆ بكات، بۆ ئەوەی بتوانن هەموو لایەنەكان لە هەڵبژاردن بەشدار بن و كات و وادەیەك دیاری بكات بۆ هەڵبژاردانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. بە بۆچوونی من هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یان زۆربەیان كۆكن بۆ ئەوەی لە ئەمساڵدا هەڵبژاردنەكە بكرێت.

* وەكو كەسێكی شارەزا لە پرۆسەی هەڵبژارندا، ئایا پێتوایە تا چەند پرۆسەی هەڵبژاردن كێشەكان چارەسەر دەكات، بەتایبەتی ئەگەر ململانێكانی ناو حزبەكانی كوردستان بەم ئاقارە ناسرووشتییەدا بڕوات؟

- بێگومان لە هەر وڵاتێك كێشەی سیاسی هەبێت، ئەوە هەڵبژاردن دەكرێت و هەندێكجار پێویست دەكات هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەنجام بدرێت. بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان هیچ هەڵبژاردنێك لە كاتی خۆی نەكراوە، چونكە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانە وادەكات دەستاودەستكردن لە دەسەڵات و گۆڕانكاری لە دەسەڵات بكرێت، تا ئێستاش لە ژیانی مرۆڤایەتییەوە ڕێگایەك نەدۆزراوەتەوە جگە لە هەڵبژاردن بۆ ئەو كارە، بەڵام ڕێگای دیكەش هەیە، وەك دەسەڵات سەپاندن و دیكتاتۆریەت، ئەمانەش بەڕاستی باش نین و قبووڵكراو نین. هەر بۆیە تاكە ڕێگای چارەسەركردنی كێشەكانی هەر كۆمەڵگە و وڵاتێك هەڵبژاردنە و بۆ هەرێمی كوردستانیش بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی و ئەوانەی لەگەڵ بەغداش هەیە، هەر هەڵبژاردنە و تاكە ڕێگاشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆ و ئەوانەی عێراقیش.

 

Top