فرانسیس فۆكۆیاما لە پەنێڵكدا لە تۆكیۆ:   دۆناڵد ترەمپ تەنیا نەخۆشییەكە نییە، بەڵكو هۆكاری نەخۆشییەكەشە  

فرانسیس فۆكۆیاما  لە پەنێڵكدا لە تۆكیۆ:     دۆناڵد ترەمپ تەنیا نەخۆشییەكە نییە، بەڵكو هۆكاری نەخۆشییەكەشە   

 

فرانسیس فۆكایاما، بیرمەندی ناسراوی جیهانی هەر لە دوای خۆپیشاندانەكانی «وۆڵ ستریت» لە 2008ـەوە، زۆر بە ڕاشكاوی كاری لەسەر «ئایندەی مێژوو»ی سیتمی لیبڕاڵ دیموكراتی كردووە و جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە دامەزراوەكانی دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموكراتی بەرەو «لەبەریەكهەڵوەشانی سیاسی – Political Decay» هەنگاو هەڵدەگرن و، چیتر ناتوانن شكۆی تاك بپارێزن، بۆیە سیستمی دیموكراتی لە سەرانسەری جیهاندا لە پاشەكشەدایە. لەدوای هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپیش لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 لە چەندین كۆڕ و پەنێڵدا ڕای خۆی زۆر بە ڕاشكاوی لەسەر چوار ساڵی داهاتووی ئەمریكا خستووەتە ڕوو، كە لێرەدا ئەم بەشەی بڵاو دەكەینەوە.

 

هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی 5ی تشرینی دووەمی 2024 بۆ دووبارە سەرۆكایەتیكردنی ئەمریكا، كە گەورەترین ڕووداوی ئەو ساڵە بوو، یەكێكە لەو هۆكارانەی كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر ئایندەی لیبڕاڵ دیموكراتی دەبێت.

ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە مەزندە نەكراو بوو، ئەمە بۆ سێهەمین جارە ئەو دەزگایانەی ڕاپرسی بۆ ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەكەن، بە هەڵەدا دەچن. ڕاپرسییەكانی ئەمجارە پێیان وابوو كە ململانێیەكی زۆر توند لە نێوان كامیلا هاریس و دۆناڵد ترەمپ دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە سەركەوتنێكی گەورە و یەكلاكەرەوە بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ و لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردووی مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا سەركەوتنی لەمجۆرە بوونی نەبووە و، ئێستا كۆمارییەكان هەر دوو ئەنجومەنی «كۆنگرێس و سەنات»یان لەبەردەستە، ئەمە بێجگە لەوەی ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی «2017-2021» ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی گۆڕیبوو بۆ كەسانی كۆنێرڤاتیڤ، بۆیە ئێستا دادگای فیدڕاڵیش لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپدایە.

ترەمپ تەنیا سەرۆكە لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات ڕاوەستاوە. دوای ئەوەی لە نۆڤەمبەری 2020 هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی دۆڕاند، ئامادە نەبوو لە 20ی كانوونی دووەمی 2021 بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئاڵووێری دەسەڵات بكات، ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر ترسناكە بۆ ئایندەی سیتمی لیبڕاڵ دیموكراتی كە بناغەكەی دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتە.

لە ماوەی ساڵانی 2020 هەتا 2024، ترەمپ توانی قەناعەت بە 70%ی ئەندامانی پارتی كۆماری بكات، كە جۆزێف بایدن سەرۆكی شەرعیی ئەمریكا نییە لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەكانی 2020ی بە ساختەكاری بردووەتەوە و، لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوو «2020-2024» گۆڕانكاریی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە و زۆر ڕادیكاڵترە لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی لە « 2017-2021»، ئەگەر سەرنج لە لێدوانەكانی ترەمپ بدەین كە هێشتا نەگەیشتووەتە كۆشكی سپی و نەبووەتە سەرۆك هەست بەو توندئاژۆییە دەكەین كە مەبەستێتی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لە كۆشكی سپی جێبەجێیان بكات، هەر بۆ نموونە:

• لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، بانگەشەی بۆ ئەوە دەكرد، بۆ ڕێگرتن لە پەنابەرانی نایاسایی دیوار لە نێوان «ئەمریكا و مەكسیك» دروست دەكات، بەڵام لە ئێستا بانگەشەی ئەوە دەكات، پەنابەرانی نایاسایی دیپۆرت دەكاتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون و ژمارەشیان لە سەرووی 11 ملیۆن پەنابەرە.

• بانگەشە بۆ ئەوە دەكات پێناسەی گومرگی لە ڕێژەی 10% بەرز بكاتەوە بۆ 20%، ئەم بەرزكردنەوەیە تەنیا دژی دەوڵەتە ڕكابەرەكانی وەك «چین» نییە، بەڵكو دەوڵەتە دۆست و هاوپەیمانەكانیشی دەگرێتەوە، وەك كۆریای باشوور و ژاپۆنیش.

• هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی «ناتۆ» زۆر تووڕەیە و پێی وایە دەوڵەتانی ئەندامانی ناتۆ وەك پێویست پابەند نین بەو بودجەی كە پێویستە بۆ ناتۆ تەرخان بكرێت، لەبەرانبەر ئەوەی ناتۆ دەیانپارێزێت.

ئیدارەی ئەمجارەی ترەمپ جیاوازترە لە ئیدارەی خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی، دەستی واڵاترە بۆ ئەوەی ستافی كابینەكەی لەو كەسانە هەڵبژێرێت كە وەلای تەواویان بۆ خودی ترەمپ هەیە، ئەگەر سەرنج لەو ستافە بدەین كە دەستنیشانی كردوون بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا، ئەم خەڵكانە دەبینین:

1- ئەلیزا ستفانیك، كاندید بۆ باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان.

2- ماركۆ ڕۆبیۆ، كاندید بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

3- تولسی جابەرد، بۆ سەرۆكی هەواڵگریی نیشتمانی.

ئەمانە لەگەڵ ئەوەی زۆر دژی سیاسەتی دەرەوە و لیبڕاڵ دیموكراتی ئەمریكان، بەڵام هێشتا لەوانەی دیكە باشترن بۆ نموونە:

- «بیت هیجست»ی پێشكەشكاری كەناڵی «فوكس نیوز»ی كاندید كردبوو بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئەم كاندیدكردنە بووەتە هۆی تووڕەبوونی خەڵكی، لایان سەیرە كەسێكی لەو جۆرە گەورەترین دامەزراوەی مەدەنی و سەربازیی وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكا بەڕێوە بەرێت كە «پێنتاگۆنە».

- «ڕوبەرت Fكەنەدی» كاندید كردووە بۆ پۆستی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری، ئەم كەسە نەك هەر بڕوای بە زانست نییە، بەڵكو دژە زانستە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 بڕوای بە دروستكردنی ڤاكیسن نەبووە و بە تیۆری پیلانگێڕی لە قەڵەمی داوە، ئێستا ئەم كەسە دەبێتە بەرپرسی تەندروستیی هەموو خەڵكی ئەمریكا.

- «مات گیز»ی كاندید كرد بوو، بۆ پۆستی داواكاری گشتی و وەزیری دادی ئەمریكا، ئەم كەسایەتییە هێندە بێ مانا بوو، بووە هۆی بێزاری و تووڕەیی لە ناوەندەكانی هەر دوو حزبی كۆماری و دیموكراتی و دۆناڵد ترەمپ ناچار كرا، لە 22ی نۆڤەمبەری 2024، كاندیدكردنەكەی بكێشێتەوە.

بە كورتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا، ئەم دەرهاویشتە خراپانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت:

1- دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ دەبێتە فاكتەرێكی هاندەر بۆ پاشەكشەی دیموكراتی لە زۆربەی وڵاتانی جێهاندا و دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەركەوتن و گەشەسەندنی حزب و سەركردە پۆپۆلیستییەكان لە تەواوی جیهاندا.

2- سیتمی لیبڕاڵی جیهانی گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا دێت و چیتر وەك ئەو سیستمەی ئێستا نامێنێتەوە.

3- جەمسەرگری لەناوخۆی سیاسەتی ئەمریكا قووڵتر دەكاتەوە، بە شێوەیەكی زۆر پۆپۆلیستانە سواری ئەو شەپۆلە دەنگدەرانە دەبێت، كە دژی دەستەبژێر و دامەزاروەكان هەنگاو هەڵدەگرێت.

4- هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریكا «بێجگە لە ئیسرائیل» نیگەرانن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، لەبەر ئەوەی ترەمپ وا سەیر دەكات، ئەمریكا چیتر پێویستی بە هاوپەیمانەكانی نییە، بۆیە نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمریكای سەردەمی ترەمپ بكەن.

ماوەتەوە بڵێم، دۆناڵد ترەمپ تەنیا «پەتا و نەخۆشییەك» نییە ڕووی كردبێتە سیاسەتی دەوڵەتێكی سۆپەر پاوەری وەك ئەمریكا، بەڵكو لە یەك كاتدا هۆكاری نەخۆشییەكەشە.

 

Top