دكتۆر محەمەد ئیحسان توێژەری سیاسی و ئەكادیمیست بۆ گوڵان : سەرۆك بارزانی مەرجەعی یەكەمی كوردە و جێگەی متمانەو باوەڕی ئەوروپا و ئەمریكا و هەموو دنیایە، چونكە كەسێكی ڕاستگۆ و دادپەروەر و ئاشتیخوازە
گۆڤاری گوڵان لەسەر پرسی دەستبەكاربوونی ترامپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هەروەها پرسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار، دیدارێكی لەگەڵ د.محەمەد ئیحسان توێژەری سیاسی و ئەكادیمیست ساز دا.
* جیهان چاوەڕێی ئەوەیە دوو هەفتەی دیكە دۆناڵد ترامپ جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوەی باسی دەكەن ئەم كەسایەتییە مەزاجییە و پڕۆگرامێكی ئاشكرای نییە، ئایا بەپێی ئەزموونی خۆت، ترامپ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ئاڵۆزەدا دەكات؟
- ترامپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا زۆری نەماوە و لە 20ی ئەم مانگە دەستبەكار دەبێت، من ناڵێم ترامپ مەزاجییە بەپێی ئەو بەدواداچوونەی من بۆم كردووە، بەڵكو تێڕوانینێكی دیكەی هەیە لە چاو سەرۆكەكانی دیكەی ئەمریكا بۆ ئەمریكا بۆ دنیا و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ چارەسەری كێشەكان و كەسێكی ڕیاڵیستە لە سیاسەت، ئەگەرچی پێشان دوو تێگەیشتنی كلاسیكییان هەبوو، بەڵام لە پاشان تێگەیشتنەكان زۆر گۆڕانكاری و پێشكەوتنی بەخۆیەوە دیتووە، كە چەندین مەفاهیمی دیكەی لێ هاتووەتەدی، بۆیە ترامپ كەسێكی كلاسیك ڕیاڵیستە كە خاوەن بیردۆزی واقیعییەتە لە هەڵسوكەوت لە سیاسەتدا و هەر چییەك بكات، دەڵێت چی بۆ من؟ چی بۆ تۆ؟ هەموو كات ئەوە مەبدەئی سەرەكیی ترامپە، ئەوەی گرنگە بۆی ئەوەیە چی قازانجی بۆ وڵاتەكەی هەیە و تا چەند ئەو كارانەی دەكرێت دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئەمریكا، خاڵی دووەم ترامپ بۆچوونێكی دیكەی هەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جاران خاوەنی بیر و هزری لیبڕاڵ وا بیریان دەكردەوە كە دنیا دەكەینە گوندێكی بچووك، بەڵام ترامپ وا بیر ناكاتەوە، بەڵكو دەڵێت من شتێك ناكەم بۆ كەس و بۆ هیچ وڵاتێك بەبێ پارە، یان بەرژەوەندیی ئەمریكای تێدا نەبێت و لە واقیعیەتیش نیو ڕیاڵستە، هەروەها لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ سێ پڕۆژە و پڕۆگرام هەیە كە یەكەمیان پاشەكشەیەكی هەرەسی ئێرانە، دووەمیان سەركەوتنێكی زۆر بەرزی ئیسرائیلە، سێیەم توركیا ڕۆڵی لە ناوچەكە هەیە، ئەگەرچی توركیا خۆی بە پێشكەوتوو و دەستڕۆیشتوو لە ناوچەكەدا دەردەخات، بەڵام ئەوەی توركیا خۆی دەبینێت، بەو شێوەیە نییە، چونكە پڕۆژەكان بەتایبەتی ناپێورێت بەپێوەری سەربازی، بەڵكو هەموو پڕۆژە و بەرنامەكان لەسەر لایەنی سەربازی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ناوبانگی نێودەوڵەتی و هێزێكی میدیایی و...تاد دەپێورێن، لەلایەكی دیكەوە ڕاستە توركیا هێز و دەسەڵاتێكی هەیە، بەڵام ئەمەش بۆ ئەو وڵات و لایەنانەیە كە لەو لاوازترن، واتە بۆ ئێمەی باشووری كوردستان و بۆ پەكەكە و برادەرانی كوردی ڕۆژئاوا بەهێزە، ئەگینا بەرانبەر ئەوروپا و ئەمریكا و ڕووسیا و ئیسرائیل هیچ نییە و لاوازە، لەلای ترامپ و سیاسەتەكەی ئاسایش و پاراستنی ئیسرائیل بە پلەی یەكەمە، لەو چەند ڕۆژەی ماوە كە تا ترامپ دێتە سەر حوكم ئەو بارمتانە ئیسرائیل كە لەلای حەماسە دەبێت بگێڕدرێنەوە و ئازادیان بكەن. شانۆی سیاسیی حەماس لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان بە تەواوی كۆتایی دێت و میحوەری مقاوەمەتیش بە تەواوی كۆتایی هاتووە، لە ڕاستیدا میحوەری مقاوەمە هەر درۆ بوو، چونكە ئێران حەماسی بۆ خۆپاراستنی خۆی بەكار دەهێنا و لە ئەنجامی ئەو درۆیەدا غەززە وێران بوو و جەبهەی تەحریر بە تەواوی لەناو چوو و لوبنان وێران بوو و سووریا كە ئێران بە دەیان ملیار دۆلاری لێ خەرج كرد، ڕووخا. ئەوەی دەمێنێتەوە عێراقە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هاوكێشە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، من ناڵێم نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێت، بەڵام هاوسەنگیی هێز و سیستمی حوكمی وڵاتەكانی ناوچەكە و نیزامە سیاسییەكانی ناوچەكە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، لە لایەكی دیكەوە ئەمریكا بەتایبەتی ترامپ هەوڵ دەدات كە ڕووسیا لە سووریا بكشێتەوە لە بەرانبەردا هاوكاریی دەكات بە جۆرێك لە شەڕی دژی ئۆكرانیا، ئەوەی دەمێنێتەوە شانۆی سیاسیی عێراقە كە بۆ هەر سێ میحوەر و پڕۆژەكانی لە ناوچەكەدا هەیە، چ بۆ توركیا، چ بۆ ئێران، چ بۆ ئیسرائیل میحوەری سەرەكییە، بەڵام ئێران ویستی دەوڵەتی مزدەوەج لە عێراقدا دروست بكات (دەوڵەت لە ناو دەوڵەت)دا لەمەشدا فەشەلیان هێنا، بەڵام ئەوەی لە لوبنان و سووریا كراوە، ئەگەر عێراق ئاگاداری خۆی نەبێت، هەمان شێوەی بەسەر دێت و دەوڵەتەكە لەناو دەچێت، زۆری پێناچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا سەركردە و هەندێ دەموچاو لە عێراق و لە ناو دەوڵەت و حوكمداریدا گۆڕانكارییان بەسەردا دێت. ئەوەی ئێستا لە سووریا دەبینرێت، بەشێكە لە دیمەنەكە و وەكو خۆی نامێنێت، بەڵام ئێستا پێویستە لەگەڵیان تەعامول و پەیوەندی بكەین، چونكە ئەحمەد شەرع بە ڕێگە و پاڵپشتی هەیمەنەی توركی و بە بیری ئیخوان هاتووە، ئەگەرچی ئەو كەس و كۆمەڵە كەسە كە بەناوی تەحریر شام هاتوونەتە سووریا، نە خەڵكی سووریا و نە كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و نە ئەمریكا و نە ئەوروپا قبووڵیان ناكەن و گومان هەیە كە ئیسرائیل ڕۆڵی هەبێت لە هاتنی ئەو جەمەعاتە بۆسەر حوكمی سووریا، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئیسرائیلیش قبووڵیان ناكات كە ئەو جۆرە بیر و هزرانە هاوسنووری بن.
* لە توركیا باس لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد دەكرێت، مەزڵووم عەبدی داوای هاوكاری لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئایا لەم پرۆسە ئاڵۆزەی كوردی سووریا و توركیا، سەرۆك بارزانی دەتوانێت چ ڕۆڵێك بگێڕێت؟
- كێشەی كورد ئەمڕۆ كێشەیەكی نێودەوڵەتییە، سەبارەت بە جەنابی سەرۆك بارزانی بە تێڕوانینی نێودەوڵەتی و هەموو دنیا مەرجەعێكی كوردی ژمارە یەكە، چونكە هەموو دنیا دەزانن كە جەنابی سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكی بەهێزی نێوەدوڵەتیی هەیە و جێگەی باوەڕ و متمانەی وڵاتانی دنیایە، بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا، كەسێكی ڕاستگۆیە و كابرایەكی كوردستان پەروەرە و خاوەن قاعیدەیە و سەنگێكی گەورە و بەڕێزی نێودەوڵەتی هەیە و خەمخۆری گەلی كورد و كوردستانە و، دوژمنەكانی ڕێزی زیاتر دەگرن لە برادەر و دۆستەكانی، سەرۆك بارزانی كەسایەتییەكی دیارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە هەقیقەتدا پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا جەنابی سەرۆك بارزانی پێش هەموو كەسێك دەستی پێكرد، بەڵام پەكەكە تێكی دا، لەلایەكی دیكەوە پێویستە كوردانی ڕۆژئاوا سوود لە ئەزموونی باشووری كوردستان وەربگرن و پلە بە پلە كار بكەن بە شێوەیەكی لەسەرخۆ و هێمنانە و زۆر گەرم نەبن و، كار بكەن بۆ ئەوەی داواكاری و مافی كوردی ڕۆژئاوا لە دەستووردا جێگیر بكەن. لە توركیا پڕۆسەی ئاشتی ئێستا دەستی پێكردووە و ئەمەی ئێستاكە بەشێكی ئەساسیی پڕۆسەكەیە و ئەو پڕۆسەیە بەشێكە لەو ململانێ سیاسییانەی لە نێوان حزبەكانی توركیادا هەیە. چارەسەری كێشەی كورد جگە لەوەی هەق و مافی گەلی كوردە، چارەسەری هەر پارچەیەك لە پارچەكانی كوردستان بە جۆرێكە و جیاوازە، ئەگەر تەماشای بۆچوون و تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بكەین، لەسەر مەلەفی سووریا و عێراق و توركیا لەم سی ساڵەی كۆتاییدا هەر چییەكی گوتووە، ئەوە جێبەجێ بووە. پێویستە ئێمە هاوكار بین بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان و خۆشمان بپارێزین و خۆمان نەكەینە قوربانی، لە پاشان یارمەتیی پارچەكانی دیكەی كوردستان بدەین، بەتایبەتی لە چارەسەری كێشەكان بە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ، ئەو هاوكێشەیەش نەماوە كە كورد لە ڕۆژئاوا غەدری لێ بكرێت. هەروەها چارەسەری كێشەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان هاوكێشەی سەقامگیری و ئاسایش و سەركەوتنی حكومەتەكانە و كێشەی كوردیش لە توركیا، یان لە هەر پارچەیەك تەنیا پەكەكە نییە، دەركەوتووە لە هەموو دنیادا كە هیچ كێشەیەك بە چەكداری چارەسەر نابێت، بەڵكو بە پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ لەسەر بنەمای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری كێشەكان چارەسەر دەبن.
* توركیا ئەندازیاری ئەو گۆڕانكارییانەیە كە ئێستا لە سووریا بەڕێوە دەچن، ئەبو محەمەدی جولانی ئەلقاعیدە و جەبهەی نەسرە، ئێستا بە قات و بۆینباخەوە بووەتە ئەحمەد شەرع و سەرۆكی سووریا، جیهانیش خەریكە مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئێوە چۆن ئەم هاوكێشە سەیرە دەخوێننەوە؟
- ئەمە جاری یەكەم نییە ئەو هاوكێشەیە دووبارە بێتەوە، ئەگەر بێین تەماشای مێژووی خوارووی ئەفریقا بكەین لە سەرەتای سیستمی جیاوازی ڕەگەزپەرستی، ئەوە گەورەترین كەس ماندێلا بوو لە تێڕوانی دنیا بە گشتی و (27)ساڵ لە زیندان بوو، كە ئازاد بوو، بووە گەورەترین تێكۆشەر و بوو بە ڕەمزی ئاشتی و سەقامگیری، ئەگەر سەیری یاسر عەرەفات بكەین كە لە تێڕوانینی ڕۆژئاوادا كەسێكی ئیرهابی بوو كە فڕۆكەی دەڕفاند و لە فڵان شوێن و فڵان شوێن كاری تیرۆیستیی ئەنجام دەدا، لە پاشان ئەویش لە ئۆسلۆ بووە ڕەمزی ئاشتی، ڕێكخراوی (RRA) كە گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئیرلەندی بوو كە كردەوەی تیرۆریستیی لە بەریتانیا و ئەوروپا ئەنجام دەدا، دواجار لەگەڵیان دانیشتن و بوونە پیاوی ئاشتی، ئەحمەد شەرعیش بە هەمان شێوەی ئەوانە وای لێ هات، بەڵام ئەحمەد شەرع پیاوی ئەو قۆناغەیە و لە كاتێكدا ئەگەر بتوانێت خۆی بكاتە پیاوی ئاشتی، كە ئەو بۆچوونەی منیش بە هیچ جۆرێك نایەتەدی، چونكە بیر و هزری ئیسلامی سیاسی قەت گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت، بەڵكو دەگاتە قۆناغێكی شێتیی سیاسی و غرووری دەیگرێت، بەتایبەتی لەلای جەماعاتەكەی خۆی و هیچ كاتێك و هیچ كەسێكی ئیسلامی سیاسی نەیانسەلماندووە كە پیاوی دەوڵەت و حوكمڕانیی باش و ئاشتی بن، هەر وەكو دەبینین كە بیردۆزەیەكی فاشیی وا لە توركیا و میسر هەیە و لە عێراقیش سوننە و شیعە نەیانتوانیوە ببنە پیاوی دەوڵەت و دادپەروەری و سەركەوتوو نەبوون، ئێران و ئەفعانستانیش بە هەمان شێوە. هەروەها بۆ ئەحمەد شەرع دەتوانین نموونەی تالیبان بهێنینەوە كە ئەمریكییەكان لەگەڵیان دانیشتن و گەیشتنە ئەوەی دەسەڵاتیان تەسلیمیان كرد، بەڵام نازانی تا چەند تێیدا سەركەوتوو دەبێت. ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، 100% ڕووداوێكی موخابەراتی بوو كە توركیا ویستی مەترسیی ئیسرائیل لەسەر خۆی دوور بخات و ئیسرائیلیش بە جۆرێكی دیكە كە توانی سەركەوتوو بێت و ناوچەكە بەپێی مەرامی خۆی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی و مەترسی ئەسەدیشی لە سووریا كە ئێران بەكاری دەهێنا لە دژی ئیسرائیل لە ناو برد، لە كۆتایی ڕووداوەكاندا هیچ كەس و هیچ لایەن و وڵاتێك جگە لە ئیسرائیل لە سووریا قازانج ناكەن.
* لە ماوەی تەنیا یەك مانگدا، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی كودەتای بەعسییەكان و گۆڕانكاریی سیاسی لە عێراقدا دەكات، ئایا ئەمە بۆ ترساندنی ناوماڵی شیعەیە، یان شتێك لە ئارادا هەیە؟
- هەر چەندە مالیكی چەندین ساڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە و بە ڕاستگۆیی كاری كردووە، بەتایبەتی لەگەڵ كوردەكان، بەڵام هەوەسی بەعسییەكانی هەیە، ئەگەرچی بەعسی لە هیچ شوێن و ناوچەیەكی عێراق ئێستا نەماون، تەنیا مەگەر بیر و هزریان هەبێت، كە ئەمەش ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەگینا بەعس لە عێراق نەماون و بەعسیش نایەتەوە، ئەمانە دەیانەوێت بەو قسانە كردەوە خراپ و گەندەڵییەكانیان لەبیر بكرێت، بەڵام بەو دەوڵەتە فاشیلە و گەندەڵی و نادادپەروەرییە بێت، سەركەوتوو نابن، بەڵكو پێویستە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنن و وڵاتەكە سەقامگیر بێت، واز لە گەندەڵی و دەوڵەتی مزدەوەج بێنن.
* هەتا ئێستا حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی سوودانی مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ بارودۆخی سووریا كردووە. باس لەوە دەكرێت، عێراق ئاگادار كراوەتەوە ئەگەر گرووپە شیعە وەلائییەكان هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەویش لەلایەن ئیسرائیلەوە گورزی بەردەكەوێت، لە لایەكی دیكەوە ئیسماعیل قائانی لە بەغدایە، ئایا عێراق دەتوانێت لەم بارودۆخەدا بڕیار بدات؟
- عێراق هەوڵ دەدات خۆی بپارێزێت و دوور بێت لەو كێشانەی لە ناوچەكەدا هەیە، بەڵام گورزەكەی پێ دەكەوێت و بە تەئكید دەبێت عێراق چاوەڕوانی ئەوە بێت هەرچی بكات، گورزەكەی پێ دەكەوێت، دەبێت بزانین كە ئیسرائیل مووشەكەكانی ساڵی 1991ی لە بیر نەچووەتەوە، بۆیە لە دەرفەتێك دەگەڕێت كە گورزێكی زۆر كاریگەر و ویرانكار لە عێراق بدات. عێراق بەو دەستە و دەسەڵاتدارییەی لە ئێستادا هەیە، ناتوانێت وەكو خۆی بمێنێت و گورزی سەربازیی ئیسرائیلی بەردەكەوێت.
* ئایا هەرێمی كوردستان لە ناو ئەم هاوكێشەیەدا شوێنی لە كوێدایە و بە ڕای ئێوە پێكهێنانی كابینەی دەیەم بۆ ئەم بارودۆخە تا چەند گرنگە؟
- چەند زووتر كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر تەوافوقی سیاسی پێك بهێنرێت، بەتایبەتی بە هەوڵی پارتی و یەكێتی، ئەوە شتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئیدارەكردنی وڵات و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زۆرتر و باشتر پێشكەش بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت، پێویستە یەكڕیز و یەك هەڵویست حكومەتێكی بەتوانا پێك بهێنرێت بۆ قۆستنەوەی هەموو فرسەت و شانسە باشەكانی بەردەممان و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسییانەی بەرانبەریشمان هەیە.